پۆلیسی تاوانی ئەڵمانیا: ١٢٤ ئیسلامیی توندڕەوی مەترسیدار لە ئەڵمانیادا ئازادانە دەسوڕێنەوە

بەپێی ئاماری پۆلیسی ئەڵمانیا، ١٢٤ کەسی هاوشێوەی هێرشبەرە چەقۆوەشێنەکەی مانگی رابردووی دریسدن لە ئەڵمانیادا دەژین و لە توانایاندا هێرشی تاوانکارانەى لەو شێوەیەی دریسدن ئەنجام بدەن.

نووسینگەى پۆلیسی تاوانی فیدراڵی (بی کەی ئەی - BKA)ی ئەڵمانیا وەڵامی پرسیارەکانی حیزبی سەوزی لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا  دایەوە و رایگەیاند، ئێستا لە ئەڵمانیا ١٢٤ ئیسلامیی "مەترسیدار" هەیە. راشیگەیاند، ١٥١ ئیسلامیی تریش مەترسییان لە ئاستی "مەترسیی مامناوەدایە".

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەى دی ڤێلتی ئەڵمانیا، پۆلیس لەو بڕوایەدایە ئەو ئیسلامییانە دەتوانن هێرش و توندوتیژی و تاوان بۆ ئامانجی سیاسی ئەنجام بدەن.

دوای هێرشی چەقوەشێنێکی جیهادیی توندڕەوی ئیسلامی لە مانگی رابردوودا لە ئەڵمانیا، مشتومڕەکان لەسەر توندکردنەوەى چاودێریی کەسە ئایینە توندڕەوەکان دەستیپێکردووە. ئەو هێرشبەرە چەقۆوەشێنەى مانگی رابردوو لە دریسدنی ئەڵمانیا ئیسلامییەکی توندڕەوی سوری بوو، کە بە چەقۆوەشێنی کەسێکی کوشت و کەسێکی تریشی بریندار کرد.

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، ٢٤٠ کەسی ئایینی توندڕەو چاودێری دەکرێن، کە مەترسیدارن و توانای ئەنجامدانی تاوانیان هەیە. لەوانەش ١٣٥ کەسیان هەڵگری رەگەزنامەى ئەڵمانین، ٤١ کەسی تریان سورین، ١٧ کەسیان رووسین، ٧ کەسیان عێراق و ٧ کەسی تریشیان تورکن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو ئیسلامییانەى کە دەیانەوێت بڕۆن "ناوچە جیهادییەکان" مەترسیداربوونیان لە "ئاستێکی زۆر گەورەدایە".

ژ.ت