پارێزەران بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی سەردانی وەزارەتی دادیان کرد

پارێزەرانی نووسینگەى ئەسرین بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زیندانەکان و سەرۆکایەتیی بەشی مافی مرۆڤیان کرد.

پارێزەرانی نووسینگەى مافەکانی سەدە بۆ ئەوەى "خێرا و دەستبەجی چاوپێکەوتن" لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانی دیکە لە زیندانی ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش ئەنجام بدەن جارێکیتر داوای چاوپیکەوتنیان کرد. پارێزەران دوای سەردانەکەیان بۆ دادگای سزاکانی بورسا، سەردانی وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زیندانەکان و سەرۆکایەتیی بەشی مافی مرۆڤ کرد.  

پارێزەران لە سەردانەکەیاندا داوایانکرد لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنی نێوان پارێزەران و بنەماڵەکاندا بە شێوەی راستەوخۆ لەگەڵ موەکیلەکانیاندا چاوپێکەوتنی راستەخۆ ئەنجام بدرێت تاوەکو کۆتایی بە گومان و نیگەرانییەکانمان لەسەر ژیانی موەکیلەکانمان بێت.

 هەروەها پارێزەران لە سەردانەکەیاندا ڕایانگەیاند، ماوەی ٨ مانگە هیچ زانیارییەکیان لە ئۆجالان و هەر ٣ موەکیلەکەى دیکەیان  نییە. راشیانگەیاندبوو، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ژیان، دۆخی تەندروستی، دۆخی زیندان، دۆخی مافەکانیان، لایەنی یاساییان و ڕێوشوێنەکانی دژ بە پەتا (کۆرۆنا) لە زینداندا نییە.

 پارێزەران داوایان کرد، کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت و دیدار بە شێوەی راستەوخۆ ئەنجام بدرێت و راستەوخۆ چاویان بە موەکیلەکانیان بکەوێت.

  ئۆجالان بۆ یەکەم جار لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەنجامدا. لە دوای ئەوەى لە هەندێک لە میدیاکاندا هەندێک بابەت لەسەر ژیانی ئۆجالان بڵاوکرایەوە محەمەد ئۆجالان لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١دا لە رێگەى تەلەفونەوە بۆ روونبوونەوەى دۆخەکە پەیوەندیی بە براکەیەوە کردبوو. بەڵام محەمەد ئۆجالان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکە لە کاتی قسەکردن پچڕێنرا و پەیوەندییەکە بە نیوەناچڵی مایەوە. دوای ئەو پەیوەندییە هیچ دیدار و پەیوەندییەک لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام نەدراوە و هیچ هەواڵێکی نییە.

ژ.ت