کۆمیتەى ئایین و باوەڕەکانى کۆدار: رێزگرتن لە کەرامەتى مرۆیى هەنگاوێکە بۆ دەستپێکردنى ژیانی شکۆمەدانە

کۆمیتەىى ئایین و باوەڕەکانى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) بە بۆنەى جەژنى قوربانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى ئایین و باوەڕەکانى کۆدار دا هاتووە "لە ناوچەیەکى قەیراناوى و پڕ لە ئاشوب و نائارامداین. ئەم ناوچەیە لانکەى شارستانیەت و مرۆڤایەتییە، بەڵام هەموو رۆژێک شایەتى مردنى چەندین کەسین. پێویستە و لە جێى خۆیدایەتی هەموو جەژنەکان و ئێستاش جەژنى قوربان بکرێتە دەرفەتێک بۆ پارێزگاریکردن لە رێز و شکۆ و کەرامەتى مرۆیى".

ئەوەشى تیادا هاتووە "رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە کاتى گوزەردایە و لە ئێستادا لە یەکێک لە قەیراوناویترین قۆناغەکانى مێژووی خۆیدایەتی، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر بە دواى دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی و پێگەى راستەقینەی خۆیدا دەگەڕێت. ئەوەش بەدی نایەت تاوەکو ئەو کاتەى کە یەکێتیى راستەقینە و تێکۆشانى لە بن نەهاتوویى ئیبراهیم ئاسا، لە ناو گەلانى ئەم ناوچەیەدا ئەنجام نەدرێت. ئەو یەکێتییە راستەقینەیە دەبێتە هۆی گەیشتن بە یەکسانى و ئازادى و کۆتایهاتن بە جەنگە تاقەتپڕوکێنەکانى  ئەم ناوچەیە".

کۆمیتەى ئایین و باوەڕەکانی کۆدار هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایکردنی جەژنى قوربان لە هەموو مسوڵمانانى جیهان راشیگەیاندووە "ئەم جەژنە رۆژی رێزگرتنە لە شکۆ و کەرامەتى مرۆیى و دوورکەوتنەوەیە لە هەر جۆرە جەنگ و خوێنڕشتنێک، بۆیە رێزگرتن لە شکۆ و کەرامەتى مرۆیی دەبێتە هەنگاوێکی بنەڕەتى بۆ سەرەتاى وەرزێکی نوێ لە ژیانى شکۆمەندانە لەم ناوچەیەدا".

ر.م