کەشتیەکەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کشایەوە

دەوڵەتی تورک کەشتیەکەی خۆی بەناوی 'ئوروچ رەئیس' کە ١٠ی ئاب بۆ کاری گەڕان بەدوای غازی سروشتیدا بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ڕەوانەکرابوو، کشایەوە.

دوای ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئاشکرابوو کە غازی سروشتی هەیە، تورکیا لە ئاوەکانی نێوان یونان و قوبرس دەستی بە گەڕان بەدوای غازدا کرد. ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە هەرێمەکە.

کاتێک کەشتی ئوروچ رەئیس ١٠ی ئاب بۆ هەرێمەکە ڕەوانەکرا، کاتەکەی سێ جار درێژکرایەوە. بەڵام رۆژی شەممە گەڕایەوە ئەنتاڵیا. تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەرفەت بە دیپلۆماسی دەدات و کەشتیەکەی کشاندەوە.

ناتۆش ڕایگەیاند کە لایەنەکان دانوستانیان قبوڵ کردووە، بەڵام ئەسینا ئەوەی ڕەت کردەوە.

لەبەرانبەری وەزیری بەرگری تورک بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕۆژی پێنجشەمە لە بارەگای یونان لە بروکسل لەگەڵ بەرپرسە سەربازیەکانی یونان کۆبوونەتەوە.

سوپای تورک لە ڕابردوودا چەند جار ڕایگەیاندبوو کە ئامادەنە بێمەرج دەست بە دانوستان بکەن و یونانیش رایگەیاندبوو هەرکاتێک ئەنقەرە کۆتایی بە هەڕەشەکانی هێنا ئەو کاتە دەست بە دانوستان دەکەن.

ستیلیوس پیتساس وتەبێژی حکومەتی یونان ڕۆژی یەکشەمە بە سکای تی ڤی یونان رایگەیاندبوو کە ئەوان کشانەوەی کەشتیەکەی تورکیا بە ئەرێنی دەبینن و وتی، " ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین."

ز.ش