"چەکی ئەتۆمی" لە شەڕی کوردستاندا بەکاردەهێنرێت!

لە چوارچێوەی چەمکی جەنگ دا، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە دژی گەلی کورد کاری پێدەکرێت، دەوڵەتی تورک توانای چەکی ناوکی (ئەتۆمیی) خۆی زیاد کردووە بەم دواییانە، چەکی "ئەتۆمیی تاکتیکیی" بۆ لەناوبردنی ناوچەکە بەکارهێناوە.

لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٢دا ئەردۆغان کاراکوش جەنەڕاڵ و فڕۆکەوانی خانەنشینی سوپای تورک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە چەکی "ئەتۆمیی تاکتیکی" لە دەستی دەوڵەتی تورک دا وتی: "چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە دەستی هێزە زەمینییەکان دایە. لەلایەن یەکەی تۆپخانەکانەوە دەتەقێنرێن. ئێوە بۆ خۆتان دیاری دەکەن، کە چەند زیان لە شوێنەکە بدات، زیانی کەم یان زیانی زۆری لێ بدات. ئەوەی لە ژاپۆن بەکارهێنرا ٢٠ کیلۆتۆن بوو و ئەوانەی لە دەستی ئێمەدان نیو کیلۆتۆنن".

ئەو سەربازە خانەنشینە تورکە هەوڵیدا وردەکارییەکان و ئامارەکانی بابەتەکە ئاشکرا بکات، بەڵام سەرنجڕاکێش بوو، لە کاتی قسەکانی ئەو سەربازە خانەنشینەدا کەناڵە تەلەفزیۆنەکە پەخشەکەی پچڕاند و ناوبڕی دا. ئەم وتانە بوونە دانپیادانانی گرنگ لەسەر هەبوونی چەکی ناوکی لە دەستی تورکیادا. ئەوە ڕوون بوویەوە، کە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی، کە ئەو سەربازە خانەنشینەی تورک باسی دەکات، بە فراوانی لە هێرشە داگیرکارییەکانی سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەکار دەهێنرێن.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی میدیا خەبەر دا وتی، لەوانەیە سوپای تورک بە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی هێرشی کردبێتە سەر شاخە سوور، کە یەکێکە لە ناوچەکانی بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار.  بۆ ئەو لێکدانەوەیەش پشتی بە وتە و گێڕانەوەی ئەو گەریلایانە بەست، کە لە شاخە سوور بە زیندوویی ڕزگاریان ببوو.

باشە "چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی" چییە و چ جۆرە چەکێکی ئەتۆمی لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە؟

 کاریگەری 'بۆمبی ئەتۆمیی بچووک'

'چەکی ناوکی ستراتیجی' بە زۆری و بە شێوەی سەرەکی بەو چەکە ئەتۆمییە بەهێزانە پێناسە دەکرێت، کە لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر دەهاوێژرێن. بۆ ئەوانەی مەودایەکی کورتتریان هەیە، دەستەواژەی "چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی" بەکاردەهێنرێت. ئەو  چەکە کاردەکاتە سەر ڕووبەرێک لە کیلۆمەترێکەوە بۆ ٣ کیلۆمەتر. ئەم چەکانە بۆ یەکەکان و لیواکانی هێزەکانی ئەندامی ناتۆ بەرهەم دەهێنرێن و کاریگەریی بۆمبێکی ئەتۆمیی بچووکیان هەیە. زۆر جار بۆ ئەو چەکانە ناوی 'تاکتیک' بە مەبەستی ستراتیجیش بەکار دەهێنرێت.

نیکۆلای سۆکۆڤ ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی لە توێژینەوەیەکدا بۆ ناوەندی دەستپێشخەریی هەڕەشەی ناوکی تیشکی خستووەتە سەر مەترسیی ئەو چەکانە و وتویەتی: چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە هەندێک ڕووەوە مەترسیدارترە لە چەکی ستراتیژی. بچووک بوونیان، ئاسان بەکارهێنانین و هەبوونی ئەو چەکە ئەتۆمییە تاکتیکییانە لە ناو جبەخانەى چەکی نیشتیمانیدا، مەترسیەکی گەورەن سەر ئاسایشی جیهانی".

لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بێت هەموو زیندەوەرەکان لە ناو دەبات

"چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی" کە بۆ مووشەکی کورت مەودا و بۆ تۆپ و مینی چێندراوی وشەکانیش دروستکراوە و لەوانەدا بەکار دەهێنرێن. بە شێوەیەکی سەرەکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ژمارەیەکی زۆر لەو چەکەیان هەیە. بچووکترین 'چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی' بە ئەندازەی دەیان تۆن تی ئێن تی (TNT) کاریگەریی هەیە، بۆیە مەزەندە دەکرێت لەلایەن سوپای تورکەوە بۆ لەناوبردنی تونێل و ئەشکەوت و خاڵەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان بەکاربهێنێت. بەشێک لە تەقینەوەکان و ئەو چەکانەى سوپای تورکی داگیرکەر لە شەڕی دژ بە گەریلادا بەکاری دەهێنێت، ئاماژەى بەکارهێنانی "چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی" دەسەلمێنن.

ئەم چەکە ئەتۆمییە تاکتیکییانە لە هەر شوێنێکدا بەکار بهێنرێن هەموو زیندەوەرەکان لەناودەبات و هێزی تەقینەوەی چەند کیلۆتۆنیان هەیە. بۆ نمونە، ئەو بۆمبانە لە لایەن ئەمریکاوە لە هیرۆشیما و ناکازاکی بەکارهێنران و بووە هۆی دروستکردنی تەقینەوەیەک بە قەبارەی ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆتۆن. پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر لە ئاستێکی زۆر بچووکدا بەکاربهێنرێن کاریگەریی تیشکدانەوەی ناوکیی لە ناوچەکدا فراوان دەبێت و ئەمەش دەتوانێت بە شێوەی باران بڵاوبێتەوە.

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی بە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەتۆم کردووە

دەوڵەتی تورک لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵ و گەڕانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بۆ شەڕی کوردستان زیاد کردووە. لە ساڵی ٢٠١١دا دەوڵەتی تورک ڕێکەوتنێکی ٢٠ ملیار دۆلاری لە گەڵ کۆمپانیای ڕۆساتام (ROSATAM)ی ڕووسی واژۆکرد. لە ساڵی ٢٠١٣دا بە هەماهەنگی لەگەڵ ژاپۆن و فەرەنسا بەشداریی لە پرۆژەیەکی تری ئەتۆمیدا کرد، کە بەهاکەى بڕی ٢٢ ملیار دۆلار بوو. ڕژێمی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەو ڕێککەوتنانە بۆ دابینکردنی پێداویستیی وزەیە، بەڵام لە ڕاپۆرتی دەزگاری هەواڵگریی ئەڵمانی (بی ئێن دی / BND) لە ساڵی ٢٠١٥دا هاتووە، تورکیا لە ڕێگەی ئەو دوو پرۆژەیەوە دەرگا بۆ بەدەستهێنانی ئەتۆمی سەربازی دەکاتەوە.

بەپێی هەمان راپۆرت، تورکیا ناوەندێکی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دامەزراندووە و دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و کێکی زەردی (Yellowcake) یۆرانیۆمی دەستخستووە. یۆرانیۆمەکەشی بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەى کۆسۆڤۆ و بۆسنیا - هێرسکەوە دابین کردووە. هەروەها تورکیا زۆرترین کەلوپەل و کەرەستە و پێداویستیی ناوکی لە پاکستانەوە دابین دەکات.

لە ڕاپۆرت و لێدوانەکانی ناو میدیای عەرەبی و هیندستاندا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ئەردۆغان هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان پتەوتر بکات. بۆ نمونە بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "zeenews.india.com" لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا شاندی سەربازی پاکستان و تورکیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بۆ فرۆشتنی ئەتۆم کۆبوونەوە. هەروەها بە پشتیوانیی ناتۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٦ لەلایەن سوپای تورکەوە لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٨ نۆژەنکراونەتەوە و ئامادەکران بۆ هەڵگرتنی مووشەکی ناوکی و ئەتۆمی.

ژ.ت