گەنجانی کورد لە ستاڤراپۆلی رووسیا لە دژی داگیرکەری داوای سەفەربەرییان کرد

گەنجانی کورد لە هەرێمی ستاڤراپۆلی لە رووسیا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان وەستانەوە و داوایان لە گەنجانی کورد بە تایبەتی گەنجانی کورد لە رووسیا کرد بە شێوەی سەفەربەری لە دژی داگیرکەری تێبکۆشن.

گەنجانی کورد لە هەرێمی ستاڤراپۆلی رووسیا لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان رێکخست.

مەخسود بازۆیڤ ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی کورد راگەیاندراوەکەى خوێندەوە و رایگەیاند، ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر هەرێمەکانی گەریلا بۆ لە ناوبردنی بزووتنەوەى ئازادییە، بەڵام داگیرکەران هاوشێوەی تێکشکاندنەکەیان لە گارە جارێکیتر تێکدەشکێنەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامیی هێرشەکانی سەر شەنگال و رۆژئاوای کوردستانە، کە بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەنجام دەدرێن.

لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە گەلی کورد کراوە، کە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و یەکگرتووانە وەڵامی هێرشە داگیرکەرییەکان بدەنەوە.

بۆ گەنجانی کورد لە رووسیا و سەرتاسەری جیهان داوای سەفەربەرییان کرد و رایانگەیاند، کات کاتی بەهێزکردنی تێکۆشانە.

گەنجانی بەشداربوو لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا بەمشێوەیە بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.

حەسەن روستەمۆڤ: ئێمە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ شەڕڤانانی کوردداین، لەگەڵ گەریلاداین. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر گەریلا ئیدانەیان دەکەین.

حوسێن ئاخمەدۆڤ: ئێمە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئیدانە دەکەین. ئیمە خاوەنی فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆین، دوژمن ئیدی بە ئێمە ناوێرێت. تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانی راستییە و ئێمە سەردەکەوین. ئێمە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستانیش ئیدانە دەکەین، چونکە بووەتە دۆستی دوژمنەکەمان. بژی بەرخودانی زاپ.

مەحمود رۆستەمۆڤ: داوا لە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان دەکەم، کە هاوکاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نەکەن. بەرخودانی گەریلا لە چیاکانی کوردستان پیرۆز دەکەم و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بژی یەکێتی. ئێمەش وەک هەر گەلیک دەمانەوێت بە شێوەکی ئازاد لە وڵاتی خۆماندا بژین.

مەخسود بازۆیڤ: بە ناوی گەنجانی ستاڤراپۆلی ئێمە داوا لە هەموو گەنجانی کورد بە تایبەتی گەنجانی باشووری کوردستان دەکەین، ئەگەر یەکێتیی گەنجان دروست ببێت نە خیانەتکاران و نە دوژمنە دڕندەکانمان بە ئێمە ناوێرن. ئەمڕۆ رۆژی سەفەربەری و یەکێتییە. ئێمە یەکێتیی خۆمان دروست دەکەین و سەردەکەوین و سەرکەوتن بۆ ئێمەیە.

ژ.ت