کەنەکە ساڵیادی هەڵمەتى ١٥ی تەباخی پیرۆز کرد

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ٣٥هەمین ساڵیادی هەڵمەتى ١٥ی تەباخ (ئاب)ەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە "عەگیدی عەگیدان بە کۆمەڵێک شەڕڤانانی ئازادیەوە دەستیان پێکرد و ئەمڕۆ بوونە هێزێکی مەزنی گەریلا لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرخۆدانی دۆزی کورد و کوردستان دا لە باکور. ئەم هەڵمەتە و ئەم هەنگاوەی ١٥ ی تەباخ با لە گشت خەڵکی کورد وخەڵکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز بێت".

ئەوەش لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە "دەوڵەتی تورکیا گەڕاوتەوە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەیەوێ بەرخۆدانی گەلێ کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بخنکێنێ. سیستەمی داد و دادگا بووەتە تەوقی ترس و ئەسارەتیی تێکۆشەرانی کوردستان. دیسان زیندانەکانی لە تێکۆشەرانی دۆزی کوردستان پڕ کردووە. توندوتیژی و ئەشکەنجە لەلایەن پۆلیس و جەندەرمەکانی دەوڵەت، بۆتە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی دژی هەموو خەڵکی کوردستان."

ئاماژە بەوەشکراوە " هیوادارین کە گەلی کوردستان  بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و رێککەوتنی ناوخۆیی یەکجارەکی پێکبێنن و لە دژی هەر رەنگێکی زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی و یەکسەنگەری بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان سەربخەن و بگەینە ترۆپکی ئامانجە مەزنەکەمان".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

لە ٣٥یەمین ساڵیادی ١٥ی ئاب "تەباخ" دا

ساڵ ١٩٨٤، رۆژ ١٥ ی تەباخ ـ ئاب. کوردستان و تورکیا لەژێر حوکمی فاشیستیی  کۆدێتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دا دەناڵێ. زوڵمێکی بێ سنوور و کوشت و کوشتارێکی بێ وێنە، ئەشکەنجەدانێکی دڕندانە ژیانی لە خەڵکی خستبووە نەهامەتیەوە. زیندانەکان لە خەڵکانی ئازادیخواز پڕ کرابوون. جونتای فاشیست ترس و تۆقاندنی لە ناو کۆمەڵگادا تەنیبوو. ترسی مردن لەسەر میللەتدا حاکمیەت بوو. نەفەسی ژیانی ئازادانەی لە خەڵک بڕیبوو. لەناو ئەو شەرت و مەرجە قورسەدا خەڵکی کورد و پێشەنگانی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرەی جمهوریەتی تورکیا دا دانەنەواند، سەریان شۆڕ نەکرد، بەرخۆدانێکی بێ وێنە و پیرۆزیان کرد. لە بەرامبەریدا قوربانی مەزن پێشکەش کرا، بەڵام لە بەرامبەری ئەو زوڵمەی دەوڵەت دا ئاڵای ئازادی بەرزکرایەوە.

لەناو ئەو ئاتمۆسفەرە دژوارەدا، تێکؤشان و بەرخۆدانێکی قارەمانانە و بە تەقاندنی یەکەم گولـلەی ١٥ ی تەباخ ئابی ١٩٨٤، بانگی ئازادی و رزگاریی کورد و کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، تورکیا و جیهان جارێکی تر بەیان و جاڕی بۆ درا.

لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا ئەم جارەیان ئەروح و شەمزینان بوونە مەیدانی دەستپێکی تێکۆشانی رەوا و شەرعی شۆڕشی چەکداری، لە باکوری کوردستان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا. بەو هەوڵ و کۆششە ئەمڕۆ ترووسکەی شۆڕشی  کوردستان بۆتە بڵێسەی بە گوڕ و ئاگرێکی گەش لە ناو نیشتیمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. عەگیدی عەگیدان بە کۆمەڵێک شەڕڤانانی ئازادیەوە دەستیان پێکرد و ئەمڕۆ بوونە هێزێکی مەزنی گەریلا لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرخۆدانی دۆزی کورد و کوردستان دا لە باکور. ئەم هەڵمەتە و ئەم هەنگاوەی ١٥ ی تەباخ با لە گشت خەڵکی کورد وخەڵکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز بێت.

لە ساڵیادی ٣٥ یەمینی ١٥ی تەباخدا، کۆماری تورکیا هێرشکاریی خۆی بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەکات. دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر هێز، توانا، بەرخۆدان و تێکۆشانی خەڵکی کورد و هەموو کوردستانیان کەوتۆتە ناو ئاڵۆزیی گەورە و بەو توڕەیی و رق و قینی شەڕ و هێرشکردنەکانی هەر دێ و زیاد دەکات.  بەو هەڵسوکەوتانەی خۆی لە دژی مرۆڤایەتیدا هەموو جۆرە چەکێکی لەناوبردنی بەکاردێنێ. لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا، ژینگەی کوردستانیی کردۆتە ئامانج و کردوویەتیە دۆزەخ. لە دێرسم تاوەکو هەکاری، لە قەرسەوە هەتا عەنتاب چ شاخێک، دۆڵ و مێرگ و نەوال نەما کە تۆپبارانی نەکات. دار و دەوەن و دارستانەکانی سوتاند، ئاو و ئاوەدانی لەناو برد و خنکاند و بە دروستکردنی بەربەست و بەنداو خەڵکانی ناوچەکی کۆچبەر کرد.

هێرشەەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاوە، بەڵکو هێرش ئەلاتە سەر رۆژاواو باشووریش. هێرش و پەلامارەکانی ئەو دەوڵەتە بەرامبەر ئەو دوو پارچەیەش بەردەوامن و چەند ناوچەیەکیشی داگیرکردوون. لە ساڵی رابردووەوە لە رۆژاوا عەفرین و لە باشووریش ناوچەی برادۆستی داگیرکردووە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئەو داگیرکارییانە فراوانتر دەکات. لەو ناوچانەوە لە سەرانسەری کوردستان بەرخۆدان و تێکۆشانی بێ وێنە دژی ئەم هێرش و داگیرکارییان بە رۆحی ١٥ی ئاب ( تەباخ)  بەڕێوەدەچێت.

دەوڵەتی تورکیا گەڕاوتەوە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەیەوێ بەرخۆدانی گەلێ کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بخنکێنێ. سیستەمی داد و دادگا بووەتە تەوقی ترس و ئەسارەتیی تێکۆشەرانی کوردستان. دیسان زیندانەکانی لە تێکۆشەرانی دۆزی کوردستان پڕ کردووە. توندوتیژی و ئەشکەنجە لەلایەن پۆلیس و جەندەرمەکانی دەوڵەت، بۆتە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی دژی هەموو خەڵکی کوردستان.

بەڵام ئەم هەڵسوکەوت و کردارانەییان هەوڵی پووچ و بێ ئەنجامن. کورد و کوردستانی بە گیانی نیشتیمانپەروەری و گیانی ١٥ ی تەباخ، لەناو  بەرخۆدان و تێکۆشانیێکی گەرم و گوڕدایە.  دۆڕانی کۆماری تورکیایە وسەرکەوتنیش دەبێتە هی گەلی کوردستان.

بە بۆنەی ئەم هزروبیرە، ئێمە وەکو  ( ک ن ک ) ٣٥ یەمین ساڵیادی ١٥ ی تەباخ ـ ئاب. بە دڵگەرمی پیرۆز دەکەین، شەهیدانی شۆڕش بە رێز و حورمەتەوە بە بیر دێنین و سەری رێزیشیان بۆ دادەنوێنین. ئەوانەی گیانیان بۆ کردە قوربانی و ئەوانەی بەردەوامن لەو شۆڕشەدا و هەنگاوی مێژووییان نا، سڵاو دەکەین. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین.

هیوادارین کە گەلی کوردستان  بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و رێککەوتنی ناوخۆیی یەکجارەکی پێکبێنن و لە دژی هەر رەنگێکی زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی و یەکسەنگەری بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان سەربخەن و بگەینە ترۆپکی ئامانجە مەزنەکەمان.

ژ.ت