کەنەکە: دەوڵەتی تورکیا کودەتای بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا کرد

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیاندراوێکى لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکانى گەورە شارەکانى باکووری کوردستان لەلایەن رژێمەکەى ئاکەپە – مەهەپەوە بڵاوکردەوە.

کەنەکە رایگەیاندووە "خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئازاری 2019 دا جارێکی دی شارەوانییەکانیان کردەوە بە جێگای  خزمەتکردنی خەڵک. ئەردۆغان و هاوکارەکانی تەحەمولی ئەو شکستە گەورەیان نەکرد، بۆیە جارێکی تر دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا گرتەوە و داگیریان کردن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

دەوڵەتی تورکیا کۆدێتای بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا کرد

رۆژی 19 ئابی 2019، حکومەتی ئەردۆگان لە سێ شاری گەورەی کوردستان، ئامەد، وان و ماردین، کۆدێتای بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا کرد و  سێ کەسی خۆی ( قەیوم) لە جێی سەرۆک شارەوانیانی ئەو سێ شارە دانا. ئەم رەفتارەی حکومەتی ئاکەپە، ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ و ئەم سیاسەتە هێرشکارییەی ئەردۆگان، جارێکی تر رق و کینەی دەوڵەتی تورکیای بەرامبەر کورد و کوردستان ئاشکرا کرد.

ساڵی 2016 ش بە فەرمانی حکومەتی ئەردۆگان دەست بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا گیراو  قەیومەکانی لەجێی سەرۆک شارەوانییەکان دانا. بەڵام لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری  2019دا، جارێکی تر خەڵکی کوردستان بە دەنگی بڵند سەرۆک شارەوانییەکانی خۆیان هەڵبژارد و کۆتاییان بە تالان و بڕۆی قەیومەکان هێنا. بۆ ماوەی سێ ساڵ قەیومەکانی حکومەتی ئەردۆگان سامانی شارەوانیەکانیان تاڵان ئەکرد، ماڵ و موڵکی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان بەکارئەهێنا. خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئازاری 2019 دا کۆتاییان بەم نادادییەی حکومەتی تورکیا هێناو جارێکی دی شارەوانییەکانیان کردەوە بە جێگای  خزمەتکردنی خەڵک. ئەردۆگان و هاوکارەکانی تەحەمولی ئەو شکستە گەورەیان نەکرد، بۆیە جارێکی تر دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا گرتەوە و داگیریان کردن.

دەمێکی درێژە حکومەتی ئەردۆگان لە هەموو روویەکەوە، هێرشێکی بێسنوور و ناڕەواو دڕندانە ئەکاتە سەر خەڵکی کوردستان. لە ئاسمانەوە بێ پسانەوە بۆردومانی خەڵکی کوردستان ئەکات. هێرشەکانی ئەردۆگان و باخچەلی هەر بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاون. ئێستا ئەیانەوێ بە تەواوی رۆژاوای کوردستان داگیربکەن و دەست بەسەر  ئیرادەی خەڵکی رۆژاواشدا بگرن. لە هەموو هەوڵێکیشدان دەست بەسەر ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستانیشدا بگرن. لەبەر ئەوە پێویستە کوردان ئەم مەترسییەی دەسەڵاتی ئەردۆگان و باخچەلی ببینین و پێکەوە لەبەرامبەریدا بوەستن.

ئەم رەفتارەی ئەردۆگان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ئەردۆگان و باخچەلیی هاوکاری، هەڵمەتی قڕکردنی کورد و کوردستانیان کردۆتە ئامانجی خۆیان و  بە کردەوەش دەستیان پێکردووە. لە هەر شوێنێک کوردان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئەو شوێنە ئەبێتە ئامانجی هێرشی حکومەتی ئەردۆگان. ئەم هێرشەی دواییشیان بۆ سەر شارەوانییەکانی ئامەد و وان و ماردین، کۆدێتایەکی گەورەیە بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا. ئەم سیاسەتەش ئەو راستییە دووپات ئەکاتەوە کە ئەوان لەسەر سیاسەتی نادیموکراتی و ملهوڕانەی خۆیان بەردەوامن.

ئەم رەفتارانەی ئەوان تەنیا لە دژی ئیرادەی خەڵکی کوردستان نین. ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر بزاڤی دیموکراتخوازیی لە تەواوی تورکیا. لەبەرئەوە پێویستە هەموو دیموکراتخوازانی تورکیا، شانبەشانی خەڵکی کوردستان لەدژی ئەم سیاسەتەی ئەردۆگان- باخچەلی راوەستن و لە دژی ئەم هێرشە دڕندانە و فاشیستییە ناڕەزایەتی پیشان بدەن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بانگی دەوڵەتی تورکیا ئەکەین، کە ئەم سیاسەتە یارکردنە بە ئاگر. ئەبێ بە زووترین کات دەست لە دوژمنایەتی خەڵکی کوردستان هەڵگرن و رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن. رێگا بدەن سەرۆک شارەوانییەکانی ئامەد و وان و ماردین لە کارو خەباتی خۆیان بەردەوام بن.

ئەردۆگان و باخچەلی ئەبێ ئەوە بزانن کە قەیومەکانی ئەوان بەهیچ جۆرێک قبوڵ ناکرێن. سەرۆک شارەوانی شەرعیی ئامەد و وان و ماردین هەر ئەوانەن کە لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2019دا بە دەنگی بڵندی خەڵک هەڵبژێردراون.

هەروەها ك ن ك داوا لە دنیای دیموکرات ئەکات خەڵکی کوردستان بە تەنیا جێنەهێڵن. بەرامبەر ئەم نادادپەروەری و ناڕەوایەتییەی حکومەتی ئەردۆگان و باخچەلی بێدەنگ نەبن و گوشارێکی توندیان بخەنە سەر. ئەو راستییەش ببینن کە چەقی کێشە و ئاژاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، بە تایبەتیش حکومەتی ئەردۆگانە.

ك ن ك داوا لە خەڵکی کوردستانیش ئەکات کە بە هەموو شێوازێکی رەواو دیموکراتیک ناڕەزایەتی خۆیان پیشان بدەن. خاوەندارێتی لەئیرادەی خۆیان و سەرۆک شارەوانییەکانیان بکەن.

ژ.ت