یۆنان و ئەمەریکا ۲ ڕێککەوتنی گرنگیان واژۆ کرد و تورکیاش نیگەرانە

یۆنان و ئەمەریکا دوو ڕێککەوتنی زۆر گرنگیان لە بوارەکانی سەربازی، هەواڵگری، دبلۆماسی و پۆلیسدا واژۆ کردووە کە ڕاستەوخۆ سنورێک دادەنێت بۆ هەڕەشە و پێشێلکردنی سەروەری یاساکانی نێودەوڵەتی لە لایەن تورکیاوە و ئەوەش تورکیای تەواو نیگەران کردووە.

لە پاش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و یۆنان لەگەڵ تورکیا و هەڕەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و بەزاندنی سنوری ئاوی و ئاسمانی یۆنان و قوبرس لە دەریاکانی سپی ناوڕاست و ئیجە و بەلێشاو ڕەوانەکردنی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان و ئەورووپا، هەم حکومەتی نوێی یۆنان بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میچوتاکیس و هەم ئیدارەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەن تا سنورێک دابنێن بۆ هەڕەشەکانی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی. لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەکە بەرپرسانی هەر دوو وڵاتی ئەمەریکا و یۆنان لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و هەوڵگری و پۆلیسدا چەندین کۆبوونەوەیان لە واشنتۆن و ئەسینا ئەنجام داوە.
بە گوێرەی زانیاری کە لە میدیاکانی یۆنان بڵاوبوونەتەوە، یۆنان و ئەمەریکا دوو ڕێککەوتنی زۆر گرنگیان لە بوارەکانی سەربازی و بەرگری، دبلۆماسی، هەواڵگری  و نوێکردنەوەی دامودەزگاکانی پۆلیسی یۆنان واژۆ کردووە. 

ڕێککەوتنی یەکەم

دوێنی شەممە، لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لە نێوان وەزیری درەوەی یۆنان نیکۆس دندیانیس و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی یۆناندا واژۆ کراوە. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، زۆرێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنی ڕابردووی نێوان هەر دوولا هەموار دەکرێنەوە و لە بوارەکانی سەربازی و بەرگری و دبلۆماسی و هەواڵگریدا پەیوەندیەکان زۆر بەهێزتر دەکرێن و ئەمەریکا هاوکار دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی سوپای یۆنان.
لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە: "لەمەودوا وێڕای بنکەی سەربازی سەودا، هەر دووی بنکەی سەربازی لستیفانۆفیکییۆ و لاریسا لە ناوەڕاستی یۆنان و ئەلکساندرۆ پۆلیس لە باکوری ڕۆژهەڵاتی یۆنان کە چەند کلیۆمەترێک لە سنوری تورکیاوە دوورە، دەرێنە خزمەتی هێزە زەمینی و ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکاوە".

لەپاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری درەوەی یۆنان نیکۆس دندیانیس ڕڵیەگەیاند: "ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و یۆنان دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکە".

دندیانیس وەک ئاماژەیەک بە هەڕەشە و پێشێلکاریەکانی ئەردۆغان و تورکیا وتی: "هاوکات ڕێککەوتنەی نێوانمان سنورێکیش دادەنێت بۆ ئەو وڵاتانەی سەروەری وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن  و ڕێزیان لێناگرن".

ڕێککەوتنی دووەم

بە گوێرەی زانیارەکان کە هەر دوێنێ بڵاوکراونەتەوە، لە مانگی ئاپریلی ڕابردووشدا لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بالیۆزی ئەمەریکا جێفری بیات و ئەندریاس داسکالاکیس جێگری سەرۆکی گشتی پۆلیسی یۆناندا ڕێککەوتنێکی گرنگی دیکە واژۆ کراوە. بە گوێرەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، دامەزراوەی کۆچبەری و گومرگەکانی ئەمەریکا، نوێترین ئامێری تەنکنەلۆژی و ڕادیۆیی و کۆنترۆڵی سنورە ئاسمانی، زەمینی و دەریایی دەبەخشێتە پۆلیسی یۆنان و سەرجەم یستەم و ئامێرە کۆنەکانی پۆلیسی یۆنان وەلاوە دەنرێن و نوێ دەکرێنەوە.
ئەو ڕێککەوتنەش دوای ئەوە هات کە بە هۆی کۆنی سیستەم و ئامێرەکانی پۆلیسی یۆنانەوە،  یۆنان و ئەمەریکا نیگەرانن بوون لەوەی دەوڵەتانی دژبەری بە تایبەتی تورکیا بە ئاسانی دزە بکەنە نێو سیستەمی پۆلیس و هەوڵگری یۆنان بە تایبەتی و هاوپەیمانی ناتۆوە و زیانیاریەکانی نێویان بدزن یان کاریگەری نەرێنیان لە سەر دابنێن و بیانشێوێنن.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی دبلۆماسی کە زانیاریان بە چەند میدیایەکی یۆنانی داوە، ڕژێمی ئەردۆغان و تورکیا زۆر نیگەرانن لە نزیکبوونەوەی یۆنان و ئەمەریکا و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و ئەوەش بە دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی تورکیا دەبینێت و پێیانوایە ئەگەر هەیە هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بە تەواوەتی دەست لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیکی تورکیا هەڵگرن و بنکە سەربازیەکانی یۆنان بکەنە جێگرەوەی. هەر بۆیە ئەردۆغان و ڕژێمەکەی لە چەندین کاناڵی دبلۆماسییەوە نیگەرانی خۆیانیان بە یۆنان و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا و پەیمانی ناتۆ گەیاندووە، بەڵام ئا ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە و وەک نەبوو لە نیگەرانیەکەیان ڕوانراوە.

هەڵبتە دەشوترێت، بەشێکی هەڕەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی لە ڕۆئاوای کوردستانیان دەکات، هۆکارەکەی بۆ ئەو نزیکبوونەوە و ڕێککەوننامەکانی یۆنان و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە.

هـ.هـ