کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حکمەتیست پەیامی بۆ عەفرین نارد

پلینۆمی ٣٧مینی کو میتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حکمەتیست، هاوپشتی بۆ بەرخۆدانی عەفرین دەربڕی و سەرکۆنەی هێرشی تورکیای کرد.

 

لە پەیامی پلینۆمی ٣٧مینی کو میتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حکمەتیست، کە ئاڕاستەی خەڵکی تێکۆشەری عەفرین کراوە هاتووە: "نزیکەی دوو مانگ بەسەر هێرشی وەحشیانەی سوپای فاشیستی تورکیا بە هاوکاری هەزاران کەس لە بەکرێگیراوانی پێشووی داعش و ئەلقاعدە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین تێدەپەڕێ. لەم ماوەیەدا سوپای فاشیستی تورکیا لە زەوی و ئاسمانەوە شارەکەی ئێوەی خستۆتە ژێر هێرش و پەلامارەوە و بە داخەوە سەدان کەس لە خەڵکی بێ دیفاع گیانی خۆیان لەدەست داوە".

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حکمەتیست، لە بەردەوامی پەیامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: "ئێمە وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی خۆمان بۆ مقاوەمەتی ئێوە خەڵکی تێکۆشەری عەفرین، ئەم هێرشە وەحشیانەیەش بۆ سەر شارەکەتان بە توندی ئیدانە دەکەین. لە هەمان کاتدا داوا لە ڕای گشتی خەڵکی پێشڕەو و ئازادیخوازی جیهان و  ڕێکخراوەکان و یەکێتییە کرێکارییەکان دەکەین، سەرەڕای مەحکوم کردنی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، خوازیاری ڕاگرتنی دەسبەجێی جەنگ بن لە دژی ئێوە خەڵکی عەفرین".