لە بەلوچەکان سەرهەڵدانە ، بینای قائیمقامیەتی سەروان کۆنترۆڵ کرا

دوێنی چەکدارانی ڕژمی ئێران لە ناوچەی سنووری سەراوان لە پارێزگەی بەلوچستان دەستیان دایە کۆمەڵکوژیی بەلووچەکان و لە ئەنجامدا ١٠ کەس کوژران و ٥کەسی تریش بریندار بوون. سەرچاوە هەرێمییەکان باس لە زۆرتربوونی ژمارەی قوربانییەکان دەکەن.

بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر کوشتاری باربەر (سوختبەر)ـانی بەلوچ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێرانەوە، سەدان هاوڵاتی بەلوچ خۆپیشاندانیان کرد و چوونەناو بینای قائمقامیەتی شاری سەراوان و دەستیان بەسەریداگرت.

دوێنێ هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران لە شاری سەراوانی سەربە پارێزگای بەلوچستان، هێرشیان کردە سەر باربەر (سوختبەر)ـانی بەلوچ و بەپێ ئامارە دەستپێکەکان، ١٠ کەسیان کوشتوە و ٥ دیکەشیان بریندارکردوە.

دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ دوێنێ بۆ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی بانگەوازییەکی بڵاوکردەوە، تا ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار بکرێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، دەسەڵاتی ئێران ئەمڕۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەکانی لە ترسی ئەو خۆپیشاندانە داخستوە و هێزێکی زۆری ئەمنیی ڕەوانەی شاری سەراوان کردوە.

سەرەڕای کەشی سەربازیی و ڕێگرییەکانی دەسەڵات، بە سەدان هاوڵاتی بەلوچ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەو تاوانە، ڕژانە شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان و هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران، ئاڵۆزیی لەو شارە کەوتەوە و خەڵک بەرەو ناوەندە ئیداریی و سەربازییەکانی دەسەڵات لە شارەکە بەڕێکەوتن.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارگەی قودسی سوپای پاسداران، ناوەندی پۆلیس و چەند دامەزراوە و فەرمانگەیەکی دیکە، لەو شارە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گەمارۆ دراوە و لە سەربانی بیناکانەوە دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران دەکرێت.

خۆپیشاندەران کە لە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات و ئەو تاوانەی بەرامبەر ڕۆڵەکانیان کرابوو تووڕە بوون، بە تووڕەییەوە بەرەو قائمقامێتی ( فەرمانداری)شاری سەراوان بەڕێکەوتن و توانییان بچنە ناو بیناکە و دەستی بەسەردا بگرن.

لە ئێستادا دۆخی ئەو شارە ئاڵۆزە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دەسەڵات هێزێکی زیاتری پشتیوانیی ڕەوانەی ئەو شارە کردووە، باسیش لەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر شارەکەوەر ناماوە و شارەکە لە ئێستدا لە کۆنترۆڵی گەل دایە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم سەرهەڵدانە لە ئاستی ئێران دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و چالاکوانانی بەلوچ و کەسایەتییە سیاسییەکان داوایان لە هەموو گەلانی ئێران کردووە کە پشتیوانی لە سەرهەڵدانی هاوڵاتیانی بەلوچ بکەن، بەرامبەر دڕاندایەتی دەسەڵات دژی سوختبەرانی بەلوچ.

ک-ش