پژاک پشتگیری لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد

پژاک ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکردەوە و پشطگیری لە بەرخۆدانی گەل کرد.

مەجلسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، داوا لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، با گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزانێت کە لە تێکۆشان دژی دیکتاتۆریەت و فاشیزم و گەییشتن بە ئازادی تەنیا نیە.

ڕاگەیەنراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:

سڵاو لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆماری ئیسلامی ئێران لە کارنامەی ٤٠ ساڵەی خۆیدا بە هەزاران جینایەت و کاولکاری بە دیاری بۆ گەلانی ئێران لە گەڵ خۆی هێناوە. بێکاری، گەندەڵی، فەحشا، قرکردن و ئاسیمیلاسیۆن و لە کۆتاییش دا داڕمانی ئابوری لە سایەی سیاسەتی دژەخەلکی و هەناردەکردنی ئیسلامی شیعەی شوۆنیستی خۆی بۆ وڵاتانی دەرەوە، کەوتۆتە ناو بازنەیەکی بێ ئەنجام کە هەموی ئەم تاوانانە لە سایەی سیاسەتی ناکارامەی مەلاکاندا کراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانەکەی بە سەری گەلانی ئێراندا دەشکێنێتەوە. لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵە دا بەردەوام ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان بەشی خەڵکی ئێران بوە و سود و بەرهەمی وڵاتەکە بۆ هەناردەکردنی ئیسلامی شیعەی شوۆنیستی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هاوکات بۆ کۆمەڵێک مرۆڤی گەندەڵ و بنەماڵەکانیان تەرخان کراوە.

لە ماوەی ئەم ٤٠ سالەی ژیانی خەفەقان و کوشتن و ئێعدام لە ئێران، خەڵکانی مافخواز و ئازادیخواز کە ئێعترازیان دەربڕیوە، هەمو جارێک بە گرتن و ترساندن، خەلکیان لە خۆپێشاندان و داخوازی مافەکانیان ترساندوە و پێشیان گرتون لە دەربرینی ویست و داخوازی ڕەوای خۆیان و بەم شێوەیە ڕژیمی فاشیستی ئێران خۆی بە سەر گەل دا سەپاندوە. ئیتر سەبری گەل گەییشتۆتە قۆناخێک کە چیتر ئەم شێوە ژیانە هەڵنابژێرن و بە هەمو شێوازێک روبەڕوی هەر چەشنە زوڵم و بی حورمەتی و کاولکاری دەبنەوە.

گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستپێکی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەو سیستمە ناکۆک بون و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە هەموو شێوەیەک بۆ قرکردن و ئاسیمیلاسیۆنی ئیتنیکی و ئایینی رانەوەستا و دەستیکرد بە کاولکاری و تەنانەت ژینۆسایدی سپی، کە وزە و پوتانسیەلی شۆڕش لەم بەشەی کوردستان بێ کاریگەر بکات، بەڵام با شوڤێنیزم و دیکتاتۆران باش بزانن گەلی کورد سەرەڕای هەمو پیلانگێڕیەکانی کۆنەپەرەستان و داگیرکەران لە سەر پێیان دەمێنێت و بە روحێکی زیندوو بە بەرخۆدانی کۆبانی هەموو داگیرکارو کۆنەپەرەستان تێکدەشکێنێت.

لە سەر ئەم ئەساسە کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئیرادەیە و بە تێگەییشتن بە مافە ئازادیخوازەکانی خۆی و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی لە گەڵ هەمو گەلانی ئازادیخواز هاوڕاستایە و شان بە شانی هەمو تێکۆشەران و مافخوازان لە ئێران و ناوچەکە تێکۆشان دەکات بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆریەت و لە پێش هەمویاندا سیستمی کۆنەپەرەست و فاشیستی ئێران. بۆیە داوا لە هەمو ئازادیخواز و مافخواز و تێکۆشەرێکی ئێران دەکەین لە هەمبەر سەرکوت و کوشتاری خەلک بێدەنگ و بێ هەڵویست نەبن و دەنگ و ئێعتڕازی خۆیان بەرز بکەنەوە و تێکۆشان بگەیەننە لوتکەی خۆی.

لە سەر ئەم ئەساسە، داوا لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، با گەلی ئێمە لە رؤژهەڵاتی کوردستان بزانێت کە لە تێکۆشان دژی دیکتاتۆریەت و فاشیزم و گەییشتن بە ئازادی تەنیا نیە. لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە هەمو کەس بە هەستیاری و بە بەرپرسیاریەتیەوە نزێک ببێتەوە و بە روحێکی یەکگرتویی و نیشتیمانپەروەری بەرەو قۆناخی نوێ و گەییشتن بە ئازادی هەڵوێست بگیردرێت.

سەرکەوتن بۆ ئازادی و گەلە

مەجلسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)

٢٠١٩-١١-١٦

ف.ق