پیاوێکی کوردی ٩١ ساڵ نەخۆشی کۆرۆنای تێپەڕاند

ئیبراهیم ئۆزاڵپ کە کوردێکی ئەلبیستانی باکووری کوردستانە و نیشتەجێی لەندەنە و تەمەنی ٩١ ساڵە نەخۆشی کۆرۆنای تێپەڕاند و چاکبووە.

ئیبراهیم ئۆزاڵپی تەمەن ٩١ ساڵ کە خەڵكی ئەلبیستانی باکووری کوردستانە لە نەخۆشی کۆرۆنا ڕزگاری بوو.

ئۆزاڵپ ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشی دڵەوە لە لەندەن سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، بەڵام پزیشکەکان پێیان راگەیاندبوو کە تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. ئۆزاڵپ لەو کاتەوە لە ژوورێکی نەخۆشخانەکە کەرەنتینە کرابوو و لەژێر چاودێری پزیشکەکاندا بوو و لەگەڵ ئەوەی کە ئیبراهیم ئۆزاڵپ لە ساڵی ١٩٢٧ لەدایک بووە و تەمەنی ٩١ ساڵە بە هۆی ئەوەی بەرگری لەشی بەهێز بووە، نەخۆشی کۆرۆنای تێپەڕاندووە.

ئۆزاڵپ تا ئێستاش لە نەخۆشخانەیە بەڵام چاوەڕێدەکرێت سبەینێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ماوەیەک لە کەرەنتینەدا دەمێنێتەوە و پزیشکەکان باسی ئەوەیان کردووە دۆخی ئەو پیاوە بەتەمەنە کوردە باشە و هیچ کاریگەریەکی کۆرۆنای لەسەر نەماوە.

بەهزاد ئۆزئاڵپ کوڕی ئیبراهیم ئۆزئاڵپ ڕایگەیاند، لەبەرئەوەی باوکی کێشەی هەناسەدانی نەبووە، کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دروست نەکردووە و وتی، "بە هۆی نەخۆشی دڵەوە بردمان بۆ نەخۆشخانە. بەڵام لە ئەنجامی پشکنیندا دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بە خێرایی لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و خرایە ژێر چاودێری پزیشکەکان. ئێستا دۆخی زۆر باشە. پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، دۆخی تەندروستی زۆر باشە، بەڵام پێویستە ڕۆژێکی تریش لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە. دوای ئەوەی ڕەوانەی ماڵەوە کرا، ١٤ ڕۆژیش لە ماڵەوە لە کەرەنتینەدا دەبێت. بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو و دەورۆبەرەکەی دروست نەبێت."

ئۆزاڵپ ڕاشیگەیاند، ئەوانەی کێشەی هەناسەدانیان نییە، زوو چاک دەبنەوە و ڤایرۆسەکە کاریگەری زۆریان لەسەر دروست ناکات و داوای کرد هەموو کەسێک پابەندی ڕێنماییەکان بێت.

ف.ق