لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەکات

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی( ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکەی بادینان دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمنستی دەڵێت، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هەریوان ئیسا، ئەیاز کەرەم و شڤان سەعید لە ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەر سەپێنرا.

ئەمنستی ئەو دادگاییە بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئێستا ئەو ٥ ڕۆژنامەنووسە مانگرتن-یان لە خواردندان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانی بڕیاری پێداچوونەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت تا ١٦ی ئازار لە مانگرتن بەردەوام بن، هەروەها داواش دەکات ئەو سزادراوانە بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

لە نامەکەی ئەمنستیدا کە بۆ دیندار زێباری سەرۆکی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم نێردراوە دەڵێت: ئەو سزادراوانە، لە خانە قەرەباڵغەکانی زینداندا دەستبەسەرن کە هیچ ژوورێکیان نییە بۆ خەوتن، وەستان یان بە پێ ڕۆشتن، لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ زیندانی دیکە کە لە وەها هەلومەرجێکدا ڕۆژنامەوانان و دەستبەسەرکراوانی دیکە بە تایبەتی کە ئەوانەی نەخۆشن، مەترسییە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩.

 هەروەها دەڵێت: ئەندامانی ئاسایش بە پێچەوانەوە بە ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە شێروان شێروانییان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا لە شاری هەولێر دەستگیر کردووە، چوارەکەی دیکە لە ڕۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ له شاری دهۆک بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە خۆپێشاندان دەستگیر کراون.

هەروەها بۆ دیندار زێباری دەنوسێت، لە ماوەی دەستبەسەرکردنەکەیاندا ئەو پێنج ڕۆژنامەنووسە، هەندێکیان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەستیان بە پارێزەر و کەسوکارەکانیان نەگەیشتووە، هەروەها دواتر ئەو دەستگیرکراوانە ڕایانگەیاندووە، سزا دراون، لە کاتی دادگاییکردنەکەشیاندا بە ناچاری واژۆیان لەسەر تۆمەتەکان کردووە کە ڕوبەڕوویان کراوەتەوە.

ئەمنستی دەشڵێت، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ یان شوێنی کاری ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستگیری کردوون، تەنانەت گوهدار زێباری دەست و چاویان بەستووە و فەمانی دادگاشیان پێنەبووە کاتێ دەستگیریان کردووە.

هەروەها دەڵێت، دادگاکە بڕیاری ئەوەشیداوە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای تەواوبوونی سزاکانیان، دەست بەسەر مۆبایل و لاپتۆپ و کامێراکانی ئەو کەسانەدا دەگیرێت.

لە کۆتاییشدا دەڵێت، دادگا بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەستاوە بە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەیهان سەعید برای شڤان سەعید و دیفاع هەرکی و قائید حوسێن کە هەرسێکیان ڕۆژنامەنوسن دەرکراوە.

ک-ش