پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایان کرد

نوسینگەی مافەکانی سەدە رایگەیاند، لە قۆناغی کۆڤید-١٩ دا گومانەکانیان لە سەر تەندروستی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زیادی کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایان کردووە.

نوسینگەی مافەکانی سەدە لەم بارەیەوە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، لە بارەی بریگرتەکانمان لە بەندیخانەی ئیمرالی بەڕێز ئۆجالان، بەڕێز یلدرم، بەڕێز کۆنار و بەڕێز ئاکتاش قەدەغەکانی دانوستان کە بە بڕیارە دژ بە یاساکان و بە کۆمەڵێک بیانوو بەڕێوە دەچێت، بە هۆی مەترسیەکانی کۆڤید١٩ گومانی لە لامان دروست کردووە. بەر لە ئێستاش بە رای گشتیمان راگەیاندبوو لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر و بە رێبازێکی لێهاتوو دانوستانمان دەست پێکاتەوە، دوای ئەو سەردانانەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ١٦.٠٦.٢٠٢٠ سەردانی دادگای باڵای دەستوریمان کرد.

بە پێی راگەیێنراوەکە، دادگای باڵای دەستوری لە ٢٢.٠٧.٢٠٢٠ بەم شێوەیە وڵامی پارێزەرانیان داوەتەوە و داواکەیان رەتکراوەتەوە: 'پێمان وا نیە مەترسیەکی جدی لەسەر ژیانیان هەبێت (بریگرتەکان) چی لە رووی تەندروستی یان مادی یان مەعنەوی، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر رێوشوێنی پێویست بدرێت'.

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بارەی سەردانەکەیان بۆ بارودۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، بە شێوەیەکی ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە سەپاندنی سزای هەتا هەتایی بەسەر بریگرتەیان، بنپێکردنی خاڵی ٣ی 'قەدەغەی ئەشکەنجە'ی پەیمانی مافی مرۆڤە. ئەم بڕیارەش بەڵگەی ئەوەیە کە سیستمی گۆشەگیرکردن لە ئیمرالی کە ٢١ ساڵە بەردەوامە، دەکەوێتە چوارچێوەی ئەشکەنجەدانەوە کە بە تایبەت لە قۆناغی کۆڤید١٩دا بەردەوامکردنی گۆشەگیریەکە، کاریگەریەکی زیاتری لەسەر بەریگرتەیان دروست کردووە.

لە بەشێکی تری راگەیێنراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە گۆشەگیری لە ئیمرالی پێشووتر بە بیانووی تێکچوونی کەشتی و خراپی کەشوهەواوە، قورس دەکرا و لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا بە سزای دیسیپلین ئەو گۆشەگیریە قورستر دەکرێت.

هەروەها تیشک خراوەتە سەر بڕیار و بەیاننامەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی رێگریکردن لە ئەشکەنجە و تەنانەت وەزارەتی دادی تورکیاش لە بارەی مەترسیەکانی کۆرۆنا و بارودۆخی بەندیخانەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئۆجالان کراوە کە لە ٢٧ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ماوە ٢٠ خولەک ئەنجام درابوو، ئۆجالانیش لەو پەیوەندیەدا وتبووی، 'ئێستا بارودۆخی تەندروسیم باشە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە نازانم'. لەو رۆژەشەوە بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بارودۆخی رێبەری گەلی کورد نین.

هەروەها ئاماژە بە سیستمی سیاسی و یاسایی تورکیا کراوە کە لە رووی سیستمی گۆشەگیریەوە، رۆژ بە رۆژ توندتر دەبێتەوە و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات، تورکیا لە هەموو ئاستەکاندا لە رووی نادادی و نایەکسانیەوە، لە بارودۆخی ئیمرالی دەچێت.

هەروەها باس لەوەش دەکات کە وەک چۆن دوای ٧ی ئابی ساڵی ٢٠١٩ کە دوایین چاوپێکەوتنی پارێزەران بوو لەگەڵ رێبەری گەلی کورد، هاوکات بریگرتەکانی تریشیان کە لە ئیمراڵی زیندانین، نزیکەی ٥ ساڵە رێگە نەدراوە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرانیان ئەنجام بدەن، ئەم بابەتەش تەنها پەیوەست نیە بە ئیمراڵیەوە، بەڵکو بابەتێکی مافی مرۆڤ و مافی دیمۆکراسی و تێکۆشانێکی سیاسەتی دیمۆکراسیە.

لە بەردەوامی راگەیێنراوی نوسینگەی مافەکانی سەدەدا لەگەڵ ئەوەی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەو نادادی و نایەکسانیە لە ئیمرالی کۆتایی پێنەیەت، لە هیچ ناوچەیەکی تری تورکیاش کۆتایی پێنایەت، جەختیش دەکاتەوە:"هاوکات لەگەڵ گەیاندنی ئەو دۆسیەیە، وەکو سەردانەکانی ترمان، دەبێتە رۆژەڤی سیستمی مافی مرۆڤە و بابەتی دیمۆکراسی لە ئەوروپا، بە تایبەتیش کە تورکیا لەگەڵ ئەو هەموو ناکۆکیانەی، لە رووی کرداری دادگاییەوە هەیەتی، بە پێی پەیمانە نیودەوڵەتیەکان و دەستوری هەمیشەیی، پارچەیەکە لە سیستمی مافی مرۆڤ و یاساکانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا. دەبێت دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رێگە بە سیستمی ئەشکەنجە نەدات، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت لە دژی بوەستێتەوە و ئەگەر بڕیارێک لەم بارەیەوە بدات، تەنها ئیمرالی ناگرێتەوە، بەڵکو دەبێتە بڕیارێک بۆ سنووردارکردن نادادی و نایەکسانی.

نوسینگەی مافەکانی سەدە لە کۆتایی راگەیێنراوەکەشدا داوا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکات بە پێی پەیمان و رێکەوتنەکانی خۆی، لە چوارچێوەی هەڵسوکەوتەکانی دژی مافی مرۆڤ و قەدەغەکردنی پەیوەندیەکان کە لە قۆناغی کۆڤید١٩ دا زیادی کردووە، بە پەلە بڕیاری خۆی بدات و ئەم سەردانەشمان پێشکەش دەکەین بە رای گشتیی هەستیار.

ز.ش