چالاكییه‌كه‌ی ستراسبۆرگ قه‌ده‌غه كرا
حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ئه‌و چالاكییه‌ی قه‌ده‌غه كرد كه دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له ستراسبۆرگ به‌ڕێوه‌ده‌چوو. كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند: بڕیاره‌كه سیاسی و هه‌ڕه‌مه‌كییه.
حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ئه‌و چالاكییه‌ی قه‌ده‌غه كرد كه دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له ستراسبۆرگ به‌ڕێوه‌ده‌چوو. كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند: بڕیاره‌كه سیاسی و هه‌ڕه‌مه‌كییه.
هاوسه‌رۆكایه‌تیی دیوانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیی كوردستانیانی ئه‌ورووپا (KCDK-E - كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا) ڕایگه‌یاند، حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ئه‌و چالاكییه‌ی قه‌ده‌غه كرد كه ڕۆژی ٦ی تشرینی دووه‌م\١٥ی گه‌ڵاڕێزان له به‌رده‌م بیناكانی كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا، دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا و كۆمیته‌ی به‌رگرتن له ئه‌شكه‌نجه (سی پی تی) ده‌ستی پێكرد و بڕیار بوو ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بخایه‌نێت.
كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) نێردراوه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه سه‌ره‌تا مۆڵه‌تی چالاكییه‌كه دراوه، به‌ڵام دواتر بڕیاردراوه له ڕۆژی چوارشه‌ممه كاتژمێر ١٧ به‌دواوه قه‌ده‌غه بكرێت.
«له دی پیلانگێڕی و گۆشه‌گیری به‌رخۆدانی دیموكراتیك به‌هێز بكه‌ن»
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه له‌ژێر ناونیشانی «له دژی پیلانگێڕی و گۆشه‌گیری به‌رخۆدانی دیموكراتی به‌هێز بكه‌ن» بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كوردان مانای ئه‌وه‌یه ستراتیژی ئه‌و گرووپه‌چه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یپاراستن شكێنراوه.
كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند: «له سایه‌ی به‌رخۆدانی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی له دژی چه‌ته‌كانی داعش ڕێگری له چالاكییه تێرۆریستییه‌كانی چه‌ته‌كانی داعش له پاریس، به‌رلین و وه‌ڵاتانی دیكه كراوه. ئه‌م به‌رخۆدانه مێژوویی و به‌هاداره كه له دژی داعش كرا، سه‌ره‌تا له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه پێشوازی لێ كرا. به‌ڵام به بێده‌نگبوون له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر عه‌فرین، ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییانه بوونه هاوبه‌شی ئه‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه و پشتیوانیان لێ كرد. هه‌ر به‌مه‌ش تێر نه‌بوون، ئێستا ئه‌م سیاسه‌تانه‌یان فره‌وانتر كردووه.»
«ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیكی ڕێبه‌ر ئاپۆ له ڕۆژاڤا كه‌وته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه. بۆ گه‌لانی كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، چه‌ركه‌ز، عه‌له‌وی، ئێزدی، موسوڵمان، مه‌سیحی كه له‌م هه‌رێمانه ده‌ژین ژیانێكی هاوبه‌ش و یه‌كسان بونیاد نرا. ڕامانه‌كانی ڕێبه‌ر ئاپۆ بۆ هه‌موو گه‌لان و مرۆڤه ڕۆشنبیره‌كان بووه‌ته هیوای ژیان، ئه‌مه‌ش هێزه پیلانگێڕ و دواكه‌وتووه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ی ترساند. هێزه باڵاده‌سته‌كان له بری ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ویستیان له‌سه‌ر شه‌ڕ و دوژمنایه‌تی درێژه به مانه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و باڵاده‌ستی خۆیان بده‌ن.»
«قه‌ده‌غه‌كاریی فه‌ڕه‌نسا و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌سته به كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی ئیسته‌نبووڵ»
كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی كوردستانیانی ئه‌ورووپا له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه كردووه، قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و چالاكییه‌ی له‌پێناو شكاندنی گۆشه‌گیری و ئازادكردنی ئۆجالان ساز ده‌كرا، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی پێشه‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كورد له یه‌كتر جیاواز نین و په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه.
كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه له كۆبوونه‌وه‌ی چوار قۆڵی ئیسته‌نبووڵ له‌نێوان ئه‌ڵمانیا، ڕووسیا، فه‌ڕه‌نسا و توركیا دراوه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه پیلانگێڕی به‌رده‌وامه و نوێیان كردووه‌ته‌وه.
ده‌رباره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی چالاكییه ئاشتییانه‌كه‌ی ستراسبۆرگ له لایه‌ن حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند: «چالاكییه ئاشتییانه‌كه‌ی ٦ی تشرینی دووه‌م\١٥ی گه‌ڵاڕێزان له به‌رده‌م بیناكانی كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا، دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا و كۆمیته‌ی به‌رگرتن له ئه‌شكه‌نجه (سی پی تی) ڕه‌زامه‌ندی بۆ وه‌رگیرابوو، به‌ڵام دوێنێ كاتژمێر ١٧ به‌دواوه به بڕیاری سیاسی و هه‌ڕه‌مه‌كی له لایه‌ن حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا قه‌ده‌غه كرا.»
«ئێمه باش ده‌زانین كه ئه‌م بڕیاره هی فه‌ڕه‌نسا نییه. كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی چوارقۆڵی ماكرۆن، مێركڵ، پووتین و ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها بڕیاری ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی پێشه‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد به‌ڕێزان جه‌میل بایك، مووراد قه‌ره‌یلان و دووران كاڵان، درێژه‌پێدانی پیلانگێڕییه‌كه‌ی ٢٠ ساڵ به‌ر له ئێستایه و ته‌نیا نوێكراوه‌ته‌وه. ئه‌م بڕیاره به مانای په‌سه‌ندكردنی كۆمه‌ڵكوژی و قڕكردنی گه‌له‌كه‌مانه له كوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا. له پشتیوانی كردن واوه‌تره و هاوكاری كردنه. ئه‌م سیاسه‌ته ڕێ له به‌رده‌م پێشكه‌وتنی چه‌ته‌كانی داعش ده‌كاته‌وه و ده‌رفه‌تپێدانی زیاتره به چه‌ته‌كان.»
«چالاكییه‌كانی خاوه‌نداره‌تی كردن له ئۆجالان و ئیدانه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا»
كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، چالاكییه‌كان له‌پێناو ئازادیی ئۆجالان له هه‌موو شوێنێكی ئه‌ورووپا به‌رده‌وام ده‌بن. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، بۆ ئیدانه‌كردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چالاكی ساز ده‌كه‌ن.
«به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد، هه‌موو مرۆڤایه‌تیی پێشكه‌وتنخواز ئه‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵانه پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. چالاكییه‌كانمان بۆ شه‌رمه‌زاركردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كاریی فه‌ڕه‌نسا و بڕیاری ئه‌مه‌ریكا كه هیچ بنه‌مایه‌كی نییه و له دژی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد ده‌ركراوه، له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌موو وه‌ڵات و شاره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.»
كه‌جه‌ده‌كه-ئه‌ورووپا بانگی گه‌لی كورد و هه‌موو دۆستانی كرد به‌شێوه‌یه‌كی تووندوتۆڵ به‌شداری له هه‌موو ئه‌و چالاكییانه بكه‌ن كه له ٣ ڕۆژی هه‌فته‌دا له وه‌ڵات و شاره‌كانی ئه‌ورووپا ساز ده‌كرێن.
s.m