لە گارە چی روویدا؛ گەریلا بە ڤیدیۆ باسی شەڕەکەى گارە دەکات

دوای هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر گارە ڤیدیۆی شوێن پێی سوپای تورک، کەلوپەلەکانیان و ئەو ئەشکەوتەی، کە ١٣ سەربازی تیادا دیل بوو، تۆمار کرا. گەریلاکانی قۆڵی هێرش باسی ٤ رۆژ هێرش و بەرخودانی گارە دەکەن.

هێرشی داگیرکەری بۆ سەر گارە لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ دا دەستیپێکرد و سوپای تورک ناچار بوو لە بەرامبەر گەریلادا لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢١ دا بکشێتەوە.

فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاندبوو، دەوڵەتی تورک لە ٤ رۆژدا بۆردومانێکی چڕی لە دژی گارە ئەنجامدا و خواستی لەو رێگەیەوە ناوچەکە چۆڵ بکرێت و بە شێوەیەکی هەمیشەى خۆی تیادا جێگیر بکات و هەم دیلەکانی ژێر دەستی گەریلا وەربگرێت.

نەپەگە رایگەیاند، بە دەیان فڕۆکەى جەنگەی و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی چاودێری و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و ٦ گەریلای پاسەوانی دیلەکان لە نزیک گوندی سیانێ و بە گشتی لە هێرشەکاندا ١٥ گەریلا شەهید بوون. نەپەگە رایگەیاند، ئەوەندەی روون بووەتەوە ٣٧ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژراون. هەروەها گورز لە ٢ کۆپتەری سکۆرسکی دراوە و ناچار بوون لە ناوچەکە بکشێنەوە. لە راگەیاندراوەکەى نەپەگەدا هاتبوو، "بەرخودانی گارە، بەرخودانێکی گەورە و مێژوویی بوو، کە لە دژی تەکنەلۆژیای سەردەم، بە ئافرێنەری و خوڵقکاری و ئیرادەی جەنگاوەری و بە ئایدۆلۆژیایی ئاپۆیی رازێنرایەوە و گەریلا ئەوەی بۆ هەموان سەلماند".

دیمەن و ڤیدیۆی پاشماوەى داگیرکەرییەکە

لە دوای تێکشکاندنی سەربازانی تورک، تەنها هەڵوەشاندنەوە و کاولکاریی دوای بۆردومانەکانیان و کەلوپەل و کەرەستەى سەربازییان لە دوا بەجێماوە و رایانکرد. گەریلا هۆگر مەد ئەو بەردانەى بەهۆی بۆردومانەکانەوە تێکشکاون، ئەو دارانەى بڕوانەتەوە، ئەو کەلوپەل و کەرەستە سەربازییانەی، کە لە داگیرکەران بە جێماون، شوێنێک کە شەڕێکی قورس تیایدا روویداوە و ئەو شوێنانەى سەربازەکانی تیادا کوژراون، نیشان دەدەن.

'هەڤاڵ، رۆکێت بە کار نەهێنراوە، هەموو شوێنێک بە ناپاڵم بۆردومان کراوە"

مەد دەورووبەرەکەی نیشان دەدات و دەڵێت، "هەڤاڵ رۆکێت بەکار نەهێنراوە، هەموو شوێنەکان بە ناپاڵم بۆردومان کراون".

مەد لە ناو تەم و مژدا بە جلوبەرگی تایبەت بە خۆ شاردنەوە بۆ کامێرا قسە دەکات و لەلایەکی تریشەوە دەستێکی لەسەر چەکەکەیەتی.

مەد دەڵێت، "١٠ی شوبات لە ناوچەى گارە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان بە ناوی "پەنجەى هەڵۆ – ٢" دەستیپێکرد. سەرەتا بە دەیان فڕۆکەى چاودێری و بە پێشکەوتوترین بۆمب ناوچەکەیان بۆردومانکرد" و بە دەستی خۆی دەورووبەر نیشان دەدات و دەڵێت، ناوچەکە سەر لە بەیانی بە کۆپتەرە جەنگییەکانی کۆبرا بۆردومانکران.

حساباتەکانیان یەکی نەگرتەوە

شوێنی بۆردومانەکان هێشتا وەک خۆیان دیارن. دارە سوتاوەکان و داڕە بڕاوەکان...

مەد لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "دوای ئەوەش خواستیان سەربازەکانیان لە ناوچەکە دابەزێنن، بەڵام ئەو حساباتەى لە ئەنقەرە بۆ ناوچەکەیان کردبوو، لەگەڵ دۆخەکە و راستیەیکەدا یەکی نەگرتەوە. کاتێک هاتن بۆ ناوچەکە و هەوڵیاندا سەربازەکانیان دابەزێنن، رووبەڕووی بەرخودانی گەریلا بوونەوە. لە میدیاکانی خۆیاندا رایانگەیاند، چەند بەرپرسێکی باڵایان کوژراون، بەڵام ئەوە راست نییە و زۆر زیاتر لەوەیان لێ کوژراوە. وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک هەموو کات هەوڵ دەدات بە درۆ کۆمەڵگەى خۆی و رای گشتی فریو بدات. دوای ئەوەى نەیانتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنن، کە دەیانخواست و لە ناچاریدا وتیان، 'ئۆپراسیۆنەکە بۆ خاڵێک بووە و راهێنانێک بووە بۆ هێرش لە دژی قەندیل' و بەو شێوەیە هەوڵیان دا شکستەکەیان بشارنەوە و لەو رێگەیەوە رای گشتی فریو بدەن".

بە دەستی خۆیان سەربازەکانی خۆیان کوشت

مەد لەبەردەوامیدا کامپی دیلەکانی ژێر دەستی هەپەگەى نیشان دەدات و دەڵێت، "وەک دەبینرێت، ئێرە کامپی دیلەکانی دەستی هەپەگە بوو. وەک لە ڤیدیۆکان و دیمەنەکاندا دەبینرێت ئەوە روون دەبێتەوە، کە هەوڵیانداوە کۆمەڵکوژییەکی گەورە ئەنجام بدەن. سەربازەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان کوشتووە. سەرباری ئەوەى هەوڵ دەدەن ئەوانە وەک کەسانی مەدەنی نیشان بدەن، بەڵام ئەوە راستییەکە نییە".

مەد باسی ئەوەیکرد، سەربازانی تورک نەیانتوانی لەم ناوچەیەدا پێ بگیرێت و خۆیان جێگیر بکەن، بۆیە بۆردومانێکی چڕیان لە دژی ئەم ناوچەیە ئەنجامدا و پارچەی بۆمبەکان لە ناوچەکە نیشاندا و وتی:

"هەر ئەو کاتەى هەوڵیاندا سەربازەکانیان دابەزێنن، لەلایەن هەڤاڵانەوە گورزی گەورە و قورسیان لێدرا و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا. هەر لەگەڵ دابەزینیاندا تووشی شۆکێکی گەورە بوون.  وایان لێکرا، کە نەیاندەزانی چی بکەن. لە ڤیدیۆکانیشدا دەبینرێت، کە ناتوانن لە ناوچەکە بمێننەوە و خۆیان جێگیر بکەن. بە بەرخودانی هەڤاڵان لە ناوچەکە عاسێ بوون و گیریانخوارد و بە پارچەى بۆمبەکانیشدا ئەوە روون دەبێتەوە، کە بۆردومانێکی زۆر چڕ و قورسیان ئەنجامداوە. گازیان بەکار هێناوە. لە ئەنجامی بەکارهێنانی گاز و بۆردومانەکاندا دیلەکان لە ناوچوون. ئەوانیان بە ئەنقەست کوشت و دواتر هەوڵیاندا ئەوە بخەنە ئەستۆی ئێمە.

هەڤاڵان بە رێبازی سەردەمی نوێ ئەو تکنەلۆژیا زەبەلاحەیان پووچ کردەوە. سەرباری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو، بەڵام گەریلا گورزی قورسی لێدان. ٣ رۆژ لێرە جەنگێکی قورس روویدا، گەریلا بەرخودانێکی گەورەیان ئەنجامدا. هێزەکانمان لە هەموو لایەکەوە ئەو چالاکییەیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ناچار بوون لە ناوچەکە بکشێنەوە. گەریلا بە رێباز و تاکتیکی سەردەمی نوێ، بە تاکتیکی خۆ شاردنەوەی قوڵ و چڕ بە بەردەوامی گورز لە دوژمن درا و تۆڵەیەکی مێژووییان لێکردنەوە".

دارەکانیان بڕییەوە

مەد نیشانی دەدات چوونەتە دۆڵەکە و مەد دەڵێت، "هەر خۆی لێرە نەیانتوانی زۆر بەرەو پێش بڕۆن" و ئەو دارانەى لەم دۆڵەدا بوون بە دەستی خۆیان بڕییاننەوە. سەربازەکان نەیاندەتوانی زۆر لە ئەشکەوتەکە نزیک ببنەوە، چونکە گورزی گەورە و قورسیان لێدرابوو و تی، "بۆ ئەوەى بتوانن دەورووبەری خۆیان ببین دەستیانکرد بە تێکدان و تاڵانکردنی ژینگە، ژمارەیەکی زۆر داریان بڕییەوە. لە ڤیدیۆکانیشدا ئەوە روون دەبێتەوە، کە دارەکان تازە بە تازە بڕاونەتەوە. لە ترسی گەریلا دارەکانی دەورووبەری خۆیان بڕییەوە. بەو شێوەیە هەوڵیاندا خۆیان بەسەر دەرووبەرەکەیاندا زاڵ بکەن، بەڵام هەڤاڵان رێگایان پێ نەدان".

نەیانتوانی دەمی ئەو گوێنیانەش بکەنەوە کە بۆ دروستکردنی سەنگەر لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان

گەریلا مەد دواتر ئەو گوێنیانەی پیشاندا کە سەربازی تورک لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان. مەد وتی، " ئەو گوێنیانەیان بۆ دروستکردنی سەنگەر لەگەڵ خۆیاندا هێنایان" و ئاماژەی بە ئەو گوێنیانە کرد کە دەمیشیان نەکرایەوە، "دەرفەتیان نەبینی دەمی گوێنیەکانیش بکەنەوە کە بۆ دروستکردنی سەنگەر هێنابوویان."

لەناو ئەو کەلوپەلانەی کە گەریلا مەد نیشانیدا، خاکئەنداز، بویر و کەلوپەلی دیکە هەبوون و وتی، "وەک ئەوەی بینرا، خاکئەنداز، بویر و کەلوپەلی دیکەیان بۆ سەنگەر دروستکردنیان هێنابوو. وەک دەبینرێت هێشتا نوێن. لەبەرئەوەی هەڤاڵان دەرفەتیان نەدا کە بتوانن بەکاریان بهێنن. لە دیمەنەکان کە دەبینرێن لە چ دۆخێکدابوون، چ ئاستەنگیەکیان بینی و گەریلاکان چۆن تەنگەتاویانیان کردن. دەرفەتی ئەوەیان نەبوو کە کار بکەن."

لەناو ئەو کەلوپەلانەی کە دەستیان بەسەرداگیرا، دەستکێش، بۆمبی گازی، مەخزەن، ماسکی گاز، کەلوپەلی تەندروستی، بەرگی خۆشاردنەوە، بۆمبی دەستی، هێلەک و موعەلەبات هەبوون.

میرکان کارگەر: لەگەڵ ئەوەی کەشف هەبوو، ئێمە هێرشمان کرد

گەریلا میرکان کارگەر و شۆرش زەریانیش باسی کاتی هێرشی داگیرکەریان کرد. کارگەر رایگەیاند، هێرشە سەرلەبەیانی کاتژمێر ٠٣:٠٠ دەستیپێکرد و هەرێمەکە بە سەختی بۆردومانکرا.

کارگەر بەم شێوەیە بەردەوامی قسەکانیدا:

"لەو جێگایەی کە ئێمە لێی دەماین، بە دەیان جار بە بۆمبی قازان بۆردومانکرا. بەڵام گەریلا لە سەرەتادا ئامادەکاری کردبوو، رێوشوێنمان گرتبووەبەر. ئەمە بۆ دوژمن کێشەیە. کاتێک چووینە گۆڕەپانەکە، نزیکەی ١٠ فڕۆکەی کەشف بەسەر سەرمانەوە بوون. گروپ گروپ هێرشمان کردە سەر دوژمن. دوژمنێکی ترسنوکە. دوژمنێکی وانییە کە بتوانێت شەڕ بکات و بتوانێت لێتبدات."

'ئێمە ترسی ئەوان و فیداکاری گەریلامان بینی'

کارگەر وتیشی، بە فڕۆکە و هەلیکۆپتەر هەرێمەکە بۆردومانکرا و وتی، "لەوێ بینیمان کە فڕۆکە و کۆبرا و فڕۆکەی کەشف، لەبەردەم ئیرادەی گەریلا ناتوانن بوەستنەوە. بینیمان چۆن ترسان و فیداکاری هەڤاڵانمان بینی."

گەریلا کارگەر کە جلی شاردنەوەی لەبەردایە، کاتێک قسەی دەکرد، جارێکیتر بە جیهاز پەیوەندی پێوەکرا.

کارگەر چەکەکەی لەسەر ڕانی دانا و بەم شێوەیە قسەی کرد:

"ئەوان دەیانویست هەرێمەکە گەمارۆ بدەن، بەڵام ئێمە بە شێوەیەکی زۆر گەورە گەمارۆماندان. ئەو جێگەیەی کە  دوژمنیان لەوێدانا، لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەش پشتگیری ئەوانی دەکرد، جێگای خۆیان چۆڵ کرد. بەرەو دۆڵەکان چوون. جێگای هەڵهاتنیان نەبوو، هەڤالان لە هەموو جێگایەک لەوانیاندا. شەڕێکی زۆر قوڕس لە گارە روویدا. لە شەڕەکەدا بیگۆمان ئیرادەی پۆڵایینی گەریلامان بینی. بێئیرادەیی دوژمنمان بینی، بێمتمانەیی دوژمنمان بینی."

کارگەر پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەریلایانە کرد کە بەشداریان لە بەرخۆدانەکەدا کردووە و بە تایبەتی گەریلا شۆرشی وەک نمونە نیشاندا. شۆرش کە بەرپرسی کەمپی دیلەکان بوو، لە شەڕەکەدا شەهید بوو.

کارگەری دەلێت:

'لە هەرێمەکە داستان نوسرانەوە'

"کاتێک دوژمن لە گردێکی دەدا، شۆرش لەژێر ٦ فڕۆکەی کەشف، کۆبرا و فڕۆکەی شەڕ، هێرشی دەکردە سەر دوژمن. لە دوژمنیدا. واتە کەسێک بە تەنها ئەو گردەی بە دوژمن چۆڵ کرد. دەنگەدەنگی ئەوان، هەڵهاتنیان، ترسنوکیان، بەدیار کەوت. ئەوان بڕوایان نەدەکرد، پشتیان بە هێزی ئاسمانیانەوە دەبەست، بە تەکنیکی خۆیان متمانەیان هەبوو. بە هێزی خیانەت کە پشتگیریان دەکرد، متمانەیان هەبوو. دەیانگوت 'گارەمان گەمارۆ داوە، برسیان دەکەین، دواتر بەدیل دەیانگرین. بەڵام هەڵهاتن."

کارگەر ئەوەی خستەڕوو، سوپای تورک بۆ ئەوەی گروپەکانی کە لە ناوچەکە گیریان خواردبوو، ڕزگار بکات، هەرێمەکەی بە سەختی بۆردومان کرد و وتی، "داستانێکی گەورە لەوێ تۆمارکرا. چار ڕۆژ، هەموو ڕۆژێک گەریلا داستانی تۆمار دەکرد. گەریلا بەو سەرمایە، بەو بێدەرفەتیە، بەڵام وەک هێزێکی پرۆفیشناڵ خۆی پیشاندا."

هەموو گەریلاکان دەستیان بە جوڵە نەکرد، بە تەنها لە چەند لایەکەوە لێیاندا

گەریلا کارگەر رایگەیاند، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، گەریلاکان لە گارە، هەمووان دەستیان بە جووڵە نەکرد و وتی، "بە تەنها لە چەند لایەکەوە، گەریلا لەوانیدا. ئەوانیان پەریشان کرد. نەیانزانی بۆ کوێ هەڵبێن. خۆی ئێمە متمانەمان بە هێزی خۆمان هەیە. ئێمە بڕوامان بە ئیرادەی خۆمان هەیە. هەموو شتێک بە فەلسەفەی سەرۆکایەتی، ئیرادەی بەهێزەوە دەکەین. ئێمە ناتونن لەبەرانبەرمان بوەستنەوە. ئێمە بینیمان، هاوار و قیژە قیژی ئەوانمان بینی. لە بەرزاییەکانەوە، بەرەو خوارەوە گێڕ دەبوون. خۆیاندەشاردەوە. کون بە کون ئێمە بەدوایاندا دەگەڕاین. چەند جاریش بێن، وایان لێدەکەین. پەرێشانیان دەکەین. جارێکیتر ئەوێ دەکەینە جەهنەمی دوژمن. ئێمە بە ٢٠ کەسەوە هەموویانمان گەماڕۆدا و پەرێشان بوو."

کارگەر دەڵێت، "گەلەکەمان با بەم سەرکەوتنە و ئیرادەیە خۆشحاڵ بێت، لەبەرانبەر دوژمن ئیرادەی بەهێز بکات و لەگەڵ گەریلا بێت و وتی، "پێویستە گەنجانی کورد، هێز لەم ئیرادەیە وەربگرن. پێویستە پشتگیری بکەن و بەشداری بکەن. ئێدی بەسە، تا کەی فاشیزم بەردەوام بێت؟

ئێمە ڕێکخستنێکی سیاسی و خاوەن ئەخلاقین

کارگەر ئاماژەی بەو بانگەشەیەی کە دەڵێن ' یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە رزگارکردنی دیلەکان بوو' و وتی، " دیلەکان چار، پێنج ساڵە لە دەستی ئێمەدان، بۆچی ئەوانمان نەکوشت؟ هەموو کەسێک پەکەکە دەناسێت. پەکەکە بە ئەخلاق و دڵسۆزی خۆی لە جیهان نمونەیە. ئێمە وەک دەوڵەتی تورک نین، ئێمە زیندانیان ئەشکەنجە ناکەین. هەڵویستی بێئەخلاقی لەبەرانبەر زیندانیان قبوڵ ناکەین. با بچن و گوێ لەو کەسانە بگرن کە دەستگیرکرابوون و ئازادکراون. پەکەکە چی لە کێ کردووە؟ چوار ساڵە نەیانکوشتون، ئێستا بۆ بکوژرێن؟ بەڵام دەوڵەتی تورک، کەمپەکەی بەسەر ئەواندا رووخاند. زیاتر لە ١٠ جار کەمپەکەیان بۆردومانکرا. لە ناوەوەش گازی کیمیاییان بەکارهێنا. تەرمی کەسی خۆیانیان سووتاند. پۆلیس بوون، ئەندامانی میت بوون، خایین بوون. لە دەستی ئێمەدابوون. دەستیان بە خوێنی هەڤاڵانمان سوور بوو، بەڵام ئێمە نەمانکوشتن و ئەوانمان ئەشکەنجە نەکرد. بەلام سەرنج بدەنە سەر سەربازانی ئەوان، هەندێک جار دووری ١٠ مەتر نێوانمان بوو. دەمانبیست، قسەی ناشرین نەدەما کە بە یەکتری نەڵێن. ئەو شتانەی کە بە یەکتریان دەوت، بێئەخلاقی بوو. هەروەها لە زیندانەکانی ئەوان، ئەشکەنجە هەیە. مێژووی دەوڵەتی تورک دیارە، دەزانرێت کە چییان کردووە. با زیندانی ئامەد بەبیرمان بهێنینەوە. ئێمە وەک دەوڵەتی تورک نین. ئێمە رێکخستنێکی سیاسی و خاوەن ئەخلاقین."

شۆرش زەریان: نەکشانەوە، هەڵهاتن

شۆرش زەریان کە لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە، لەگەڵ گروپێکی هێرشی گەریلادا بوو، رایگەیاند، سەربازانی تورک لەناو گەمارۆی گەریلادا، دەستیان لە تەرمەکانیان هەڵگرت و هەڵهاتن.

گەریلا زەرین لەبارەی هێرشی داگیرکەری گارە و بەرخۆدانی گەریلا بەم شێوەیە قسەی کرد:

"سەرلەبەیانی ٠٣:٠٠، ٤٠ فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی کەشف، لە گارە دەستی بە ئۆپەڕاسیۆن کرا.

بە سەختی هێرش ئەنجامدرا. شەڕی بەڕەوروو زۆر ڕووینەدا. زیاتر تەکنیکی بوو. هەڤاڵان لەژێر کەشفێکی چڕوپڕدا خۆیان گەیاندە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە. دۆخێکی پیرۆز بوو. ئێمە لە باڵی هێرشکردندا بووین. لە چەند بەرەیەوە، هێرشمان کردە سەریان. دوژمن کوژراوەکانی بەجێهێشت و هەڵهاتن، نەیتوانی بەرگری بکات. کاتێک گەمارۆدران، نەیانزانی بەرەو کوێ بڕۆن. بۆیەش ئۆپەڕاسیۆنەکەیان فەشەلی هێنا. ئەوەی کە کردیان کشانەوە نەبوو، هەڵهاتن بوو. تەرمەکانیان لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا بەجێمان. وەک بینیمان هەندێکیان پلەبەرز بوون، وەک ئەفسەر و پلەبەرز بوون. لەژێر کەشف و هێرشی ئاسمانی قوڕسدا، گەریلا بە ئاسانی خۆی گەیاندە ناوچەکە، ئەوێ هەرێمی گەریلایە، ئەو دەڤەرانە باش دەناسێت. لە ناوچەی سیان، ئەشکەوتێک هەبوو کە دیلەکانی تێدابوو. دیلەکان لە ئەندامانی میت، سەرباز، پۆلیس و خایینەکان کە دەستیان بە خوێنی هەڤاڵانمان سوورە، هەبوون. دەوڵەتی تورک ئەوانیشی کوشت."

ف.ق / ژ.ت