شیمشەک: پێویستە بەرەیەک لەدژی شەڕ دروست بکەین

گونول کورال شیمشەک سکرتێری دارایی کەسک رایگەیاند کە هۆکاری هەژاری لە تورکیا، سیاسەتی شەڕی دەسەڵاتە و وتی، "پێویستە لەدژی شەڕ بەرەیەکی بەهێز دروست بکرێت."

گونول کورال شیمشەک سکرتێری دارایی کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی کارمەندانی جەماوەری (کەسک) بۆ ئاژانسی هەواڵتی فورات (ANF) قسەی کرد.
 

شیمشەک بەبیری هێنایەوە کە بەشێکی زۆری بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ شەڕ تەرخان کراوە و وتی: ئاکەپە بەهۆی ئەوەی کەم دەهێنێت، بە سیاسەتی جەنگ و بە قسەی ناسیۆنالیستی کارمەندان لەیەک هەڵدەوەشێنێت و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات دەنگی خۆی زیاد بکات، بەڵام سیاسەتی جەنگ، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور چیتر لە لایەن کارمەندانەوە قبوڵ ناکرێت. ئەجێندای سەرەکی کارمەندان قەیرانی ئابووریە.

لەژێر سنووری هەژاریدان

شیمشەک ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتە ئابوورییەکانی دەسەڵات لە رووی سەرمایەداریەوەیە و وتی: هەندیک قسە دەکەن وەک ئەوەی دۆستی کارمەندان بن بەڵام بەهۆی سیاسەتە ئابوورییەکانیانەوە جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژار زیاتر دەکەن. کارمەندە گشتیەکان لە ژێر سنووری هەژاریدان. کەمترین مووچە گەیشتە ئاستێکی دیارینەکراو لە ماوەی چەند مانگێکدا. ئەگەر سوور بێت لەسەر ئەو سیاسەتانە هەژاری زیاد دەبێت و مووچەش زیاتر بێنرخ دەبێت."

حکومەت دوژمن دروست دەکات

شیمشەک ڕایگەیاند کە حکومەت لە ناوخۆ و دەرەوەدا دوژمن دروست دەکات و بەم شێوەیە خۆی لە رێگەی گێژاوەوە بەخێو دەکات و وتی، "هیچ شتێکی جیاواز نەماوە کە بەکاریبهێنێت. کاتێک پرۆسەی هەڵبژاردن دەسپێدەکات، دەیەوێت گێژاوەکە زیاتر بکات. هەروەها نموونەکانی ئەمە دەبینین، کردنەوەی دۆسیەی گەزی، ئەو سزایەی بەسەر جانان کەفتانجیئۆغلۆ سەپێنراوە، گۆڕانکارییە نوێیەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری، فشارەکانی سەر ئۆپۆزسیۆن. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە حکومەت چەندە تەنگاو بووە. دەستگیرکردنی ١٦ ڕۆژنامەنووس لە ئامەدیش بەشێکە لەم سیاسەتە."

کارمەندان پێویستە پێکەوە تێبکۆشن

گونول کورال شیمشەک سکرتێری دارایی کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی کارمەندانی جەماوەری (کەسک) راشیگەیاند کە پێویستە کارمەندان نەکەونە تەڵەی دەسەڵات و ئاماژەی بە گرنگی یەکهەڵوێستی لەدژی شەڕ کرد و وتی، : کارمەندانی کورد، تورک، عەرەب و هەموو گەلان جگە لە تێکۆشانی هاوبەش شانسێکی دیکەیان نییە. تاوەکو هەڵوێستێکی هاوبەش لەدژی شەڕ پیشان نەدەین، تاوەکو بەرەیەکی بەهێز لەدژی شەڕ دروست نەکەین، کارمەندان بە بەردەوامی جیاوازیان لەنێواندا دەکرێت."

ف.ق