هەدەپە: پێویستە خانەوادەکان لێپرسینەوە لە ئاکەپە و مەهەپە بکەن

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند، ئاکەپە لە ئامەد ئێش و ئازاری خانەوادەکان بەکاردەهێنێت و ئاماژەی بەوەدا، ئاکەپە و مەپەهە بەرپرسی ئێش و ئازارەکانن و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

دەستەی بەڕیوەبەریی ناوەندیی هەدەپە لەبارەی سیناریۆکانی ئاکەپە لە ئامەد و لێپرسینەوە لە بەڕیوەبەرەکانی، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

یاریی دەسەلات

لە ڕاگەیاندنەکەی هەدەپەدا هاتووە، "لە هەواڵەکاندا ڕاگەیەندرا، داواکاری گشتیی ئامەد لە دژی بەڕێوەبەرانی پارتەکەمان لە شار و ناوچەکان لێپرسینەوەی دەستپێکردووە. لێپرسینەکە بەشێکە لە یاریی دەسەڵات.

ئێمە لە ئێش و ئازاری دایکان تێدەگەین و ڕێزی لێدەگرین. ئێمە نامانەوێت دڵۆپێک خوێنیش بڕژێت. وەرن با لە رێگەی دیالۆگ و دیموکراسییەوە کێشەکە چارەسەر بکەین.

ئێمە دەزانین دەسەڵاتداران فەرمانیان بە هێرشی سەر دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی داوە. هەر ئەو کەسانەش ئێش و ئازاری دایکان بۆ مەرام و ئامانجەکانیان بەکاردەهێنن.

سێ ساڵ لەمەوبەریش دەسەلات دەستی بەو یارییە کرد. ئەو کاتە ئەو یارییە لە بەرامبەر گەورەشارەوانیی ئامەد دەکرا، بەڵام ئێستا کە شارەوانی لە دەستی قەیومدایە، یاریەکە لە بەرامبەر باڵەخانەکەمان دەکرێت.

بەپێی لێدوانی خانەوادەکان، وەزیری ناوخۆ و سەرۆک کۆمار، خانەوادەکان بەلاڕێدا دەبەن. سەرۆک کۆمار بە لیدوانەکانی خانەوادەکان لە دژی پارتەکەمان هاندەدات و باڵەخانەکەمان دەکاتە ئامانج.

ئێمە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە، ئەو خانەوادانەی کە منداڵەکانیان لای خۆیان نین، پێویستە لێپرسینەوە لە ئاکەپە و مەهەپە بکەن. ئەوانەی پرسی کورد چارەسەر ناکەن ئاکەپە و مەهەپەن. گەنجەکانی ئەم وڵاتە بەهۆی پێداگیری ئەو دوو حزبەوە لە شەڕدا دەمرن.

ژ.ت