هاوسەرۆکی کەجەدە: پێویستە ئیمڕالی دابخرێت

بەردان ئۆزتورک هوسەرۆکی کەجەدە ئاماژەی بە گۆشەگیری کرد و رایگەیاند، پیویستە ئیمڕالی دابخرێت.

شاندی کەجەدە و دەبەپە بە دروشمی 'ئێمە لەدژی فاشیزم خۆمان رێبخەین' کۆبونەوە جەماوەریەکانی لە مێرسین بەردەوامی پێدەدات.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان لە ناوچەی تارسوس سەردانی ژمارەیەک خانەوادەیان کرد و دواتر لە باربارۆس لەبەردەم نوێنەرایەتی هەدەپە لەگەڵ گەل کۆبووە.

لە کۆبونەوەکەدا بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە باسی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، چالاکی مانگرتن لە زیندانەکان و دۆزی گرتنی هەدەپە کرد و وتی، "٦ساڵە لەسەر هەدەپە سیاسەتی فشار هەیە. ئەم فشارە لەکام پارت بکرایە، تۆزی ئەو پارتەش نەدەما. ئەوەی هەدەپە لەسەر پێ دەهێڵێتەوە ئیرادەی گەلە. لە جیاتی ئەوەی هەدەپە دادەخەن، ئیمڕالی داخەن."

سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپەش رایگەیاند، لەبەرانبەر رژێمی ئاکەپە و مەهەپە پێویستە رێکخستن بەهێز بکرێت و وتی، "ئەم سیستمە کورد بە نەبوو هەژمار دەکات. لەم وڵاتە ٢٥ ملیۆن کورد هەیە. ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەم خاکە بە زمان و کەلتوری خۆمان بژین. ئەم داواکاریانەمان قبوڵ ناکرێن، بەڵام بە تێکۆشان مافەکانی خۆمان وەردەگرین. لە لۆزان هیچ حسابێک بۆ کورد نەکرا، بەڵام ئەمرۆ پێویستە حساب بۆ کورد بکرێت. دەسەڵات ناتوانێت هەدەپە دابخات. ئەگەر داشیبخات، هەڵبژاردەی دیکەمان هەیە. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین."

کۆبونەوە و چاپێکەوتنەکانی شاندەکە لەگەڵ خانەوادەکان و گەل بەردەوامە.

ف.ق