چوار حیزبى کوردستانی لە تورکیا بڕیاریاندا پشتیوانى لە دەمیرتاش بکەن

چوار حیزبی کوردستانى لە تورکیا، بڕیاریاندا بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ پشتیوانى لە سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوارى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا بکەن.

هەر یەک لە حیزبەکانى، حەرەکەتی ئازادی، پارتى ئازادیى کوردستان (پاک – PAK)، پلاتفۆرمی  دیموکراتی کوردستان (پەدەکە - PDK) و پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە - PSK) بە ناوى "هاپەیمانیى کوردستان بۆ هەڵبژاردن" راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

هاوپەیمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند، بڕیاریانداوە هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن بەرفراوان بکەن و داوایان لە دەنگدەرەکانیان کرد، کە لە خولی یەکەمدا دەنگ بە پاڵێوراوانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار لە هاوپەیمانییەکانى جمهور (جەهەپە و ئی یى پارتی) و میللەت (ئاکەپە و مەهەپە) نەدەن.

هاوپەیمانیى کوردستان بۆ هەڵبژاردن راشیگەیاندووە، ئەردۆغان و حیزبەکەى گەڕاونەتەوە سەر سیاسەتەکانى پێشووى دەوڵەت و مافە بنەڕەتییەکانى کورد بە هەڕەشە لە دژى "داهاتووی دەوڵەت" دەزانن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "نزیکەى ٢ ساڵە ئاکەپە لەسەر کێشەى کورد، لەبارەى ماف و ئازادییەکانەوە یەک قسەى نەکردووە و تەنانەت یەک وشەشی لە دەم نەهاتووەتە دەرەوە. لە جێى ئەوە پەسنى خۆی بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن و کوشتن دەدات و شانازیى پێوە دەکات".

هاوپەیمانییەکە لەبارەى سیاسەتى ئاکەپەوە رایگەیاندووە، ئاکەپە بە سیاسەتەکانى باشوورى کوردستان بچووک دەکاتەوە (رێز و کەرامەتى دەشکێنێت) و هێرشە داگیرکارییەکەى لە دژى عەفرین بە زمانێکى سیاسى بەڕێوەبرد، کە شانازیى بە ژمارەى کوشتنەوە دەکرد.

لە درێژەى راگەیاندراوەکەدا هاتووە "قسەکانى ئێستاى ئاکەپە و بەرنامەکانى هەڵبژاردنى ئەوە دەردەخات، کە درێژە بە سیاسەتە ترسناکەکەى دەدات".

هاوپەیمانیى کوردستان بۆ هەڵبژاردن ئەوەشى خستووەتەڕوو "لەبەر ئەوانە داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیى کۆماردا دەنگ نەدەن بە ئەردۆغان، کە سیاسەتى فەرمیى نکۆڵیکردن و ئینکار و توانەوە و سڕینەوەی کورد بەڕێوەدەبات".

هاوپەیمانییەکە داواشى کردووە، جگە لە دەمیرتاش دەنگ بە هیچ یەک لە پاڵێوراوەکانى ترى سەرۆکایەتیى کۆمار نەدەن و ئەوەشیان نووسیوە "ئەو هەڵوێستەى ئێمە بوار دەڕەخسێنێت، کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆماردا، دەستى کورد بەهێزتر بێت تاوەکو کورد ڕۆڵیکى چارەنووسساز بگێرێت".

هاوپەیمانییەکە لەبارەى پشتیوانیکردنیان بۆ دەمیرتاش وتویەتى "سەربارى هەموو کەموکوڕی و هەڵەکان، ئێمە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆماردا دەنگ دەدەین بە سەڵاحەدین دەمیرتاشی زوڵم لێکراو".

لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانیشەوە وتویانە، ئەندام و لایەنگرەکانیان بە عەقڵییەت و هۆشیارییان بۆ کورد و کوردستان و بە هەستیارى نەتەوەییەوە دەنگى خۆیان بەکار بهێنن و وتوشیانە "لەسەر بنەماى ئەو بیروبڕوایە، لایەنگران و ئەندامەکانمان بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا ئازادن".

ر.م