کۆنسێرتەکەی گروپی یوروم رێگری لێکرا و چەندین کەسیش دەستگیر کران

ئەو کەسانەی ویستیان بەشداری لە کۆنسێرتی گروپی یورومدا بکەن لە ئەستەنبول، بە لێدان و زۆرەملێ لە لایەن هێزی پۆلسەوە رێگریان لێکرا. هاوکات رێگری لە کاری تیمە رۆژنامەوانیەکانیش کرا و ئەو دیمەن و وێنانەی گرتبوویان، لە لایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیرا.

گروپی یوروم کە هەر یەک لە ئەندامەکانی هێلین بولەک و ئیبراهیم گوکچەک بە هۆی قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکانیان لە ئەنجامی چالاکی رۆژووی مردندا گیانیان لەدەستدا، ویستی لە ناوچەی یەنیکاپی لە ئەستەنبول کۆنسێرتێک ساز بکات، بەڵام لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە رێگریان لێکرا و ئەو کەسانەی ویستیان بەشداری کۆنسێرتەکە ببن، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کران.

کۆنسێرتی ئەو گروپە چەندین مانگە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە قەدەغە کراوە. بەر لە کاتی دەستپێکردنی کۆنسێرتەکە، هێزە ئەمنیەکان دەوروبەری یەنیکاپیان تەنیەوە و ئەو هاوڵاتیانەی بەرەو شوێنی کۆنسێرتەکە دەڕۆیشتن پشکنینیان بۆ دەکردن و رێگەیان بەو کەسانە نەدەدا کە بەرە شوێنی کۆنسێرتەکە دەڕۆیشتن.

هاوڵاتیانیش وەکو دەبڕینی ناڕەزایەتی، دروشمی "گروپی یوروم گەلە، بێدەنگ ناکرێت"یان وتەوە.

لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پۆلیسدا بۆ سەر هاوڵاتیان، زیاتر لە ١٠ کەس دەستگیر کران. لە بارەی رووداوەکەشەوە نوسینگەی یاسای گەل رایگەیاند هەر یەک لە ئونورجان، جان بولوت، ئەرکان ئشک و دۆغوجان ئەرکمەن ئازاد کراون.

ز.ش