پەدەکە دەستیکردووە بە ڕەشبگیریی گەنجانی مەخمور لە هەولێر

ئاسایشی پەدەکە لە هەولێر دوای کوژرانی ئەندامێکی کۆنسولخانەی تورک، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی ژنان-ی گەنجی مەخمور، کە لە هەولیر کار دەکەن و ١٦ کەسیان دەستگیرکردووە.

ڕۆژی ١٧ی تەمووز لە خواردنگەیەکی شاری هەولێر، ئەندامێکی کۆنسوڵخانەی دەوڵەتی تورک و دوو کەسی دیکە کوژران، دوای ئەو ڕووداوەدا ئاسایشی هەولێر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی گەنجانی مەخمور، کە لە کارگەکانی هەولیر کاردەکەن.

شەوی ڕابردوو کاتژمێر نێوان ٠١:٣٠ بۆ ٠٢:٠٠ هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر زۆرێک لەو ماڵانەی گەنجانی مەخمور تێدا دەمیننەوە.

لە هەڵکوتانە سەر ماڵی گەنجانی مەخمور، کەلوپەلی ناوماڵیان هەموو تێکدراوە و ١٦ ژنی گەنج دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ ئاسایشی هەولێر.

لەو گەنجانەی دەستگیرکراون ١١ کەسیان نزیکەی نیوەڕۆ ئازادکراون، بەڵام پێنج کەسیان هێشتا لەوێ ڕاگیراون.

بەپێی زانیاریی ئەو گەنجانەی ئازادکراون، هەندێک لەو کەسانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان بە زمانی تورکی قسەیان کردووە و بە تورکی بە گەنجانی وتووە: "ئێمە دەزانین ئێوە کێین، ئێوە لایەنگری پەکەکەن".

بە وتەی ئەو گەنجانە، هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنیان نەوتراوە و دوای چەند کاتژمێرک پێیان وتراوە کە؛ "ئێوەمان بە هەڵە دەستگیرکردووە و ئازادتان دەکەین".

چارەنووسی پێنجیان نادیارە

لەسەر ئەو پێنج کەسەی ئازاد نەکراون، تا ئێستا زانیارییەک لەبەردەست نییە و کاربەدەستانیش ڕوونکردنەوەیان نەداوە.