هاوسەرۆکی کەسک: ئێمە رووبەڕووی بێکاری و هەژاری بووینەتەوە

محەمەد بۆزگەیک هاوسەرۆکی کەسک رایگەیاند، بێکاری لە تورکیا گەیشتووەتە سەدا ٣٠ و راشیگەیاند، بودجە بەپێی سیاسەتەکان ئاکەپە رێکخراوە و گرنگی بە بواری سەربازی و ئەمنی و  ئایینی دراوە و بودجەى دەزگای دیانەت لە بودجەى ٨ وەزارەت زیاترە.

بەهۆی سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی دەوڵەتی تورکەوە قەیرانی ئابووری بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیاتر بووە.

محەمەد بۆزگەیک هاوسەرۆکی گشتیی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکارییە جەماوەرییەکان (کەسک - KESK) رایگەیاند، لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە بێکاری و هەژاری لە تورکیا زیادیکردووە و راشیگەیاند، دەزگاى ئاماری تورکیا (تویک - TUÎK) رێژەى راستەقینەى ئاماری بێکاری و هەژاری بڵاوناکاتەوە، چونکە بەهۆی کۆرۆناوە ملیۆنەها کرێکار بێکار بوون.

لەبارەى بودجەى ساڵی ٢٠١٢ لە تورکیا رایگەیاند، داوا لە هەموو بەش و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەکەم لە دژی بودجەى ٢٠٢١ بوەستنەوە و وتی، "کاتێک سەیری دوایین ئاماری بڵاوکراوە دەکەین، لە تورکیا رێژەى بێکاری گەیشتووەتە سەدا ١٣.٤ بەڵام دەزگای ئاماری تورکیا بە ئەنقەست ئەو کەسانەى بەهۆی کۆرۆناوە بێکار بوون، یان مۆڵەتی ناچارییان پێداون، لەسەر کار دەرکراون و ئەو گەنجانەى هیوایان بە دوای گەڕانی کاردا نەماوە، لە ناو ئامارەکانی خۆیدا بڵاوناکاتەوە و لەبەر ئەوەش رێژەی بێکاری بە کەم نیشان دەدات. چونکە دەسەڵات هەم لەبارەى مایەپووچبوونەوە و هەم لەبارەی ژمارەی بێکارانەوە چەواشەکاری دەکات ئەوەش بۆ ئەوە دەکەن، کە دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن تورکیا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە تووشی قەیران نەبووە".

بێکاری گەیشتووەتە سەدا ٣٠

بۆزگەیک باسی لە رێژەى ئاماری بێکاری لەلایەن رێکخراوی نێونەتەوەیی کار (ÎLO) کرد و وتی، "کاتێک رێژەی ستاندەری بێکاری لێکبدرێتەوە رێژەی بێکاری لە تورکیا گەیشتووەتە سەدا ٣٠ بە تایبەت لەم کاتەدا، کە هەزاران کەس دەستیان لە گەڕان بە دوای کاردا هەڵگرتووە و سەردانی ناوەندەکانی دۆزینەوەى کار ناکەن. بە هۆی پلانەکانی دەسەڵاتەوە و داخستنی کافتریا و ریستورانەکانەوە لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ دا کرێکارانی بەشی شەو زۆربەیان بێکار بوون و کارەکانیان لە دەستداوە. ئێمە نزیکەى ٢ ملیۆن هەلی کارمان لە دەستداوە. وەکو هەموو جیهان ئێمەش تووشی بێکاری و هەژار بووین".

بودجە ئومێدی تیادا نییە

بۆزگەیک باسی ئەوەیکرد، بودجەى ٢٠٢١ لە پێناو سەرمایەداران و سیاسەتی "ئەمنی" دا رێکخراوە و وتی، "پێویستە ئەوەمان لێ روون بێت، کە بودجە لە تورکیا هەر وەک سەرتاسەری جیهان لە پێناو سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا رێکدەخرێت. هەم بودجەى ٢٠٢١ و هەمیش بە گشتی بودجەی سەردەمی ئاکەپە زیاتر سەرچاوەکانی خۆی بە دیانەت و شەریعەت دەدات، پێشخستنی تەشریفاتی ئایینی، زایەندپارێزی، میلیتاریستی و عەسکەرتاریەت، ئەمنی و ئاسایش و بە گشتی ئەو سیاسەتانەى کە لە کاتی دەسەڵاتی ئاکەپەوە کاریان لەسەر کراوە، بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام بەپێی پێویست بودجە بۆ بەرهەمهێنان، پەروەردە، سەرمایەگوازری و وەبەرهێنان و تەندروستی تەرخان نەکراوە.

لە لایەکی ترەوە پێویستە کارێکی باش بکرێت بۆ ئەوەى لە بودجەدا بڕی پێویست بۆ رێکخراوە گشتی و جەماوەری و پیشەییەکان، رێکخراوە دیموکراتیکەیە جەماوەریییەکان و ئەو حیزبانەى لە پەرلەماندان تەرخان بکرێت. قۆناغی ئامادەکاریی بودجەدا پێویستە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە بەشدار بن و بودجە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و کەرتی پەروەردە بە شێوەیەکی باش و پێویست دیاری بکەن. ئەو بودجەیەى بۆ دەزگای دیانەت تەرخانکراوە لە بودجەى ٨ وەزارەت زیاترە. بودجەى ٢٠٢١ بودجەیەک نییە بەپێی پێداویستیی گەل و بە شێوەیى دیموکراسیانە ئامادە کرابێت".

هاوسەرۆکی گشتیی کەسک محەمەد بۆزگەیک وتی، "ئێمە رووبەڕووی بودجەیەک بووینەتەوە، کە لەسەر بنەمای حساباتی سیاسەتی شەڕ و ئەمنی دانراوە".

راشیگەیاند، کاتێک بودجەکە پەسەند دەکرێت و لە کرداردا بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و منداڵان هیچ هیوایەکی تیادا نییە، بۆیە داوا لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەم، پێکەوە تێبکۆشن و گۆشار دروست بکەن بۆ ئەوەى بودجەیەکی دادپەروەرانە بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت.

ژ.ت