بەهۆی گوشارەکانەوە دەوڵەتی تورک ناچاربوو گۆکهان گونەشی رفێندراو ئازاد بکات

گۆکهان گونەش لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە رفێندرابوو و لە دوای رفاندنییەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیەوە لە بەردەستدا نەبوو، بنەماڵەکەى و چالاکوانان لە دژی رفاندنی گۆکهان دەستیان بە چالاکی کرد.

گۆکهان گونەش لە ناوچەى ئیکتیلەى ئیستەنبول لە ٢٠ی کانوونی دووەم دا و لە کاتی رۆیشتن بۆ سەر کار، لە باشاک شەهیر لە پاس دابەزیبوو و لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە زۆر خرابوە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە و رفێندرابوو.

لە دوای رفاندنی گۆکهان بنەماڵەکەی و خوشکەکانی و چالاکوانان دەستیان بە هەڵمەتی چالاکیی ناڕەزایەتی کرد و رایانگەیاند، هەموو رۆژێک لە شوێنی رفاندنەکەى گۆکهان دا چالاکی ئەنجام دەدەن و تاوەکو ئازادیی  گۆکهانیش بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

ئەو چالاکییانە کاریگەریی زۆریان دروستکرد و بەهۆی گوشارەکانی رای گشتییەوە رێگری لەوە کرا، چارەنووسی گۆکهان وەک زیاتر لە ١٨ هەزار کەسی رفێندرا و بێسەروشوێنکراوە بە نادیاری بمێنێتەوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک رفێندراون.

لەو چوارچێوەیەدا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گۆکهان بە چاوبەستراوی لە باشاک شەهیر ئازاد کرا و خۆی گەیاندەوە ماڵەوە.

ژ.ت