فەرماندەی یەپەژە لە بەرشەلۆنە لەگەڵ نوێنەرانی کەتەلۆنیا کۆبوویەوە

سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە لە بەرشەلۆنەی پایتەختی کەتەلۆنیا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی زۆرێک لە حیزبە سیاسییەکانی کەتەلۆنیا کۆبوویەوە.

سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی کەتەلۆنیا سەردانی بەرشەلۆنەی کرد.

بەگوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەپەژە، دێریک لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئەلبا ڤێرگێس بۆش، نوێنەری پارتی یەکێتیی گەل (CUP –Candidatura d’Unitat Popular) کارلس ڕیرا و نوێنەری پارتی کۆماریی چەپی کەتەلۆنیا (ERC – Esquerra Republicana de Katalonya) کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشەی داعش و تێکۆشانی دژی بەو هەڕەشەیە، بارودۆخی کامپی هۆل و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە کرا.

تێکۆشانی ژنان لە بواری سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکێکی تر بوو لە ڕۆژەڤ و ئەجیندای کۆبوونەوەکان.

هەروەها سۆزدار دێریک فەرماندەی یەپەژە بۆ بەرنامەی تەلەفزیۆنی کەتەلۆنیاش بانگهێشتکرا و بەرنامەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس مۆنیکا تریباس-ەوە بەڕێوەچوو و دێرک لە بەرنامکەدا وەڵامی پرسیارەکانی زیاتر لە ٤٠٠ بەشداربووی دایەوە.

هەروەها دێریک بەشداریی لە پێشانگایەکی کتێب لە بەرشەلۆنە کرد و بەو بۆنەیەوە لە پێشانگاکەدا کتێبی نووسەر دلار دێریک دەربارەی خەباتی ژنانی کورد بە ئامادەبوان و بەشداربوان و ناوەندە رۆشنبیری و کتێبخانەکان ناسێنرا.

سەردانەکەی فەرماندەی یەپەژە سۆزدار دێریک بەردەوامە.

ژ.ت