لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ٣١ کەس کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران؛ لە بارەی ناڕەزایەتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد تا ئێستا لانیکەم ٣١ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات ڕێگری لە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ئێران بکەن و  دەسڵێت: ئیدانەکردن و دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیتر بەس نییە. پێویستە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو کەسانەی کە پابەندن بە مافی مرۆڤەوە، پشتیوانی لە داخوازییەکانی گەلی ئێران بکەن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ناڕەزایەتییەکاندا کە ئەمڕۆ لە شەشەم ڕۆژیدا بەردەوامە تا ئێستا لانیکەم ٣١ خۆپیشاندەر کوژراون.

ئاماژەی بەوەکردووە تا ئێستا لە زیاتر لە ٣٠ شاری گەورەی وڵاتەکدا بەردەوامە و دەڵێت: لە سەقز، دێهگۆلان، مەهاباد، ورمێ، یەک کەرەج، پیرانشار، کرماشان، شنۆ، قوچان، بەندەر ئەنزەلی، تەبرێز، ئیلام، هەریەکەیان یەک کەس گیانی لەدەستداوە و شەش کەس لە بابلو ١١ کەسیش لە ئامۆل تۆمارکراوە.

بە گوێرەی وتەی سەرچاوەکانی ڕێکخراوەکە خۆپیشاندانەکان لە ئامۆل زۆر بە توندوتیژی وەڵامدراوەتەوە و نزیکەی ٧٠ کەسیش دەستگیرکراون.

 ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە زۆری ڕێژەی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە دەڵێت لە تارانیش بە سەدان ژن دەستگیرکراون، باسی لە ڕێگری و خراپبونی هێڵەکانی ئینتەرنێتیش لەو وڵاتەکەداکردووە.

 ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە لە کاتێکدایە کە باس لە ژمارەیەکی زۆری کوژراو دەکرێت بەڵام بەهۆکاری شاردنەوەی حکومەتی ئێران و خراپی هێڵەکانی ئینتەرنێت زانیاریەکان پشتڕاست کراوە نین، ئەوە جگە لەوەی زانیاری لەسەر بریندار و دەستگیرکراوەکانیش لەبەردەست نیە.

خۆپیشاندانەکان دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقزی کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەقزەوە بۆ دیداری کەسوکارەکەی گەشتی کردبوو بۆتاران و لەوێ لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا کەوتە حاڵەتی کۆما و دوای دوو ڕۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ف.ق