چالاکیى دایکانى زیندانیانى مانگرتوو لە پەرلەمانى تورکیا بەردەوامە

دایکانى زیندانیانى مانگرتوو، کە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مانگرتندان، لە رۆژی سێشەممەوە لە پەرلەمانى تورکیا دەستیان بە چالاکی کردووە.

دایکانى زیندانیانى مانگرتوو بە لەچکی سپییەوە لە پەرلەمان دەستیان بەچالاکیى دانیشتن کرد و دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری دادی تورک کۆببنەوە.

دایکان لە دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ موستەفا شەنتۆپ سەرۆکى پەرلەمان کۆتاییان بە چالاکیى دانیشتن هێنابوو. شەنتۆپ بەڵێنى دابوو  داواکەیان بە وەزیری داد رابگەیەنێت.

دایکان سەرباری ئەوەش لە پەرلەمان نەچوونە دەرەوە و شەو لە هۆڵی کۆبوونەوەکانى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەماندا مانەوە. دایکان لەهۆڵی کۆبوونەوەکانى هەدەپە بە درێژایى شەو پێکەوە گفتوگۆیان کرد و گۆرانیى کوردیان چڕی.

دایکانى بەرخودێر تا ئێستاش لە پەرلەماندان. چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ لەکاتژمێر ١٣:٣٠ دا لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی بەڕێوەببەن.

ر.م