پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەکێتی بەشداری کەمپەینی دژ بە داگیرکەری بوون

گوڵستان سەعید پەرلەمانتاری بزووتنەوەى گۆڕان و رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کردستان وتیان، هێرشەکانی دەوڵەتى تورک جینۆسایدە و داوایان لە لەپەرلەمانتارانکرد بێدەنگ نەبن.

کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە بۆ دەرکردنی سەربازانی تورکی داگیرکەر لە خاکی باشووری کوردستان و عێراق، کە لەلایەن ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز لە چوارچێوەى هەڵمەتی "بیڕووخێنە"ی سەفەربەریی حەفتانین دا دەستیان پێکردبوو، بەردەوامیی هەیە.

کەمپەینەکە لەسەرتاسەری باشوروی کوردستان بەردەوامیی هەیە. تاوەکو ئێستا ١٦ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە. زۆرێک لەلایەنە سیاسیییەکان، پەرلەمانتاران، هونەرمەندان، پێشمەرگە دێرینەکان، مامۆستایان و کەسایەتییە سەربەخۆکان پشتیوانییان لە کەمپەینەکە کردووە و واژۆیان کردووە.

گوڵستان سەعید پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە بزووتنەوەى گۆڕان و رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری عێراق لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) پشتیوانییان لە کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوەکە کرد. ئەو پەرلەمانتارانە لێکدانەوەیان بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانى ئەمدواییەى تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان کرد.

گوڵستان سەعید پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە بزووتنەوەى گۆڕان هێرشەکانى سوپای تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک لە داگیرکەری لێکدایەوە و وتی "هێرشەکانى تورک، پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان و رێککەوتنە جیهانییەکانە بۆ ئاشتی و پاراستنی سنورە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا ئێمە ئەوە دەبینین، کە سنووری تێپەڕاندووە و هێرش دەکاتە سەر خاکی باشووری کوردستان. لە چوارچێوەى عێراقی فیدراڵ دا هەم دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی عێراق و هەم دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان. چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری بنەڕەتی لە پەرلەمانی عێراقەوە ناسێنراوە و دانی پیادا نراوە و مافی خۆی وەرگرتووە، پێویستە ئەو هێرشە سەربازییانە کۆتاییان پێ بهێنرێت. دەستدرێژی بۆ سەر خاکی کوردستان کۆتایی پێ بهێنن، چونکە دۆخێکى ناوخۆش و نائارامیان بۆ هەرێم دروستکردووە".

تورکیا جینۆساید دەکات و دیمۆگرافیا دەگۆڕێت

گوڵستان سەعید رایگەیاند، هێرشەکانى تورکیا لە هەموو روویەکەوە ژیان لە ناو دەبات و راشیگەیاند "گەلەکەمان هەموو رۆژێک هێرشی دەکرێتە سەر، بە تایبەتی گوند و ناوچە سنوورییەکان، باخ و باخچەکانیان کاول و خاپوور دەکرێت، لە رووی ئابوورییەوە زیانێکى زۆر لە هەرێمی کوردستان دەدرێت. چونکە ناوچەکە کشتوکاڵییە و زیان بە بەرهەمەکانیان دەگات. بۆ ئەوەى گیان و ژیانی خۆیان رزگار بکەەن بەرهەمەکانیان بەجێدەهێڵن. ئەوە جینۆسایدە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. ئەو ناوچە و گوندانەى هێرشیان دەکرێتە سەر هەموویان خەزمی یەکترن. کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ئەو ناوچانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش لە ناو دەچن. قەیرانی کۆمەڵایەتی دروست دەبن. قەیرانی سەربازی دروست دەبن. ژیان تێکدەچێت. ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەى کە لەلایەن هەموو دەوڵەتەکانەوە واژۆ و پەسەندکراوان پێشێل دەکرێن. لەبەر ئەوەش دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ نەبێت. پێویستە حکومەتى هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستێتەوە و کۆتاییان پێ بهێنرێت. لە هیچ شوێنێک نابێت دەوڵەتێکى تر خاکی وڵاتێکى تر ببەزێنێت و بچێتە ناو خاکەکەى. پێویستە حکومەتى عێراقیش بێتە سەر هێڵ، چونکە ئەو شوێنە بەپێی دەستوور بەشێکە لە عێراق. بۆ ئەوەش بۆ راوەستاندنی هێرشەکان هەموو کارێک بکات".

گوڵستان سەعید ئەوەشی وت "هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ بەرفراوانکردنی خاک و داگیرکەرییە. بۆ ئەوەش تەنها هێرشی نەکردووەتە سەر هەرێمەکەى ئێمە، بەڵکو هێرشیشی کردووەتە سەر رۆژئاواى کوردستان و ئێستاش لە لیبیا شەڕ دەکات".

'ئەوە کار و ئەرکی هەموومانە'

گوڵستان سەعید لە کۆتایی وتەکانیدا لەبارەى کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەکەوە وتی "بۆ دەستپێکردنی کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆەکان دەستخۆشی لە گەنجان دەکەم. ئەوە تەنها ئەرکی ئەوان نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو هاووڵاتییانی کردستانە. ئەوە ئەرکێکى نیشتمانی و خاکپارێزییە. نیشتمان دایکی هەموومانە، بۆیە ئەوەش ئەرکی هەموومانە. کارەکەى ئێوە کارێکى شکۆمەندانەیە. من هیوادارم ئەو ئامانجەی کەمپەینەکەتان بەدی بێت".

'پێویستە عێراق وەڵامی هێرشەکان بداتەوە'

رێزان شێخ دلێر لەبارەى داگیرکەریی تورک و کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە وتی "ئێمە هەموومان دەزانین هەر دەوڵەتێک سنووری تایبەتی خۆی هەیە. بە داخەوە دەوڵەتى تورکیا ئەو سنوورانە پێشێل دەکات. سنووری بەزاندووە و ئاسمانیشی بەزاندووە. ئەو ناوچە سنوورییانە کە هێرشیان کراوەتە سەر کەوتونەتە ژێر مەترسی، بۆدرومانیان دەکات و هاووڵاتییان دەکوژێت. پێویستە دەوڵەتى عێراق لە ماوەیەکى کورت دا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە و سەربازانی تورک لە عێراق دەربکات".

ئاماژەى بەوەشکرد "وا دیارە لە نێوان عێراق و تورکیادا هاوپەیمانییەک هەیە. لەبەر ئەوەیە کە تورکیا دەتوانێت ئەوندە سەربازی خۆی بهێنێت و بارەگا دروست بکات و بۆردومان ئەنجام بدات. عێراق لە دژی ئەو هێرش و پەلامارانە بێدەنگە. هەڵوێستەکانى دەوڵەتى عێراق هەڵوێستی شەرمنانەن و جێی خۆیان ناگرن. هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و تورکیادا نییە. داعشیش بەبێ هۆ داگیرکەریی دەکرد، تورکیاش وا دەکات. لە دژی هێرشەکانى تورکیا یەکەم بەرپرس دەوڵەتى عێراقە و دەبێت هێرشەکان راوەستێنێت و ئەو سەربازانەش دەر بکات.

تورکیا بە بیانوی پەکەکە هێرش دەکاتە سەر خاکی باشووری کوردستان. ئەگەر کێشەى سیاسیش هەبێت دەبێت تورکیا لە ناو سنوروەکانی خۆیدا چارەسەری بکات. بە دیپلۆماسی لە ناو دەوڵەتەکەى خۆیدا چارەسەری بکات. تورکیا ئێستا دەتوانێت گەریلایەک لە ئەڵمانیا بێت، ئەڵمانیا دتگیرکەر بکات و بۆردومانی بکات؟ ئەوانە هەموویان پاساون. مەترسیی داگیرکەری بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان زۆر زۆرە. دەبێت پەرلەمانتاران بێدەنگ نەبن. بە داخەوە بێدەنگییەکیش هەیە، ئەو کارەى ئێوە دەیکەن بێدەنگی دەشکێنێت. بۆیە کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوەکەتان زۆر باشە و دەستان خۆش بێت".

ژ.ت

****