کەجەدەکە ئەوروپا کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە یوتیوب دەکاتەوە

کەجەدەکە ئەوروپا رایگەیاند، بۆ ئەوەى لە دۆخی پەتای هەمەگیری کۆرۆنادا خۆیان بەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگەیەنن، لە ٣ی ئاداردا و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ بە کاتی بروکسل لە یوتیوب کەناڵێک بە ناوی (KCDK-E TV) دەکەنەوە.

کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا / KCDK-E) رۆژی چوارشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١ و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ بە کاتی بروکسل کەناڵی یوتیوبی KCDK-E TV دەکاتەوە. کەناڵەکە بە بەرنامەى "شوێن پێی راستی" دەست بە پەخش دەکات.

کەجەدەکە ئەوروپا لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە قۆناغی پەتای هەمەگیردا دانوستان و پەیوەندییەکان سنووردار بوونەتەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی چالاکتر ئامێرە نوێکان بۆ دانوستان و پەیوەندییەکان بەکاربهێنین. لە دژی پڕوپاگەندە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست لە میدیا جۆراجۆرەکاندا و بۆ ئەوەى راستییەکان بخرێنەڕوو و پێشکەش بکرێن و زانیاری بدرێت، بە ناوی KCDK-E TV کەناڵێکی یوتیوب دەکەینەوە.

وەک ئامێرێکی دانوستاندنی میدیای دیجیتاڵ، ئێمە دەزانین کاریگەرییەکی زۆری هەیە، بۆ ئەوەش تاوەکو ئێمە راستی و حقیقەت بە گەلەکەمان بگەیەنین، ئێمەش بە ئامێرە جیاجیاکانی میدیای دیجیتاڵ دەستمان بە خەباتێکی کاریگەری کردووە.

ئامانجمان ئەوەیە بە بەشداریی میوان و بابەتی جۆراوجۆر گفتوگۆ و شیکاری و لێکدانەوە لەبارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، رۆشنبیری و سیاسییەکانی گەلەکەمان لە ئەوروپا بکرێت و لەو رێگەیەوە خۆی بگەیەنێتە لای بینەرانی و بیسەرانی.

لەو چوارچێوەیەدا ئێمە وەک کەجەدەکە ئەوروپا رۆژی چوارشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١ و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ بە کاتی بروکسل لە یوتیوب کەناڵێک بە ناوی KCDK-E TV دەکەینەو و یەکەم بە رنامەى بە ناوی "شوێن پێی راستی" بە پێشکەشکاریی کەرەم چفتچی و بە بەشداریی هاوسەرۆکی کەجەدەکە ئەوروپا بەڕێز یوکسەل کۆچ دەستپێدەکات.

لە ٣ی ئاداردا گفتوگۆ لەبارەی "تێکشکاندنی دەوڵەتی تورک لە گارە و هەوڵە تێکدەری و ئاژاوەگێڕییەکانیان لە ئەوروپا" دەکرێت.

ژ.ت