کەنەکە: داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان لە پلەی زەنگی سووردایە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیاندراوێکى بە ناونیشانی "کوردستان لە مەترسیدایە" لەبارەى داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پلەی زەنگی سوور دایە".

دەستەی بەڕیوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راشیگەیاندووە "لە ڕۆژی ئەو ڕۆدا دەوڵەتی تورکیا و ئێران دژ بە دەستکەوتی کورد و کوردستان لە ناو بزاڤێکی گەلێک دوژمنانەدان و هەموو هەوڵێک دەدەن کە رێگا لە کوردان بگرن بۆ ئەوەی تا بتوانن هەناسە لە کوردستانیان ببڕن".

کەنەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە سوپای تورکی داگیرکەر بە دروستکردنى مۆڵگەى هەواڵگری و سەربازی دەستی بە داگیرکردنى باشووری کوردستان کردووە و ئێستاش دەیەوێت ئەو مۆڵگانەى پێکەوە ببەستێتەوە و جگە لە کۆنترۆڵکردنى هەموو باشووری کوردستان بەشەکانى تری کوردستانیش لە یەکتر داببڕێت و ئاماژەى بەوەکردووە "هێرشی سەر خواکورک هەر دژ بە هێزی گەریلا نییە، بەڵکو دژ بە هەموو خەڵکی کوردستانە و بۆ داگیرکردنی سەرانسەری  کوردستانە. ئامانجی سەرەکیی لەم هەوڵە داگیرکەرییە نوێییە هەر ئەوە نییە باشوور کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو دەیەوێت دەستی بە ڕۆژهەڵات و باکووریش بگات و لەیەکەیان داببڕێت".

کەنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەو شیمانەیەش هەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە دەڤەری جزیر لە باکوور بەرەو دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست بە داگیرکەریی بکات و بەو شێوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بکات بە سێ کوتەوە و ڕۆژئاوا لە یەک داببڕێت. نیەتیی دەوڵەتی تورکیا تەواو داگیرکەرانە و دوژمنانەیە و بۆ ئەوەیە کە بە تەواوی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دیارە ئەمە هەڕەشەیە لە سەر تەواوی کوردستان، نەک هەر بە تەنیا پارچەیەک و بۆ تێکدان و وێرانکردنی تەواوی کوردستانە".

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا ئەوەش هاتووە "بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی چواردەور و دونیاش جێی مەترسیە. بە داخەوە، تا ئێستا و لە پێش هەر لایەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هێزەکانی باشووری کوردستان بێ دەنگ و بێ کردارن. ئەم بێدەنگییە جەسارەت و غیرەت بە داگیرکەران دەدات، دڵی دۆستان دەشکێنێت و دڵی نەتەوەکەمان خەمگین دەکات".

کەنەکە تاکە رێگاش بۆ بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەرانی کوردستان بە یەکێتیى نەتەوەى گەلی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان لە دژی داگیرکەران دەزانێت و داوایکردووە، هەموو لایەنەکان بەرامبەر بە داگیرکەریى دەوڵەتى تورک خاوەن هەڵوێست بن.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان

کوردستان لە مەترسییدایە

خەڵکی کوردستان و بەڕێوەبەرانی سیاسیی کوردستان، داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پلەی زەنگی سوور دایە.

پێویست ناکات بە تایبەتیی باس لە سیاسەتی کۆمەڵکوژانەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان بکەین. ئەم دەوڵەتە دڕندە داگیرکەرە لە سەر تەختی فەرمیی خۆی و لە چواردەوری تەختەکەی بە ئاشکرا باس لە مەبەست و خواست و ئومێدی خۆی دژ بە خەڵکی کوردستان دەکات. ڕاستییەکی ڕوونە هێشتا بە داخەوە زۆرینەی هێزەکانی کوردستان وەڵامێکی دروستحیسابی و گەرماوگەرم و بە دەستوبرد بەم دەستدرێژییکاریی و داگیرکەرییە نادەنەوە. هەڵوێستێکی لەم جۆرە جێی پرسیارە و نیگەرانییە. لەبەرئەوەیە ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک بە ڕۆشنی دەیڵێین و دەمانەوێت کە سەرنجێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بخرێتە سەر ئەم مژارە جیددیە.

با ئەو قسەیە دووبارە بکەینەوە کە هەمووان بە گشتیی دەڵێن: لە ڕۆژی ئەو ڕۆدا دەوڵەتی تورکیا و ئێران دژ بە دەستکەوتی کورد و کوردستان لە ناو بزاڤێکی گەلێک دوژمنانەدان و هەموو هەوڵێک دەدەن کە رێگا لە کوردان بگرن بۆ ئەوەی تا بتوانن هەناسە لە کوردستانیان ببڕن. هەر ئێستا لە پیادەکردنی ئەم کارەدان. ئەم دوژمانیەتیە خوێنخوارییە لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەبینرێت.

لە سەرەتادا لە باشوور بە دامەزراندنی مۆڵگۆکەی کۆنترۆڵکردن دەستی پێ کرد. پاشان دەستدرێژییان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. بە ئامانجی لەیەک پچڕاندنی جوگرافیایی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەی کە کوردان دەستڕەسیی بە دەریای سپی بگات پارچەیەکی گەورەی ڕۆژئاوایان لە جەرابلوس و عەزازەوە هەتا عەفرین داگیر کرد و سپایەکی بەئەژمار زۆر و کۆمەڵێک چەتەی  تیادا کۆکردووەتەوە.

لەم دوواییەشدا لە ستراتیژیەکی هەرە نوێی خۆیدا دەوڵەتی تورک لە هەڵپەی ئەوەدایە کە مۆڵگە سپایی و سیخوڕییەکانی خۆی مەزنتر بکات و لە رووی سەربازیی و تەکنیکییەوە پێکەوە گرێیان دەدا و هاوکات ناوچەی زیاتر و زیاتر لە باشووری کوردستان بە مەبەستیی خۆمۆڵکردنێکی درێژخایەن داگیر دەکات. ئامانجی سەرەکیی لەم هەوڵە داگیرکەرییە نوێییە هەر ئەوە نییە کە باشوور کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو هەروەها ئەوەیشە، کە دەستی بە ڕۆژهەڵات و باکووریش بگات و لەیەکەیان داببڕێت.

هێرشی سەر خواکورک هەر دژ بە هێزی گەریلا نییە بەڵکو دژ بە هەموو خەڵکی کوردستانە و بۆ داگیرکردنی سەرانسەری  کوردستانە. دەبێت لەم راستییە تێ بگەین و هەموو لایەک لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییە تێکۆشان و بەرخۆدان بکات.

هێزی گەریلا و خەڵکی ئەو ناوچانە دژ بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بە گەرمی تێدەکۆشن و ڕێی پێ نادەن بەپێی مەبەست و هیوای خۆی پێش بکەوێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو شیمانەیەش هەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە دەڤەری جزیر لە باکوور بەرەو دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست بە داگیرکەریی بکات و بەو شێوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بکات بە سێ کوتەوە و ڕۆژئاوا لە یەک داببڕێت. نیەتیی دەوڵەتی تورکیا تەواو داگیرکەرانە و دوژمنانەیە و بۆ ئەوەیە کە بە تەواوی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دیارە ئەمە هەڕەشەیە لە سەر تەواوی کوردستان، نەک هەر بە تەنیا پارچەیەک و بۆ تێکدان و وێرانکردنی تەواوی کوردستانە.

ئەگەر ڕێگا لە دەوڵەتی تورک نەگرین ئەوا بکوژیی و دزیی و تاڵانیی دەوڵەتی تورک کە تا ئێستا لە باکوور و ڕۆژئاوا و هەندێک شوێنی باشوور دیتوومانە لە سەر هەموو کوردستان دەبێت بە راستییەک.

ئێستا دەبێت چی بکرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە. هەر کار و خەبات و تێکۆشانێک کە ڕێ لە دەوڵەتی داگیرکەر بگرێت دەبێت بێ دوودڵی و گومان بکرێت. ئەم کارەیەش بە یەکێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی شیاوە. یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییە، کە دەتوانێت ئەو ورە و هێزەمان پێ ببەخشێت کە بۆ وەڵامدانەوەی داگیرکەری پێویستمانە.

دیارە بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی چواردەور و دونیاش جێی مەترسیە. بە داخەوە، تا ئێستا و لە پێش هەر لایەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هێزەکانی باشووری کوردستان بێ دەنگ و بێ کردارن. ئەم بێدەنگییە جەسارەت و غیرەت بە داگیرکەران دەدات، دڵی دۆستان دەشکێنێت و دڵی نەتەوەکەمان خەمگین دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک زۆر بە گرینگییەوە دەخوازێت سەرنجی هەموو هێزە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کوردستان بۆ ئەم مژارە گرینگە ڕابکێشێت کە پێکەوە وەڵامێکی دروست بە داگیرکەریی تورکیا بدەینەوە، کە بزانن بە راستیی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی دەتوانن بەرامبەر بە داگیرکەریی بووەستن و ڕایبگرن و بەروە دواوە پاشەکشێی پێ بکەن.

ئەمە ئەرکێکی بڵندی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و دەبێت دەستبەجێ بکرێت، دەنا سبەی درەنگ دەبێت!

ر.م