هەدەپە: تورکیا ئیدی لە ڕووی سەرچاوەی ئاوەوە وڵاتێکی هەژارە

کۆمسیۆنی ژینگەی هەدەپە ڕایگەیاند، تورکیا ئیدی لە ڕووی سەرچاوەی ئاوەوە وڵاتێکی هەژارە و پێویستە سیاسەتەکانی لەو بارەیەوە بگۆڕێت. کۆمسیۆنەکە داوای کرد پسوڵەکانی ئاو دوابخرێن.

مەنەکشە کزلدەرە و ناجی سۆنمەز هاووتەبێژانی کۆمسیۆنی ژینگەی هەدەپە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، سیاسەتی تورکیا لەبواری ئاودا مەترسیدارە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا، نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٢ی ئازاری وەک ڕۆژی جیهان ئاو ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک سیاسەتەکانی لەبواری ئاودا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، هەر تاکێک لە تورکیا ساڵانە ١٥١٩ مەتر سێجا ئاوی بەردەکەوێت و بۆیە تورکیا بووەتە وڵاتێکی هەژار لە ڕووی ئاوەوە.

کۆمسیۆنی ژینگەی هەدەپە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دۆخەش پیشان دەدات کە پێویستە تورکیا لە ڕووی سیاسەتی ئاوەوە هەنگاوی جددی بنێت.

هەروەها باسی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناشی کرد و ڕاشیگەیاند، پێویستە تورکیا پسووڵەکانی ئاو دوابخات.

ف.ق