پەرلەمانتارێکى سویسری: پێویستە بزووتنەوەیەکى نێونەتەوەیى بۆ ئۆجالان دروست بکرێت

لۆرێنس فلامن ریەڵ پەرلەمانتاری سویسری رایگەیاند، ئەنجوومەنى ئەوروپا و سی پی تی لە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بەرپرسیارن. راشیگەیاند، پێویستە بۆ ئۆجالان بزووتنەوەیەکى نێونەتەوەیى دروست بکرێت.

لۆرێنس فلامن ریەڵ پەرلەمانتاری سویسری لە حیزبی سۆسیالیست لەبارەى پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لە تورکیا، هەڵوێستی ئەوروپا و گۆشەگیریى سەر عەبدڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

"ئومێدم بە داهاتووی تورکیا نییە"

ریەڵ ئاماژەی بە نیگەرانییەکانى خۆی لەبارەى تورکیاوە کرد و وتی "ئەردۆغان دواى ئەوەى لە هەڵبژاردن دا سەرکەوت دەسەڵاتخوازیى خۆی چەسپاند و دەستیکرد بە گوشارخستنە سەر هەموو کەس و لایەنەکان بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆن. هەر کەس لە دژی ئەردۆغان و رژێمەکەى بێت وەک تاوانباری گەورە سەیر دەکرێت".

ریەڵ وتیشی "پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لەلایەن ئەردۆغانەوە تەنها سنووردار نییە بە ناوخۆی تورکیاوە، بەڵکو لە دەرەوەى سنوورەکانى تورکیاش پێشێلکاریی مافەکانى مرۆڤ ئەنجام دەدات و نمونەى بەرچاویش داگیرکردنی عەفرینە. پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لە ناوخۆی تورکیا و ئەو کردەوانەى تورکیا لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆی ئەنجامى دەدات لە دژی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانە. دەتوانم بە روونی بڵێم، کە هیچ هیوایەکم بە داهاتووی تورکیا نییە".

فلامان ریەڵ ئەوەشی وت "ئەردۆغان بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەدا رژێمە دیکتاتۆرییەکەى چەسپاند و ئیتر ئێستا میکانیزمێکى وای بۆ خۆی دروستکردووە، کە خۆی بە تەنها بڕیار لەبارەى هەموو شتێکەوە دەدات".

"ئەوروپییەکان ئەردۆغانیان بەهێز کرد"

ریەڵ باسی لە بەرپرسیاریى ئەوروپا لەوبارەیەوە کرد و وتی "ئەوروپا سەرەتا حکومەتەکەى ئەردۆغانی وەک ئیسلامى نەرم و مۆدێڕن پێناسە دەکرد و پشتیوانیى لێدەکرد. لەوەدا ئەوروپا رۆڵێکى گەورەى گێڕا بۆ بەهێزکردنى ئەردۆغان. ئەو رێککەوتنە ئابووری و بازرگانییانەی لەو کاتەدا واژۆ کران تاوەکو ئێستاش بەردەوامییان هەیە. ئەوانە بوونە یارمەتیدەری ئەردۆغان تاوەکو بەم رادەیە بەهێز ببێت. لەم دواییانەشدا لەسەر پەنابەران رێککەوتن لەگەڵ تورکیا واژۆ کرا، بە پارە یارمەتیى تورکیایان دا و دەستپێشخەریى ئەردۆغان بۆ کارەکان قبوڵ کرا. ئەوەش کاریگەریى لەسەر لە دامەزراندنی رژێمە دیکتاتۆرییەکەى ئەردۆغان هەبوو. ئەو وڵاتانەشی کە دەستپێشخەری و پێشەنگایەتییان بۆ ئەو کارە کرد، بەریتانیا و ئەڵمانیا بوون. ئەوروپا لە پێناو بەرژەوەندیى خۆیدا بێدەنگیى کرد لە بەرامبەر دیکتاتۆریى ئەردۆغاندا کە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبوو. ئێستاش دۆخەکە تێکچووە".  

"دەکرێت لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا ئەردۆغان تەنگاو بکرێت"

لۆرێنس فلامن ریەڵ پەرلەمانتاری سویسری لەبارەى گرنگیى هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا وتی "لەو هەڵبژاردنەدا کەسێک، یان سەرۆکی وڵاتێک هەڵنابژێردرێت. مرۆڤ لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی شوێن و شارەکەى خۆی بڕیار دەدات. کاتێک مرۆڤ دۆخی ئێستای تورکیا و بێبەشکردن و زوڵمکردن لە مرۆڤەکان بێنێتە بەرچاوی خۆی، دەتوانێت بڵێت، دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان تەنگاو بکرێت. بە تایبەتى ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبول دا پاڵێوراوى هاوبەشیان هەبێت ئەوا ئەردۆغان لەو شارانەدا دەدۆڕێت. لە دەستدانى شارە گەورەکانى ئەردۆغان لاواز و تەنگاو دەکات. ئەو هەڵبژاردنە نابێتە هۆی نەمانى رژێمەکەى ئەردۆغان، بەڵام بۆ داهاتوو دەبێتە هیوایەک".

"مرۆڤ لە بێدەنگیى سی پی تی و ئەنجوومەنى ئەوروپا تێناگات"

ریەڵ لەبەردەوامیى قسەکانیدا دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی لێکدایەوە و وتى "دۆخی ئۆجالان زۆر گرنگە. بەشێوەیەکى ئاشکرا و روون مافە مرۆییەکانى ئۆجالان پێشێل دەکرێن. ئۆجالان لە چارەسەرکردنى کێشەى کورد دا ئاکتۆرێکى گەورە و گرنگە. ئۆجالان یەکێک لە گرنگترین ئیماژەکانى پەکەکە. بە کورتی ئۆجالان لەلایەن کوردانەوە وەک رێبەری قبوڵ کراوە. بێدەنگی بەرامبەر بە پێشێلکردنى مافە مرۆییەکانی کەسایەتییەکى ئەوندە گرنگ و نەبینینی ئەو پێشێلکارییانە، قبوڵ ناکرێن. بەپێى پێوەر و مافە گەردونییەکان پێویستە ئۆجالان سوود لە هەمان ئەو مافانە وەربگرێت، کە بۆ زیندانییەکانى تر لە بەرچاو گیراون. چاوپێکەوتنى ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی مافێکى زۆر ئاسایى و بنەڕەتییە. نابێت رێگری لەوە بکرێت. دەبێت هێزە و پارێزەرە پێشکەوتوخوازەکان لەسەر ئەو بابەتە راوەستن. ئەنجوومەنى ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) بەرپرسیان لە پێشێلکردنى مافە مرۆییەکانى ئۆجالان. مرۆڤ لە بێدەنگیى ئەو رێکخراوانە تێناگات".

"دەبێت بۆ ئۆجالان بزووتنەوەیەکى نێونەتەوەیى دابمەزرێت"

ریەڵ سەرنجی خستە سەر ئەو بارودۆخە کە بۆ ئۆجالان دروستکراوە و وتى، پێویستە بزووتنەوەیەکى نێونەتەوەی کە چەندین هێز و لایەن و رێکخراوى تیادا بێت بۆ ئۆجالان دروست بکرێت.

ریەڵ ئەوەشی وت "دەبێت بە بەشداریى پەرلەمانتارانی پەرلەمانى ئەوروپا، پەرلەمانتارانی وڵاتانى تر، سیاسەتمەداران و رۆشنبیران بزووتنەوەیەکى بەرفراوان رێکبخرێت. دەبێت ئەو بزووتنەوەیە سەرنجی میدیاى نێودەوڵەتیش رابکێشتە سەر ئەو بابەتە. میدیا گرنگە. بە کورتی دەبێت لە ئاستى نێونەتەوەیەدا باس لە دۆخی ئۆجالان بکرێت و ئەو دۆخەى بۆ دروستکراوە بخرێتەڕوو.

کەمێک ماوە، ماوەی مانەوەى ئۆجالان لە زینداندا بە ئەندازەی ماوەی مانەوەى ماندێلای لە زینداندا لێ بێت. ئەو ماوەیە ماوەیەکی کەم و ئاسان نییە. ئەگەر مرۆڤ رۆڵی ئۆجالان لە ناو گەلی کورد و پێشێلکردنى مافە مرۆییەکانى ببینیت، ئەو کاتە زۆر گرنگە لە ئاستى نێونەتەوەیدا بزووتنەوەیەکى بۆ رێکبخرێت".

ر.م