وەزیرێکی فەرەنسی: تورکیا کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە دەکات

فرانک ریستەر وەزیری نوێنەرایەتیی فەرەنسا بۆ کاروباری بازرگانیی دەرەوە رایگەیاند، سەرباری ئەوەى ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاندووە، هیچ شەڕێکیان لە دژی 'گەلی تورکیا' و 'تورکیا' نییە، بەڵام ئەردۆغان 'بە دوای کاری تێکدەرانەوەیە'.

ریستەر لە رادیۆ ئەوروپای ١دا وەڵامی قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای دژ بە ماکرۆن دایەوە و رایگەیاند، تورکیا لە ناو هێرشێکى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەدایە.

ماکرۆن رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، رەفتارەکانی دەوڵەتى تورک قبوڵ ناکرێن.

تورکیا لە ناوچەکانی یونان لە دەریای سپیی ناوەڕاست دەستیکردووە بە گەڕان بە دوای دۆزینەوەى گازی سروشتیدا و بەوهۆیەوە ئاڵۆزییەکى زۆری لە ناوچەى رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دروستکردووە.

فرانک ریستەر وەزیری نوێنەرایەتیی فەرەنسا بۆ کاروباری بازرگانیی دەرەوە، کە پێشتریش وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا بووە رایگەیاند، فەرەنسا دەیەوێت لەناچەکەدا باڵادەستیی ئەوروپا بەهێز بکات.

ئەوەشی وت "دەبێت باڵادەستیی ئەوروپا مسۆگەر بکرێت، ئەوەش تاکە شتە، کە دەوڵەتانی ئەندام و سەرۆک کۆمار پارێزگاریی لێدەکەن".

ریستەر ئەوەشی راگەیاند، فەرەنسا دەیەوێت لەو بابەتەدا هەم بە بڕیار بێت و هەمیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوای دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات.

ژ.ت