چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا و کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجومەنى ئەوروپا (سی پی تی) تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
هەر هەفتەیەک کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارێکی ئەوروپاوە بەشداری چالاکییەکە دەبن. ئێشکگرییەکە لە هەفتەى ٤٢٤دایە و ئێشکگرییەکەى ئەم هەفتەیە لەلایەن دەستەیەکى ٣ کەسی لە شاری هامبورگی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەچێت.
محەمەد ئەردۆغان بە ناوی دەستەکەیانەوە راگەیاندراوێکى خوێندەوە و وتی، بێدەنگیی سی پی تی بەرامبەر بە گۆشەگیریی قورس کە چەندین ساڵە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا سەپێندراوە قبوڵ ناکرێت.
محەمەد ئەردۆغان وتیشی "ئێمە ئەو بێدەنگییە قبوڵ ناکەین و ئیدانەی دەکەین" و داوای لە گەلی کوردیش کرد ناڕەزایەتی نیشان بدەن و ئەوەشی وت "بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیری بۆ گەلی کورد بە مانای ئەوەیە بکوژەکەى خۆی قبوڵ بکات".
'ئێمە قڕکردن و عەقڵییەتی قڕکردن ئیدانە دەکەین'
هەروەها زولفو بینگول بە ناوی کۆمیتەى ئێشکگرییەکەوە راگەیاندراوێکى خوێندەوە و تیایدا هاتبوو، هێرشە قڕکەرەکان لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی شەرمەزار دەکەن، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەشکرابوو "ئێمە قڕکردن و عەقڵییەتی قڕکردن کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە شەنگال گەلی کوردی کۆمەڵکوژ کرد ئیدانە دەکەین".
باسی ئەوەشکرابوو، گەلی کورد بە دڵنیاییەوە هەرگیز سەر لە بەرامبەر ئەو فەرمانانەدا دانانەوێنێت و دەست لە خواستی خۆی بۆ ئازادی هەڵناگرێت.
ژ.ت