کوردستانیان لە چوارچێوەى هەڵمەتى "کات کاتی ئازادییە" لە ١٠ شاری ئەوروپا رژانە سەر شەقامەکان

کوردستانیان لە ئەوروپا لە چوارچێوەى هەڵمەتی "نا بۆ گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری، کات کاتی ئازادییە" بە داوای ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٠ پایتەخت و گەورە شاری ئەوروپادا رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی جەماوەرییان رێکخست.

کوردستانیا لە شارەکانی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویح، دارمشتادی ئەڵمانیا، کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک، لاهای هۆڵەندا، پاریسی پایتەختی فەرەنسا، زوریخی سویسرا، دوسلدۆرفی ئەڵمانیا، تولوسی فەرەنسا، شتوتگارتی ئەڵمانیا و مارسیلیای فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا و لە چالاکییەکاندا گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا و داوای ئازادییان بۆ ئۆجالان کرد.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا لە چوارچێوەى هەڵمەتی "نا بۆ گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری، کات کاتی ئازادییە" لەسەر بانگەوازی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد و رێکخراوەکانی گەنجان و ژنان ئەو چالاکییانەیان رێکخست. لە ئۆسلۆ لە بەردەم پەرلەمانی نەورویج دا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا و داوای ئازادیی کرا. لە چالاکییەدا راگەیاندرا، ئاکەپە و مەهەپە بە عەقڵییەتى فاشیستیی کودەتای ١٢ی ئەیلول دەوڵەت بەڕێوەدەبەن.

لە دارمشتاد سەرباری هەوڵی تێکدەرانەى فاشیستەکان و پۆلیسی ئەڵمانیا، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە دواى رێپێوانەکەیان گردبوونەوەیان رێکخست و رایگەیاند "ئێمە بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ رژاوینەتە سەر شەقامەکان و تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت ئێمە لە گۆڕەپانەکان و سەر شەقامەکاندا درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین. سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین، کە گەلی کوردی لە نەبوونەوە گەیاندە ئەم بەرخودانە گەورەیە".

لە شاری کۆپنهاگی دانیمارکیش چالاکوانان لەچالاکییەکەیاندا رایانگەیاند "فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دیسانەوە بە دەستی خوێناوییەوە درێژە بە سیاسەتە داگیرکەرییەکانی دەدات. ماوەى ٤٠ ساڵە و لە کودەتای ١٢ی ئەیلولەوە تاوەکو ئێستا هەموو کات خۆیان لەسەر خوێنی کوردان بەڕێوەبردووە و خۆیان لەسەر پێ هێشتووەتەوە". لەو چالاکییەدا نکۆلاژ لۆهمان بە ناوی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانەوە سڵاوی لە بزووتنەوەى ئازادیی کورد و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک هێز و پشتیوانی خۆی لە ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپاوە وەردەگرێت. گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیش ئیدانە کرد.

لە شاری لاهای هۆڵەنداش لە بەردەم بینای دیوانی دادپەروەریی لاها چالاکییەک رێکخرا و رایانگەیاند، لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن و داوای هەستیاریشیان لە رای گشتی کرد.

لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا و شاری زوریخی سویسرایش چالاکی بەڕێوەچوو.

 لە چالاکییەکاندا رایانگەیاند "فاشیزمی ١٢ی ئەیلول ئەمڕۆ لەلایەن ئاکەپە / مەهەپەوە بە هەموو سیاستە چەپەڵەکانییەوە درێژەى پێدەدرێت. بە ئەشکەنجەی ئیمراڵی وڵات کراوەتە زیندانی، با کەس گومانی لەوەدا نەبێت، کە بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلان ئەو تاریکاییەی فاشیزم ناچار بە شکست دەبێت".

لە بەردەوامیی ئەو زنجیرە چالاکییەدا لە شارەکانی دوسلدورف و تولوس-یش چالاکی بەڕێوەچوون و راگەیاندرا، فاشیزمی کودەتای ١٢ی ئەیلول ئێستاش درێژەى هەیە و چالاکوانان سەرنجیان خستە سەر هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد.

هەروەها لە شارەکانی شتوتگارت و مارسیلیاش چالاکی بەڕێوەچوون.

چالاکوانان پۆستەرێکی گەورەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرز کردبووە و گۆشەگیرییان ئیدانە کرد و داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان کرد.

ژ.ت