پەکەکە حیزبی شەهیدانە و بە دڵنیاییەوە بڕوای شەهیدان ئازادیی گەلی کورد بەدی دەهێنێت -١-

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، پەکەکە پێگەى فەرمانی شەهیدانە و راشیگەیاند، "پەکەکە حیزبی شەهیدانە و بێگومان و بە دڵنیاییەوە پێوەر و بڕوایی شەهیدان ئازادیی گەلی کورد بەدی دەهێنێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، هەموو شەهیدێک لەناو پەکەکەدا بە بڕوایەکی زۆر بە حیزب و هاوڕێکانییەوە شەهید دەبێت و دەزانن شەهیدبوونیان دەبێتە هۆی پێشکەوتنی گەورە لە حیزب و تێکۆشاندا.  بایک راشیگەیاند: "گرنگترین خەسڵەت لە تێکۆشانی شەهیداندا ئەوەیە، کە پێوەرێک بە حیزبدا زیاد دەکەن و پێوەری فیدایبوون هەمیشە گەش دەکەن. شتێک، کە سەرکەوتن دەهێنێت و تێکۆشان گەش دەکات خەبات بەردەوام و ریشەدار دەکات و ناهێڵێت شکست بهێنێت لەو پێوەرانەن. تاوەکو پێوەری پێوەری شەهیدان هەبێت بێگومان و مسۆگەر تێکۆشانەکەمان سەردەکەوێت".

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە بەم شێوەیەیە:

رێبەر ئاپۆ تەنها کەسێک نییە

 - پەیوەندیی نێوان پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ چۆنە؟ لە ناو پەکەکە و پێشکەوتنەکاندا، کە ئەو ئافراندونی، ئێوە ڕۆڵ و ئەرک و پێگەی رێبەرایەتیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان چۆن لێکدەدەنەوە؟

پەکەکە پێشتر بە ئاپۆیی ناسرابوو. لە یەکەم وتەی بزووتنەوەکەمانەوە رێبەرایەتی مۆری خۆی لە هێڵی ئایدۆلۆژیک، تیۆریک و سیاسی دا. لە ڕووی فیکر، شێواز، ئوسلوب، میتۆد و پێگەوە، تێگەیشتن و کارەکتەری رێبەرایەتیی خۆی دەستنیشانکرد. ئێمە وەک شوێنکەوتووان و کەسانێکین، کە لەسەر بیرۆکە و فیکری ئەو بەشداریمان لە بزووتنەوەکەدا کردووە. ئێمە خوێندکاری زانکۆ بووین. کاریگەری بیروبۆچوونە سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە لەسەر ئێمە هەبوو. ئێمە کتێبمان لەسەر ئەوە دەخوێندەوە و چاودێریی کار و کردەوەکانیمان دەکرد. لە ڕووی دۆزی کوردەوە کەسانێک و مەیلی خاوەن فیکر هەبوون، بەڵام ئێمە گوێمان لە ڕێبەرایەتی گرت و ئێمە هزر و رامانەکانیمان بە دروست زانی. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی دامەزراندنی گروپی ئاپۆیی و پەکەکەوە و هەروەها لە بەشداری و گەشەپێدان و فراوانکردندا کاریگەریی خۆی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ تەنها کەسێک نییە، ئەوەی ئەو بەرجەستەى دەکات فیکر، شێواز، ئوسلوب، میتۆد و پێگەیە.

ئەگەر پەکەکە گەورە و سەرفراز و گەش بێت، لەوەدا پشکی ڕاستبوونی هەنگاوی گەورەی یەکەم و یەکلاکەرەوە هەیە. ڕەگەکان گرینگن، جەوهەر و ناوەرۆک گرینگە. خاک، گوڵ و لپەکانیش بە پێی ژینگەى خۆیان دروست دەکرێن، بۆیە لەدایک بوونی یەکەم زۆر گرنگە. هەر خۆی بۆ ئەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگا و بزووتنەوەیەک بناسن، مرۆڤ سەیری کات و سەردەمی دروستبوونی دەکات. ئەوە ڕاستییەکی سۆسیۆلۆژیای زانستییە. دەوترێت تەمەنی ٧ ساڵی چۆن بێت، تەمەنی ٧٠ ساڵیش هەر وا دەبێت. بێگومان گۆڕان هەیە، بەڵام ئەوەش بە دروستکردنی بناغەیەکی تایبەت لەسەر ریشە و رەگێک ئەنجام دەدرێت. هەندێک کەس دەڵێن، بۆچی ئاپۆ بەو رادە زۆرە کاریگەریی هەیە. ئەو بزووتنەوەکەی دروست کرد. ئەو رامان و بیرۆکە، تیۆری، ستراتیژی، سیاسەت و تاکتیکەکانی دیاری کرد. ئێمە دواتر پەیوەندیمان کرد، بەڵام ئێمە بەو فیکر و بیرۆکانە جوڵاینەوە و هەستاین. هاوکات ئێمە دەبووینە پاڵپشت و پشتیوانی بۆ ڕێبەر ئاپۆ. بێگومان ئێمە ناتوانین وەک ڕێبەر ئاپۆ بیر بکەینەوە و پراکتیزەشی بکەین و کاری پێ بکەین، بەڵام هەموو شت و بابەتە ئەرێنییەکانمان بە سایەی ڕێبەر ئاپۆ پێکهاتووە.  کەموکوڕیەکانیشمان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە نەگۆڕەکانی خۆمان.

ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە بزووتنەوەکەدا دەستپێشخەری و ئافرێنەری و هەڵمەتی دەستپێدەکرد. ئێمە هەوڵماندا شوێنی بکەوین و هێڵەکەى جێبەجێ بکەین. هەر خۆی لە هەر شوێنێکدا ئەگەر کەسێک پێشکەوتوو و کاریگەر بێت، ئەو مۆری خۆی لێدەدات. بە دڵنیاییەوە رەنج و هاوکاریی  و کاری هەموان و هاوبەشیکردن هەیە، بەڵام ئەو مۆری خۆی لێدەدات. ئەمەش واقیعێکی مێژووی مرۆڤایەتی و خەباتی سیاسی کۆمەڵگاکانە.

بە کەسایەتی، هێزی بیر و رامان و رەنجی خۆی

پەکەکە ملیۆنان کەسی کۆکردەوە و ڕێکیخستن و خستنیە سەر پێ. تێکۆشانی گەریلا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان بەهێزتر بووە و کاریگەریی زیاتر بووە، لە کاتی گروپی ئاپۆییدا ٣ بۆ ٥ و ١٠ بۆ ٢٠ کەس هەبوون، کاریگەری و ڕێز و دەسەڵاتی دیموکراتی لەناو پەکەکەدا لەو ئاستەدا بوو، کە کەمال و حەقی زووتر و پێشتر ڕێبەر ئاپۆ دەناسن. دوای ئەوەی ڕێبەر  ئاپۆ لە زیندان ئازاد کرا، کێشەی مانەوەی لە ماڵێک دا بۆ دروست دەبێت. ئەو خانووە، کە کەمال و حەقی تێیدا دەژین پێشنیار دەکرێت. ڕێبەر ئاپۆ دەچێتە ئەوێ. کەمال کاتێک باسی ئەو کاتەی دەکرد دەیوت: "لە یەکەم ڕۆژەوە کاریگەریی لەسەر ئێمە دروست کرد. دوای هەفتەیەک ئەو بوو بە بەڕێوەبەری ماڵەکە. لە ماوەی مانگێکدا ئێمە بیر و رامانەکانیمان قبوڵکرد" و بەوەش  تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەخاتەڕوو.

ڕێبەر ئاپۆ لە یەکەم ڕۆژەوە بە هێزی فکر و رامانی خۆی و تایبەتمەندیی رێبەرایەتییەکەى بە ڕێزەوە بە ڕۆڵی خۆی بە دوای چارەسەردا دەگەڕا و بە پراتیکی سەرکەوتوانەى خۆی دەرکەوتوەتە پێشەوە. ڕێبەر ئاپۆ بە کەسایەتیی خۆی و هێزی فیکر و رامانی خۆی و کارەکەی ڕۆڵی خۆی لە گروپەکەدا بەدەستهێنا. هەموو ئەوانەی چوونە ناو گروپەکەوە و گروپەکەیان ناسیەوە ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆیان بەو شێوەیە بینیوە. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە هانی داون و یارمەتیی پێویستی پێداون بۆ ئەوەی هاوڕێکانی کاریگەر و بەهێز بن. هیچ هاوڕێیەک نییە، کە لە ڕێبەر ئاپۆ هێز و ورەی وەرنەگرتبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەیوت، هاوڕێیەتیی راستەقینە ئەوەیە، کە هاوڕێیەتیی خۆی بەهێز بکات و ناوچاوانیان بگەیەنێتە ئەستێرەکان. ڕێبەر ئاپۆ بەو شێوەیە ڕاستی ڕێبەرایەتیی خۆی و شێوازی بەڕێوەبردنی پەکەکە و کادێرەکانی چەسپاند.

بە بێ ڕێبەر ئاپۆ ئەم بزووتنەوەیە ئەوەندە گەشاوە نەدەبوو

دەتوانرێت ئەمە بەڕوونی و ئاشکرا بوترێت، کە بەبێ ڕێبەر ئاپۆ ئەم بزووتنەوەیە ئەوەندە گەشاوە نەدەبوو و نەیدەتوانی بە کاتە سەخت و دژوارەکاندا تێپەڕێت. دوای کودەتا فاشیستی و سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلول پەکەکە لەسەر پێی خۆی مایەوە و لە ١٥ی تەباخ دا، کە هەڵمەتی گەریلایی نرا، ئەوە لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوویدا. هاوڕێیان لە زیندانەکاندا بڕوایان بە ڕێبەر ئاپۆ هەبوو و بەرخۆدانیان کرد. بەو ڕۆحەی رێبەر ئاپۆ دروستیکردبوو، بەرخۆدانی گەورەیان کرد و ڕێبەر ئاپۆ وتی: شۆڕشی کوردستان قورسە، ئەوانەی بتوانن لە ژێر ئەو قورسی و زەحمەتییە دەربچن دەتوانن پێشەنگایەتیی ئەم شۆڕشە بکەن و بەڕێوەی ببەن، بۆیە هاوڕێیانی زیندان لە سەختترین هەلومەرجدا بەرخۆدانیان کرد. پێش ئەوەی شەهیدبن ڕایانگەیاندبوو، ڕێبەر ئاپۆ بە دڵنیاییەوە ڕێکخستنەکە کۆ دەکاتەوە و تێکۆشان زیاتر و گەشتر دەکات. بڕوایان بەوە هەبوو، کە ڕێبەر ئاپۆ پەرە بە تێکۆشان دەدات و دەیگەشێنێتەوە و زۆر برەوی پێدەدات.

هیچ گرفت و دژوارییەک نەیتوانی ببێتە لەمیەر لە بەردەم ڕێبەر ئاپۆ دا

لە دوای ١٢ی ئەیلولەوە، کادیرانی پەکەکەی گەیاندە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنان و کەمپی فەلەستینیەکان. مەشقی گەریلا لە کامپەکانی فەلەستینییەکان کرا. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨٤دا پەکەکەش لە کودەتای فاشیستی و سەربازیی ١٢ی ئەیلول زیانی بەرکەوتبوو، بەڵام پێداگریکردن، خۆکۆکردنەوە و ڕێکخستنکردنی پەکەکە لەو کاتەدا بووە یەکێک لە گەورەترین کار و خەباتەکانی رێبەرایەتی لە مێژوودا. فاشیزمی سەربازی ١٢ی ئەیلول بەسەر کوردستان و تورکیادا زاڵ بوو بوو و جگە لە زیندانەکان لە هیچ شوێنێکدا هیچ شتێک نەدەکرا. لە تورکیا زۆربەی ڕێکخستنە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان بێ کاریگەر کران و لەناوبران. گروپە کوردییەکان لە دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولەوە وەک ئەوەى هەرگیز ئەو گروپانە نەبوو بن، نەمان. لەناو پەکەکەدا مەیلی پاکتاوکاری هەبوو، کە دەیانوت، ئیدی نابێت مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ وڵات و هیچ تێکۆشانێک نییە و ناکرێت و دەبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئاوارە و پەنابەر بین. لە کاتێکدا ئەوانە هەوڵیاندا پاشەکشە بە ڕێبەر ئاپۆ بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بەهۆی هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆوە، رێبەر ئاپۆ هاوڕێکانی کۆکردەوە و پێداگریی لەسەر تێکۆشان و ئامادەکاری بۆ تێکۆشان بە بڕیار و پێداگرییەوە ئەنجامدا و کاری بۆ کرد. هیچ دژواری و سەختییەک نەیتوانی ڕێگری لە ڕێبەر ئاپۆ بکات. ئەو بە شێواز، میتۆد، ئوسلوب و پێگەى خۆی کاریک و تێکۆشانێکی بەڕێوەبرد، کە نمونەى بە دەگمەن لە مێژوودا بینراوە. بۆ ئەوەی داگیرکەری پاکتاوکار بوەستێنرێت و دەست بە تێکۆشان بکات، زۆری و سەختی دایە خۆی، قورسی خستە سەر هەڤاڵةکانی خۆی  و بە دەرفەتێکی کەم و بچووکەوە کاری زۆری کرد و ئافراندنی نرخ و بەهاکانی بۆ خۆی کردە بنەما.

ژ.ت

****