کۆمەڵەى مافەکانی سەدە: دەبێت سی پی تی بە ئەرکی خۆی هەستێت!

کۆمەڵەى مافەکانی سەدە رایگەیاند، راپۆرتەکەى سی پی تی تێرکەر نییە و داوای لە سی پی تی و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانى بواری مافەکانی مرۆڤ کرد، کە بۆ کۆتایهێنان بە سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی زیاتر هەوڵ بدەن و بەرپرسیاریی خۆیان بەجێبهێنن.

کۆمەڵەى مافەکانی سەدە، کە پارێزەریی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکات لەبارەى راپۆرتەکەى سی پی تی-یەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆمەڵەی مافەکانى سەدەدا هاتووە:

"کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەى ئەنجومەنى ئەوروپا (سی پی تی) لەبارەى سەردانەکانیان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ دا بۆ زیندانەکانی تورکیا راپۆرتێکى بڵاوکردەوە. یەکێک لە زیندانەکان کە لە نێوان ٦-١٧ی ئایاری ٢٠١٩ دا سەردانیان کرد، زیندانی ئیمراڵی بوو. راپۆرتەکە لەبارەى سەردانەکەى ٢٠١٩ بۆ زیندانی ئیمرالی، کە بە دەربڕینێکى لاواز و ترسنۆکانە ئامادە کرابوو، سەرنجی خستبووە سەر پێشێلکاریی مافەکان و سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی و لەو رووەوە راپۆرتێکى گرنگە.

راپۆرتەکە لەبارەى زۆرێک لە پێشێلکاری و سزاکانەوە ئاماری جدیی پێشکەشکردووە. وەک دەزانرێت زیندانی ئیمراڵی بە سیستمێکى تایبەت و ئاسایشێکى بەرزەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەو سیستمە بۆ یەکەمجار لە تورکیا لە ئیمرلڵی کاری پێکرا و ئێستا وەرسوڕاوە بۆ سیستمی سزادانی گشتی و هەموان و وەک رژێمێکى جێبەجێکردنی سزا قورسەکان دەناسرێت. هەر خۆی دادگای مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا لەو سەردانەدا بۆ ئیمراڵی کرا، ئەوەی وەک پێشێلکردنی قەدەغەى ئەشکەنجە پێناسەکردبوو. سی پی تی کە لە راپۆرتەکانی پێشتریدا داوایکردبوو دەست لەو رژێم و سیستمە هەڵبگیرێت و پوچەڵ بکرێتەوە، هەمان داواشی لە دوا راپۆرتیدا خستووەتەڕوو.

یەک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی راپۆرتەکەى ئەمدواییەی سی پی تی ئەوەیە کە دەڵێت: رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی پارێزەران کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیپێکردووە و رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە زیادیکردووە، بە ئاشکرا بووەتە بابەتی دیالۆگی نێوان سی پی تی و حکومەتى تورکیا. سی پی تی سەرنجی خستووەسەر پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە، کە لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ەوە، کە بەهۆی دۆخی باری نائاساییەوە سەپێنراوە و ئەوەشی وەک 'گۆشەگیری' پێناسەکردووە. هەروەها سەرباری ئەوەى باری نائاسایی لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام رەتکردنەوەى داواکان بۆ چاوپێکەوتن وەک دۆخێکى جێگای نیگەرانی لێکداوەتەوە.

هەروەها لە راپۆرتەکەى سی پی تی دا پێشێلکردنی قەدەغەى ئەشکەنجە بەبیرخراوەتەوە و لە راپۆرتەکەدا، سزای ژووری تاکەکەسی، کە لە ئیمراڵی بووە بە بابەتێکى رۆتین، رێگریکردن لە دانوستاندنی زیندانییەکان پێکەوە، رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی زیندانییەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان و پارێزەرانیان، رێگریکردن لە پەیوەندیی زیندانییەکان لەگەڵ دەرەوە لە رێگەى نووسین و نامەوە، لە رووی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ و نێونەتەوەیی وەک دۆخێک قبوڵ ناکرێت، ئەوانە لە راپۆرتەکەدات دەستنیشان کراون.

سی پی تی ئەو پێشکەوتنانەى لە مانگی ئایاری ٢٠١٩دا روویاندا بە ئەرێنی لێکداوەتەوە، کە لەو کاتەدا سەردان روویاندابوو. هەر خۆی لەو کاتەدا لە زیندانەکانى تورکیادا، لە دەرەوە و زۆرێک لە شوێنەکانى تری دونیادا زیاتر لە ٣ هەزار کەسایەتیی سیاسی لە چالاکیی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردندا بون. لە کاتێکى قەیراناویدا و بەهۆی ئەو چالاکییانەوە وەزارەتی داد رایگەیاند، قەدەغەى لەسەر چاوپێکەوتنەکان نییە و دواتر چاوپێکەوتنی نێوان پارێزەران کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە رێگریی لێدەکرا، دەستیان پێکردەوە. ئەو چاوپێکەوتنانە لە مانگی ئایار، حوزەیران و ئاب دا ئەنجامدران، کە وەک سی پی تی دەستنیشانیکردووە، لەو کاتانەدا بە ئەندازەی سزای دیسیپلینەکان پێشێلکاری و زەوتکردنی ماف بە شێوەى میزاجی هەبووە، بەڵام لە ئابی ٢٠١٩ەوە و سەرباری ئەوەى بڕیارێکی یاسایی نییە، رێگری لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ پارێزەران دەکرێت. سی پی تی سەرنجی خستووەتەسەر، پێویستیی بەردەوامبوونی چاوپێکەوتنەکان بە شێوەى رێکوپێک و لەسەر ژمارەی چاوپێکەوتنەکانی بنەماڵە و پارێزەران لە ئیمراڵی داوای زانیاریی مانگێکى لە حکومەت کردووە و ئەوەش گرنگە.

لە بەردەوامیی راپۆرتەکەى سی پی تی دا هاتووە، راپۆرتەکە بە رەزامەندیی دەوڵەتە ئەندامەکانی راپۆرتەکە بڵاوکراوەتەوە. سەرباری ئەوەى بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکەى سی پی تی پەیوەستە بە رەزامەندیی دەوڵەتەکانەوە، دەبێت ئەوە لە بیر نەکرێت، کە سی پی تی رێکخراوێکى حقوقی و یاسایی دەوڵەتەکان نییە، بەڵکو سی پی تی رێکخراوێکى حقوق و یاسایی بواری مافەکانى مرۆڤە. سی پی تی بە پاساوی دیپلۆماتیک هەوڵ دەدات، میکانیزمەکانی رەزامەندیی دەوڵەتەکان بە بەردەوامی جێبەجێ و رەچاو بکات، بەداخەوە بە خەمساردی لە بێباکییەکەى خۆی و ئاستی خۆی نزیک دەبێتەوە، کە لەسەروو دەوڵەتەکانەوەیە. تاکە ئەرکی سی پی تی ئەوەیە، کە ئەو بۆ پێشگرتن لە ئەشکەنجە لە چوارچێوەى سیستمی حقوقی و یاسایی ئەوروپادا بجوڵێتەوە. پەیماننامەکان و بەرنامە و پڕۆگرامی رێکخراوەکە ئەوەیان دەستنیشانکردووە.  

وێڕای ئەوەش، سی پی تی ماوەى ٢١ ساڵە هەموو جارێک باس لە سیستم و رژێمی سزا قورسکراوەکان و کردارەکانی بەدەر لە حقوق و مافەکان دەکات، بەڵام بە داخەوە تەنها لاڵانەوە و پاڕانەوە و لە بەرگەڕاندن بە چارەسەر دەزانێت. بێگومان هێزی گوشار و زۆرداریی دەوڵەتەکان هەیە، بۆیە مێژووی مافەکانی مرۆڤیش لەبەر ئەو گوشارانە میکانیزم و رێوشوێنێکی جیاواز و کاریگەریی ئافراندووە. خاڵی 10/2  ی پەیماننامەى سی پی تی ئەو ئەرکەی پێدەات، ئەو دەوڵەتە ئەندامانە، کە بە پێداگرییەوە لە دژی پەیمانەکە بجوڵێنەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات، بەڵام بە داخەوە سی پی تی ئەو ماف و ئەرکەى خۆی بەجێناهێنێت.

سی پی تی ئەگەر ئێستا ئەرکی خۆی لە ئیمراڵی کۆنترۆڵ و جێبەجێ بکات، کە یەکێک لە رێکخراوە کاریگەرە نێودەوڵەتییەکانە بێگومان سەردان و راپۆرتەکەى زۆر گرنگ دەبێت. ئەو سەردانە بە زمانێکى دیپلۆماتیک بۆ جارێکیتر دەستنیشانیکردووە، کە سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی لە چوارچێوەى سیستمێکى ئەشکەنجەکردندا بەڕێوەدەبرێت، بەڵام بە داخەوە لەو دۆخەى ئێستادا تەنها سەردان و راپۆرت بەش ناکات، بێ مافییەکان و میزاجی نزیکبوونەوە رۆژ بە رۆژ بە دامەزراوەیی و هەمیشەیی دەکرێت. لەبەر ئەوەش ئێمە داوا لە سی پی تی و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ دەکەین، کە بۆ کۆتایهێنان بە سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی زیاتر هەوڵ بدەن و بەرپرسیاریی خۆیان بەجێبهێنن".

ژ.ت