نەمسا سیخوڕێکی دەوڵەتی تورکی دیپۆرتکرد، کە ئەرکی کوشتنی ٣ رەخنەگری ئەردۆغانی پێدرابوو

هاووڵاتییەکی ئیتالیی بە رەچەڵک تورک، کە لەلایەن رژێمی ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کوشتنی رەخنەگرانی ئەردۆغان و ئاکەپە لە نەمسا ئەرکدار کرابوو، لە دوای ئاشکرابوونی پلانەکەى لەلایەن حکومەتی نەمساوە، لە نەمسا دیپۆرتی ئیتالیا کرایەوە.

چاوەڕێ دەکرا دانیشتنی دادگایکردنی ٣ سیخوڕیی دەوڵەتی تورک، کە ئەرکدار کرابوون بۆ کوشتنی رەخنەگرانی ئەردۆغان و ئاکەپە، بەڕێوەبچێت، بەڵام راگەیاندرا، ئەو سیخوڕانە دیپۆرتکراونەتەوە.

پارێزەر ڤیرۆنیکا ئۆژڤارۆسی بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی رایگەیاند، "بەرپرسان بەو بۆچوونە گەیشتن، کە بۆ ئاسایشی گشتی و جەماوەری مەترسییە و پێش سەری ساڵ بردوویانە و لەسەر سنووری ئیتالیا دیپۆرتیان کردووەتەوە بۆ ئیتالیا".

ئاشکرابوونی پلانی کوشتنی ٣ کەس لە رەخنەگرانی ئەردۆغان دوای ئەوە ئاشکرا بوو بوو، کە فەیاز ئۆزتورکی تەمەن ٥٣ ساڵ و سیخوڕی تورک چووبوو بۆ لای هەواڵگریی نەمسا و خۆی رادەستکردبوون و دانی بەوەدا نابوو، کە ئەرکدارکراوە بۆ کوشتنی ٣ کەسی رەخنەگری سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان.

لەو بارەیەوە بێریڤان ئاسلان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا رایگەیاندبوو، بۆ خۆی یەکێک لەو کەسانەیە، کە لە ئامانجی ئەو پلانەدا بووە.

داواکاری گشتیی نەمسا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠دا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و ئۆزتورکی بە "سیخوڕی هێزێکی بیانی" تاوانبارکرد. ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو ٢ ساڵ سزا بەسەر ئۆزتورک دا بسەپێنرێت.

ژ.ت