چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە بانە کۆڵبەرێکی دیکەیان کوشت

لە ئەنجامی تەقەی راستەخۆی چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە دژی گروپێک لە کۆڵبەران، کۆڵبەریەک کوژرا و یەکێکی تریش برینداربوو.

چەکدارەکانی رژێمی ئێران ئێوارەی دوێنێ لە سنووری کێلێ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە گروپێک لە کۆڵبەران کرد.

 لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا کۆڵبەریەکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی مێهران ڕەحمانی، کە ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیری کردووە، پێکرا و گیانی لەدەستدا.

هەر لەو تەقەکردنەى چەکدارەکانی رژێمی ئێران دا کۆڵبەریەکی دیکەش بەناوی ئیبراهیم ڕەحمانی تەمەن ٤٥ ساڵان بریندار بووە.

هەر دوو کۆڵبەرەکە خەڵکی گوندی مەنیجەڵانی بانەن.

بەپێی زانیارییەکان، چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە کاتێکدا تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە، کە هیچ بارێکیان پێ نەبووە.

ژ.ت