پارتە کوردیەکانی باکووری کوردستان: ئێمە دەبێت لە دژی داگیرکاری ڕاپەڕین

هەدەپە و پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان ئەوەیان خستەڕوو کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکارییە و داوایان لە ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان کرد کە پێش بە داگیرکارییەکانی تورکیا بگرێت.

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان لە دژی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باشوری کوردستان و هەڕەشەی هێرش کردن بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئامەد بە شێوەیەکی هاوبەش ڕاگەینراوێکیان بڵاوکردەوە و بانگیانکرد کە کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێت.

ئەو پارتانەی ناویان لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە بریتین لە 'کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی- کەجەدە، پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان- دەبەپە، پارتی سۆسیالیستی بندەستان، کۆمەڵەی کوردی دیموکراتی و شۆڕشگێر، پارتی مرۆڤ و ئازادی، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پلاتفۆرمی دیموکراتەکانی کورد، پارتی ئازادی، پارتی دیموکراتی کوردستان- تورکیا.

ئەو پارتانەی ناویان هاتووە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر سنوور بەناوی "چنگ" و هەروەها هەوڵدان بۆ ئۆپەراسیۆن لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا کە لەلایەن ئۆزجان کارداش ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان- تورکیا، و لە ناوەندی "کۆمەڵەی ڕۆژنامەگەری گونەی دۆگ" لە ئامەد خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە:"داگیرکاری ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەرفراوان و قووڵتر دەبێت، بە تایبەت ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک کە لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە بە بیانوی "هۆکاری ئاسایشی" ئەنجام دەدرێت، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئاسایشەوە نییە و کێشەی کورد قووڵتر دەکاتەوە، لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا ئێستا کێشەی کورد بە سیاسەتی ئاسایشی چارەسەر نەبووە و نابێت".

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ماوەیەکی درێژە سوپای تورک لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات، تورکیا و ئێران ساڵانە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن لە هێرشەکانیان، چونکە لە بە دەوڵەتبوونی کورد دەترسن، مافی گەلی کوردە کە وەک هەموو نەتەوەیەک پێگەی سیاسی خۆی بەپیی خواستی خۆی دروست بکات، ئاشکرایە کە کێشەی تورکیا نە ئاسایشی سنوورەکان و نە ناوچەی ئارامە، ئەگەر وابوایە پێشنیاری گەشتی هاوبەشی سەرسنوورەکانی قبوڵ دەکرد، تورکیا ئەندامی ناتۆیە و پاراستنی سنوورەکانی لەژێر بەرپرسیارییەتی ناتۆدایە، بۆیە تورکیا کێشەی ئاسایشی سنووری نییە، تورکیا لەسەر هێڵی عەفرین-قامشلۆ-شەنگال حیسابی داگیرکاری مایندە دەکات، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەکرێن تەنیا سەربازی نیین، ڕاستەوخۆ داگیرکارین.

بنکەی سەربازی نیشانەی داگیرکاریی هەنیشەیی "مایندەیە"

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پلانسازی، کۆکردنەوەی سوپا لەسەر سنوور و دەرەوەی سنوور و دروستکردنی بنکەی سەربازی و کردەوەی عەفرین- شەهبا- خواکورک نیشانەی داگیرکاریی هەمیشەییە، ئێرانیش هەر ئەو کردەوەیە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا پێشدەخات، دانیشتوانی کامپی مەخمور لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەژێر فشار و چاودێری ئەو هێزانەیە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا داواکارییەکان لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە خراونەتەڕوو:

١- ئێمە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکەین، پێویستە کۆتایی بەو داگیرکارییانە بێت و سەربازەکان بکشێنەوە، شەڕ و داگیرکاری چارەسەر نییە، داوایان لێدەکەین کە کێشەکان بە زمانی دیموکراتی و ئاشتیانە لەگەڵ بەردەنگی کوردستانی چارەسەر بکرێن، دەست لەو ڕێ و ڕێبازانە هەڵبگیرێت کە تاقیکراونەتەوە و ئەنجامیان لێوەرنەگیراوە.

بانگەوازی دەکەین کە هەموو هێزە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا هەستیار بن و هاوکاری چەسپاندنی مافی دەستووری هەرێمی کوردستانی ئازاد بن، هاوکار بن لە بەجێهێنانی ئاسایشی هاوڵاتیان و پاراستنی خاکی وڵات.

٢- داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، کۆنسەی ئەوروپا، کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخستنەکانی نێودەوڵەتی دەکەین، هۆشیاری بدەنە ئەوانەی دەیانەوێت هێڵی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا داگیر بکەن، با تێیانبگەینن کە ئەو کێشانەی هەیە تەنیا لە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتییەوە دەتوانێت چارەسەر بکرێت، بەو شێوەیە داوای هاوکاریتان لێدەکەین.

٣- داوا لە گەلانی ئێران، تورکیا، گەلانی هەرێمەکە، کەسانی دیموکرات و ڕای گشتی دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هەولە داگیرکارییانە بڵێن: "نا بۆ شەڕ و داگیرکاریی".

٤- داواش لە گەلەکەمان دەکەین کە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بکەن، لە بەرامبەر کێشەکاندا دەست لە بەرژەوەندی حیزبی هەڵگرن و بەرژەوەندی کوردستانی لەبەر چاو بگرن، ئەگەر ئێمە بە چاوێکی کوردستانی خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان نەکەین، هەموومان تووشی شکست دەبین، ڕۆژ ڕۆژی خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی هەر چوارپارچەی کوردستانە، ڕۆژی ئەوەیە کە بۆ دەستکەوتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بڵێن: "هی ئێمەیە".

٥- داواکارین لە ڕاگەیاندنی کوردی؛ لەم قۆناغە هەستیارەدا دەست لەئاڵۆزترکردنەوەی کێشەی نێوان پارتە کوردییەکان هەڵگرن.

لە بەرامبەر هەڕەشەی "یان ناوچەی ئارام یان وەک مەغۆلەکان ئاگر لەهەر شوێنێک بەردەدەین"، بە زیهنییەتێکی کوردستانی خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی کوردستان بکەن، ڕاگەیاندنی کورد پێویستە هەوڵبدەن کێشەکان بچووک بکەنەوە نەک گەورەیان کەنەوە.

٦- لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی شەنگال بڕیاری پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی سێی ئابیان وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدیان ناسی، واتەدار دەبینین و سڵاوی لێدەکەین.

ناوی ئەوپارتانەی کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە:

بزوتنەوەی ئازادی،

پارتی هەرێمی دیموکرات (DBP)

شۆڕشگێڕی دیموکرات (DDKD)

کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات (DTK/KCD)

پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)

پارتی مرۆڤ و ئازادی (PİA)

پارتی کۆمۆنستی کوردستان (KKP)

 پلاتفۆرمی دیموکراتی کورد(PDK)

پارتی ئازادی

پارتی دیموکراتی کوردستان - تورکیا (PDK-T) .

ک-ش