هەدەپە سەردانى ئەمریکاى لاتین دەکات

پەرلەمانتارانى پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ئەبرو گیونای و گارۆ پایلان سەردانى وڵاتانى ئەرجەنتین، ئوروگوای، شیلی و بەرازیل لە ئەمریکاى لاتین دەکەن.

بەپێى زانیاری لە سەرچاوەکانى هەدەپەوە، سەردانەکە لە ماوەی ١١ – ٢٤ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٠ی گەلاوێژ بۆ ٢ی خەرمانان ئەنجام دەدرێت.

شاندەکەى هەدەپە لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکای لاتین بۆچوونی خۆیان لەبارەى کێشەى کورد و چارەسەری لە رێگەى سیاسییەوە بۆ کێشەکە لە چاوپێکەوتنەکاندا دەخەنەڕوو.

شاندەکەى هەدەپە لە چوارچێوەى ئەو سەردانەدا چاویان بە لایەنە سیاسییەکان، سەندیکاکان و نوێنەرانى رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانی و دیموکراتیک دەکەوێت و لەگەڵیان کۆدەبنەوە.  

هەروەها شاندەکە لەگەڵ لایەنەکانى ئەو دەوڵەتانەدا، نوێنەرانى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، پەرلەمانتاران و ئەندمانى سیناتی ئەو وڵاتانەدا بەشێوەى فەرمی کۆدەبنەوە.

گیونای و پایلان چاوەڕێى ئەوەش دەکەن لەگەڵ رێکخراوەکانى بواری مافەکانى مرۆڤیشدا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.

هەروەها سەردانى گۆڕەپانی پلازا دی مایۆ لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین دەکەن و سڵاوى دایکانى شەممە بە دایکانى ئەرجەنتین دەگەیەنن، کە ئەو گۆڕەپانە شوێنى چالاکیى دایکانى ئەرجەتینە بۆ روونبوونەوەى چارەنووسی رۆڵە بێسەرشوێنکراوەکانیان.

ژ.ت