گیراوانی بەندیخانەی شەکران ژەهراوی بوون

ئاشکرا بوو، گیراوانی گرتووخانەی شەکران کە لە چالاکی رۆژووی مردن دابوون، دوای کۆتایی هێنان بە چالاکییەکەیان، بەهەڵە خواردنیان پێدراوە، هەربۆیە ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئەو بەندکراوانەی کە بە بانگەوازی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٢ی ئایار/١ی جۆزەردان کۆتاییان بە چالاکی رۆژووی مردن هێنا، چارەسەر ناکرێن. یەکێک لەو شوێنانەی کە چارەسەرکردن بەگوێرەی پێوەرە نێونەتەوەییەکان و پرۆتۆکۆڵی ئەستەنبۆڵ جێبەجێ ناکرێت، شەکرانە. ئاشکرا بوو لەو زیندانییە سیاسییانەی کۆتاییان بە چالاکی رۆژووی مردن هێناوە و ٥ زیندانی سیاسی دیکە، بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. خەدیجە جالهان، چەند رۆژێک پێش ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF قسەی کردبوو و وتبووی، بەرپرسانی گرتووخانەکانە، لەجیاتی شلەمەنی، چەند رۆژهێلکەی کوڵاو و پەتاتەی کوڵاو و خواردنی منداڵانیان پێدەدەن. جالهان باسی لەوەش کردبوو کە لە شەکران بە گشتی ٣٠ زیندانیی کۆتاییان بە چالاکی مانگرتن هێناوە، بەڵام تەنیا دووانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و وتبووی: "لە ٣ رۆژی دوای چالاکی مانگرتن، خواردنی مانگانەمان، شۆربای تەماتە و هێلکەی کوڵاویان پێداین، هەربۆیە چەندین هەڤاڵمان تووشی نەخۆشی بوون و خوێن لە گەدەیان دێ".

دوو رۆژ لە بەشی فریاگوزاری خێرا ماونەتەوە

زەینەب جالهان، دایکی خەدیجە جالهان، ناڕەزایی خۆی لەدژی ئەو هەڵسوکەوتە نیشان دا، زەینەب جالهان کە بۆ پاڵپشتیکردنی کچەکەی و چالاکوانانی مانگرتوو بکات، وێڕای هێرش و ئاستەنگییەکانی پۆلیس تورک، چەندین مانگ لەبەردەم گرتووخانەی گەبزە مایەوە و بەرخودانی کرد، دوێنێ (٥ی حوزەیران/١٥ی جۆزەردان) سەردانی کچەکەی کرد. زەینەب جالهان زانیبووی کە بەهۆی ئەو خواردنانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکە بە زیندانییەکانی دراوە، کچەکەی و ٥ زیندانیی دیکە ژەهراوی بوون، چەند رۆژێک لەمەوبەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون و دوو رۆژ لە بەشی فریاگوزاری خێرا ماونەتەوە. جالهان باسی کرد کە کچەکەی ورە بەرزە و وتی: "دەستەکانی سارد بوون، بەڵام ئیرادەکەی زۆر بەهێز بوو." زەینەب جالهان وتیشی، ئەگەر شتێکی خراپ بەسەر کچەکەی و زیندانییە سیاسییەکاندا بێت، وەزیری داد و تەندروستی، دەسەڵاتدارییەتی سیاسی بەرپرسیارن.

ک-ش