ڕۆشنبیرانی کورد و تورکیا داوای پشتیوانی لە کۆربین دەکەن

ڕێکخراو، ڕۆشنبیران، نووسەران، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد و تورکیا، لە لەندەن لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دژی هێرشە نژادپەرەستانەکان، داوایان کرد لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئەم مانگە دەنگ بە پارتی کرێکارانی بەریتانیا و جرێمی کۆربین بدرێت.

١٢ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا بەڕیوەدەچێت، بۆیە ڕێکخراو، ڕۆشنبیران، نووسەران، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد و تورکیا، لە لەندەن پشتیوانی خۆیان لە جرێمی کۆربین ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە هەمووان کرد لەدژی شەڕ، هەژاری و هێرشە نژادپەرەستانەکان دەنگی خۆیان بدەنە پارتی کرێکارانی بەریتانیا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: جرێمی کۆربین دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و سیاسەتەکانی ئێران لەدژی کورد، هەمیشە پشتیوانی کوردی کردووە، زۆرجار سەردانی ناوچەکەی کردووە، چەندین جار سەردانی پەرلەمانتارانی هەدەپەی کردووە، هەروەها بە پێچەوانەی بۆریس جۆنسۆن و حکومەتی موحافزکار، کە سەرکێشی فرۆشتنی چەک بۆ تورکیا و پشتیوانی لە داگیرکارییەکانی لە سوریا دەکەن، کۆربین پشتیوانی کوردەکانی سوریا دەکات کە لە بەرەی پێشەوە، لەدژی داعش تێکۆشانیان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها بانگ لە مرۆڤە پێشکەوتن خوازەکان کە دژایەتی نەزادپەرەستی دەکەن کراوە کە ١٢ی ئەم مانگە دەنگی خۆیان بدەنە پارتی کارگەری بەریتانیا.

ف.ق