گەریلاکانى هەگەپە بە هاوەن پەیامێکیان بە سوپای تورک دا

گەریلا لە چوارچێوەى هەڵمەتى جەنگی حەفتانین رێگری لە داگیرکەریی هێزەکانى تورک دەکەن و هەوڵ دەدەن بە چالاکییەکانیان داگیرکەران لە هەرێمەکە دەربکەن. گەریلاکان دەڵێن "دۆڵۆپی باران بەر هەر شوێنێک بکەوێت گولـلەى هاوەنەکایشمان بەر ئەو شوێنە دەکەوێت".

گەریلاکانى هەپەگە باسی گرنگیی چەکی قورسیان لە هەڵمەتى جەنگی حەفتانین دا کرد و بە تایبەتیش باسی رۆڵی چەکی هاوەن-یان کرد.

دەوڵەتى تورک بە ئۆپراسیۆنەکانى سڕینەوە و قڕکردن لە باکووری کوردستان تێر نەبووە و ئۆپراسیۆن و هێرشی داگیرکەری دەکاتە سەر باشووری کوردستانیش. لەو چوارچێوەیەدا بەبێ وەستان هێرشی ئاسمانى ئەنجام دەدات. سوپای تورک لە هەندێک لە ناوچە داگیرکراوەکاندا گیری خواروودە لە بەرامبەر بەرخودان و چالاکیی گەریلادا ناتوانێت پێشڕەوی بکات.

گەریلا فەرمان مەمیان یەکێکە لە گەریلاکانى هەپەگە، کە لە چوارچێوەى هەڵمەتى جەنگی حەفتانین دا ئەرکەکانى لە دژی ئەو سوپا داگیرکەرە ئەنجام دەدات. مەمیان سەرنجی خستە سەر رۆڵی چەکە قورسەکان لەو هەڵمەتەدا و وتی "ئەو چالاکییانەى بە هاوەن ئەنجامدراون ترسی خستووەتە دڵی دوژمن، چونکە ناتوانن هیچ رێوشوێنێک لە دژی هێرشی هاوەن بگرنەبەر".

گەریلا مەمیان رایگەیاند، ئەو شاخانەى هێزەکانى تورکی بەسەرەوەیە بۆیان ناهێڵینەوە و رێگا نادەین هەناسەیەکى ئارامی تیادا بدەن. راشیگەیاند "لە کاتی چالاکییەکانمان بە هاوەن رادەکەن و خۆیان لە پەناگەکانیان دەشارنەوە و رادەکەن و خۆیان لە پشت گردەکان دەشارنەوە، دۆخی دەروونییان تێکچووە".

یەکێکى تر لە گەریلاکانى بەشداربوو لە هەڵمەتى جەنگی حەفتانین دا بەختیار جزیرە. جزیر رایگەیاند، تۆڵەى شەهیدان دەکەنەوە و هێزی داگیرکەرانی دوژمنی کوردان لە ناوچەکەش دەردەکەین.

جزیر رایگەیاند "سوپرایزیان بۆ سوپای تورک هەیە و بە چەکە قورسەکانى هاوەنی ٨٠ و ١٢٠ ملم لێیان دەدەین، چونکە هیچ تەکنەلۆژیایەکیان نییە بۆ پێشگرتن لە هێرشی هاوەن و ناتوانن رێوشوێنى لە دژ بگرنە بەر، چونکە دۆڵۆپی باران بەر هەر شوێنێک بکەوێت گولـلەى هاوەنیش بەر ئەو شوێنە دەکەوێت و ناتوانن خۆیانی لێ دەرباز بکەن".

ژ.ت