ژن هێزێکی بێسنووری شەڕکردنی هەیە

گەریلاکانی یەژاستار رایانگەیاند، هێزی شەڕی ژن بێسنوورە. راشیانگەیاند "ئێمەى هێزەکانی یەژاستار بە فەلسەفەی رێبەرەکەمان تێکۆشانەکەمان بەهێز دەکەین و دەشبێت ژنان بڕوایان بە خۆیان هەبێت".

گەریلاکانی یەژاستار نەواڵ تۆڵهەڵدان و هاڤین زاگرۆس لەبارەى رۆڵی ژنان لە شەڕدا قسەیان بۆ کردین و تۆڵهەڵدان وتی، لە ناو سیستمی نێردا ژن هەموو کات بە بچووک و کەم سەیرکراوە و وەک ئەوەى نەتوانێت شەڕ بکات لێیان ڕوانیوە. تۆڵهەڵدان وتیشی "بەڵام کاتێک ئێمە سەیری مێژوو دەکەین، ژنان لە گۆڕەپانەکانى شەڕدا شوێن و پێگەیەکى گرنگیان هەبووە. بە درێژایی مێژوو تاوەکو ئێستا و هەموو کات ژن بە ئەرکی پێشەنگایەتی هەستاوە. تێکۆشانی گەریلاکانی یەژاستار لە چیاکانی کوردستان لە دژی دوژمن روون و لەبەرچاوە. کەلەپور و ئەزموونى شەڕ بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵان بێرتیان و زیلان گەشەى کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە.

لە ناو سیستمدا دەوترێت، ژن ناتوانێت شەڕ بکات و لاوازن، بەڵام لە کەسایەتیی پەکەکە و پاژک دا ورە و هێزی شەڕی ژنان کەوتە بەرچاوی هەموان. لەسەر بابەتەکانى ئیتیک و ستاتیکا و جوانیناسیش کاتێک مرۆڤ بە وردی و بەرفراوانى لێیان وردبێتەوە، ژنان ویژدان و هەستی دادمەندییان زۆر لە پێشە و ئەوەش نیشانى دەدات، کە لە شەڕ و رۆشنبیری و کولتوریشدا پێگەى پێشەنگی هەیە. لە شەڕی شارەکانیشدا، لە شەڕی چیاکانیشدا هێزی پێشەنگایەتیی ژنان چەسپاوە. ژنان دەتوانن لە هەموو شوێنێکدا شەڕ بکەن".

نەواڵ سەرنجی خستەسەر رۆڵی سەربازیی ژنان و وتی "لە سەنگەرەکان و لە چالاکییەکاندا ژنان لە ریزی پێشی پێشەوە شەڕ دەکەن. ئەو قسانەى، کە دەوترێت ژنان لە سەربازییەوە دوورن، بەهۆی ئەو رۆڵەى گەریلاکان خستوویانە سەر شانیان، پووچبووەتەوە. گەرچی لە سروشتی ژندا شەڕ نییە، بەڵام لەم هەلومەرجەى ئێستادا لە دژی توندوتیژی و هێرشەکانى سەر گەل، ژنان خۆیان بەرامبەر بە گەل بە بەرپرسیار دەزانن و بەشداری لە شەڕدا دەکەن و گەل دەپارێزن. ئێمەى هێزەکانى یەژاستا بە فەلسەفەی رێبەرایەتی تێکۆشانی خۆمان گەشە پێدەدەین. دەبێت ژنان بڕوایان بە خۆیان هەبێت. بە هیچ شێوەیەک گومان لە هێزی خۆیان نەکەن. دەبێت هەموو ژنێک خاوەنداری لە تێکۆشانی خۆی بکات".

ژنان بۆ مافەکانى خۆیان شەڕ دەکەن

گەریلای یەژاستا هاڤین زاگرۆس وتی، بەرگریکردن لە گەل و سروشت یەکێکە لە کارە زۆر گرنگەکانى ژنان و وتی "ئیدی ئەو بیر و رامانە رووخاوە، کە پێیوایە کاری ژن ئەوەیە لە ماڵەوە منداڵ گەورە بکەن و ماڵ پاک بکەنەوە. پەکەکە هەموو ئەو عەقڵییەتانەى لە ناوبرد. ژن بە ورە و ئاوەزی خۆی لە چیاکاندا شەڕ دەکات. ژن بە بیر و رامانی خۆی دەتوانێت هەموو شتێک بکات. هەبوونی ژنان لە چیاکان زۆر قورسە، بەڵام ژنان بە کردەوە لە شەڕدا هێز و ورەی خۆیان بینی و سەلماندیان. بەو میرات و کەلەپورەى کە گەریلاکانى یەژاستار بۆیان بەجێهێشتووین ژن لە شەڕدا وەک هێزی پێشەنگ بەشدارە و درێژەش بە پێشەنگایەتییەکەى دەدات. بۆ ئەوەش قوربانیی زۆریان داوە. ئێمەی ژنان بە ئایدۆلۆژیای رێبەرایەتی زیاتر پەیوەستی ژیان بووین، چونکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانى خۆمان روومان لە چیاکان کردووە و تێکۆشانی خۆمان گەیاندووەتە ئاستی ورە و کەرامەتی ئازاد.

ئێستاش ژن دەتوانێت خۆی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بسەلمێنێت. لە کەسایەتیی ژنانی کورددا هەموو ژنانی جیهان بڕوا بەوە دەکەن، کە دەتوانن بۆ خۆیان شتێک بکەن. ژنانی کورد لە پێشی پێشەوە لە چیاکاندا، لە رۆژئاوا، بە ئارین و ئاڤێستا، لە رۆژهەڵات بە شیرین عەلەم هولی، لە باکوور بە سارا و بێریتان، بە تێکۆشانی خۆیان پێشەنگایەتییان بۆ ژنان کردووە. لە رۆژئاوا زۆرێک لە هەڤاڵانى ژنی ئینتەرناسیۆنالیست بەشداری شۆڕش دەبن و ئەو بەشداربوونەیان بۆ ناو شۆڕش بێ هاوتا و نمونەییە.

سەربازی ئەو شوێنە نییە، کە تەنها تایبەت بێت بە پیاوان، ژنانیش دەتوانن تیادا بەشدار بن و بەرگری لە خۆیان و گەلی خۆیان بکەن. تێگەیشتنی سەربازی و هێڵی سەربازی بۆ ژنان کەمە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، هێڵی گەریلایەتی بۆ ژنان دروستتر و گونجاوترە. هۆکاری ئەوەش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێمە گەریلا بە شێوەیەکى زۆر بەرفراوانتر دەبینین لە سەربازی. لەم سەدەیەدا ئەوە لە کەسایەتیی ژنانی کورددا سەلمێنراوە. لە هەر چوار بەشی کوردستان هەزاران نمونەى بێ هاوتایان هەیە و سەلماندویانە".

ژ.ت