هۆزان جانێ، قەیرانێک لەنێوان بەرلین و ئەنکەرە

هونەرمەند هۆزان جانێ کە هەڵگری ناسنامەی ئەڵمانییە و لە لایەن رژێمی تورکیاوە دەستگیر کراوە، ئاشکرا بوو کە ئیدارەی بەرلین بۆ ئازادکردنی چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی تورک دیداریان کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

هۆزان جانێ، دانیشتووی شاری کۆڵن-ی ئەڵمانیایە، بۆ پشتگیریکردنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٣ پووشپەڕی ساڵی رابردوودا سەردانی تورکیای کرد، کاتێک بەشداری کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی هەدەپەی کرد لە شاری ئەدرنە، لە ٢٣ی حوزەیران/ ٢ی پووشپەڕ دەستگیر کرا و بەهۆی ئەوەی کە لە فیلمی تێکۆشانی یەپەگە/یەپەژە ی دژی داعش رۆڵی بینیبوو، تاوانبار کرا.

بەو تۆمەتەوە بڕیار زیندانیکردنی ٦ ساڵ و ٣ مانگی بۆ دەرچوو. دیلان ئۆرس، کچی جانێ بۆ سەردانی دایکی لە مانگی رابردوودا سەردانی تورکیای کردبوو، ئەویش دەستگیرکرا و دواتر ئازاد کرا. دوای ئەوە، بڕیاری "قەدەغەبوونی دەرچوون لە وڵات" ی بۆ دەرچوو. بە هەوڵی پەرلەمانتاری پارتی چەپ گۆکای ئاکبولوت، دۆخی ئەو هونەرمەندە کوردە و کچەکە کەوتە رۆژەڤی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا.

(میشێل مونتەفرینگ - Michelle Munteferin) 'راوێژکاری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، بەناوی حکومەتی مێرکل، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاری پارتی چەپی دایەوە دەربارەئ ئازادکردنی هۆزان جانێ و گەڕانەوەی کچەکەی بۆ ئەڵمانیا، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ئەستەنبۆڵ تا ئێستا ٧ جار سەردانی هۆزان جانێی کردووە لە زیندان.

لە وەڵامەکەدا ئاماژە بەوە کرا: "بۆ ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییەی ئەلمانیا، حکومەتی ئەڵمانیا چەندی جار لە دیدارە سیاسییەکاندا ئەو بابەتەیان لەگەڵ لایەنی تورکیدا باس کردووە. حکومەتی فیدراڵ داوای کردووە لەبەر هۆکارە مرۆییەکان هاوڵاتییەکەی ئازاد بکرێت، بەڵام لایەنی تورک رایگەیاند کە سیستمی دادوەرییەکەیان سەربەخۆیە، بۆیە داواکاریی ئێمەیان رەتکردەوە".

بۆ دیلان ئۆرس، کچی هۆزان جانێ راوێژکارەکە باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوام دەبێت کە "قەدەغەی دەرچوون لە وڵات" لەسەری لاببرێت.

ک-ش