دادگای ئەوروپا لەسەر زیندانیکردنی هاوسەرۆک شارەوانییەک تورکیای سزادا

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر بەبێ دادگایی زیندانیی کردنی هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرت، دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و سزای بۆ بڕییەوە.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، بڕیارێکی دژبە دەوڵەتی تورک دەرکرد لەسەر بەبێ دادگایی زیندانیی کردنی هاوسەرۆک شارەوانییەکی کورد.

لە بڕیارەکەدا، ئاماژە بەوە دراوە، کە لابردنی تونجەر بەکرهان، چالاکوانی ناسراوی کورد و هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت، ماوەیەکی کورت دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٤، بە “ئاشکرا نەگونجاو بوو” و پێشلکردنی مافی ئازادی و ڕادەربڕینی بوو. 

تونجەر بەکرهان ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموکراسی- بەدەپە، بوو، کە بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخستن، بەبێی داداگایی کردن دوو ساڵ و هەشت مانگ زیندانی کرا، تا ئەوەی لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ـدا دادگایی کرا و سزای ١٠ ساڵ زیندانی  بەسەردا سەپاند.

لەسەر ئەو سزایە، بەکرهان سکاڵای دژی دەوڵەتی تورک بۆ ڕاگرتنی بەر لە دادگاییکردن بردە بەردەم دادگای ئەوروپا، دادگاکەش ئەمڕۆ بڕیاریدا بە سزادانی دەوڵەتی تورک بە بڕی ١١ هەزار و ٨٠٠ دۆلار بۆ قەرەبوکردنەوەی بەکرهان و هەروەها سێ هەزار دۆلاریش بۆ خەرجییەکانی دادگا.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارەکەیدا، ڕایگەیاند: دەستگیرکردنی بەکرهان، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی سێرت بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی، دەستێوەردانێکە کە بە ئاشکرا ناگونجێت لەگەڵ ئەو ئامانجە ڕەوایانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین، هەروەها دەستگیرکردنیشی پێویست نەدەکرد، ئەگەر لە وڵاتێکی دیموکراسیی بوایە.

ف.ق