چالاکیەکەی بەردەم کۆنسەی ئەوروپا کۆتایی پێهات: تێکۆشان بەردەوامە

چالاکی دانیشتنی بەردەم کۆنسەی ئەوروپا لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا بۆ ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە ماوەی سێ هەفتەی خایاند، کۆتایی پێهات.

لە چوارچێوەی هەنگای 'گۆشەگیری، فاشیزم، داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە' دا لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا چالاکی دانیشتن لە بەردەم کۆنسەی ئەوروپا لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا بەڕێوەچوو. لە هەفتەی یەکەمی دانیشتنەکەدا سیاسەتمەدارانی کوردستان و تورکیا و لە هەفتەی دووهەمیشدا چالاکوانانی تەژەکە-ئەوروپا چالاکیەکەیان بەڕێوە برد. لە هەفتەی کۆتایشدا بە پێشەنگایەتی تەکۆ-ژن و تەجەشە چالاکیەکە بەرێوەچوو.

لە گۆڕەپانی دانیشتنەکە، ماوەی ٩ ساڵە چالاکی ئیشکگری بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوە دەچێت، بەڵام بە هۆی رێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکیەکە کۆتایی پێهێنرا.

دانیەل ماتریت لەسەر ناوی گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیست لە رۆژی دوایی چالاکیەکەدا قسەی کرد و وتی:"ئێمە لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ئازادی ئۆجالان هاتین و بەشداریمان لەم چالاکیەدا کرد. جێگای قبوڵکردن نیە کە ماوەی ٢٢ ساڵە ئۆجالان لە ژێر گۆشەگیریدایە. ئازادی و پارادیگمای ئۆجالان بۆ سەرتاسەری جیهان، زۆر گرنگ و بە نرخە. تا ئەو رۆژەی ئۆجالان ئازاد نەبێت، چالاکیەکانمان بەردەوام دەبن. شۆڕشی رۆژئاوا هیوامان پێدەبەخشێت. ئیمە وەکو گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیست لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا جێدەگرین. ئەم پارادیگمایە لە سەرتاسەری جیهان بڵاو دەکەینەوە."

پرۆفیسۆر جۆس ماریا سیسۆن و پرۆفیسۆر دکتور ئانورادا چینۆی ئەندامانی دەستپێشخەری گلۆبالی ئازادی بۆ ئۆجالان پەیامێکی ڤیدیۆییان بۆ چالاکیەکە نارد. لە پەیامەکەدا باس لەوە کرا:"دەبێت هاوڕێ ئۆجالان ئازادی بکرێت. ئەشکەنجەی فیکری و جەستەیی بۆ سەر ئۆجالان زیادی کردووە. تەنها ئەمە هۆکارێکە کە دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت."

لە پەیامەکاندا باس لەوە کرا کە، بۆ ئازادکردنی عەبدولا ئۆجالان کە لە ناو هەڵومەرجێکی قوڕس و گۆشەگیریدایە، لە باشوری ئاسیا و هندستانەوە سەدان هەزار کەس سڵاویان ناردووە. دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئۆجالان رێبەر و دەنگی ئەو کوردانەیە کە رووبەڕووی زۆرداری و دیکتاتوری ئاکەپە-مەهەپە و ئەردۆغان بوونەتەوە. داواکاری بۆ بەدیهێنانی پێگەی کورد نەک تەنها مافە، بەڵکو پێویستیەکە. دەبێت ئەم راستیە لە لایەن گشت گەلانی جیهانە بزانرێت و قبوڵ بکرێت. عەبدولا ئۆجالان بە هۆی ئەوەی داوای ئاشتی سەرتاسەری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و پێشەنگی ئاشتیە، بۆیە دەوڵەتی تورک لێی دەترسێت. پارادیگمای ئۆجالان لە رووی ئازادی ژنان و ژیانی هاوبەشدا، یەکلاییکەرەوەیە.  

دواتر یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئەوروپا قسەی کرد و وتی:"چالاکی دانیشتن ئەمڕۆ کۆتایی پێدێت، بەڵام چالاکیەکانمان لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام دەبن. لێرە ئاشکرا دەبێت کە جیهان لەگەڵ ئێمەدایە. تا ئەو رۆژەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هەموومان بە یەکەوە تێدەکۆشین."

دواتر بوشرا ئەحمەد حەسەن و جان باغش لەسەر ناوی رێکخستنەکانی کەجەدەکە-ئەوروپا قسەیان کرد و ناڕەزاییان لە بەرامبەر هاوکاریی پارتی دیمۆکراتیک کوردستان-پەدەکە لەگەڵ تورکیا دەربڕی.

دواتر عادل سەرحاد لەسەر ناوی تەجەشە و تەکۆ-ژن قسەی کرد و جەختی کردەوە کە تێکۆشانی ئەوان وەکو گەنجان بەردەوام دەبیت.

چالاکیەکە بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'ئازادی بۆ ئۆجالان' کۆتایی پێهات.

ز.ش