ئاکەپە بەردەوامە لە گواستنەوەی پەنابەران بۆ سەر سنوور

بە بڕیاری ئاکەپە-مەهەپە هاتنی بە هەزاران پەنابەر کە گوازراونەتەوە بۆ شاری ئەدرنەی سەر سنووری پازارکولە، بەردەوامە.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئیدلب گورزی کوشتندەی بەرکەوت، حکومەتەکەی ئاکەپە پرسی کۆچبەران و پەنابەرانی جوڵاندەوە و لەم چوارچێوەیەدا شەپۆلی گواستنەوەیان بۆ سنووری ئەوروپا دەست پێکرد.

ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بە رێگای تەکسی، ئۆتوبوس و قیتار دەگوازرێنەوە بۆ شاری ئەدرنە رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە. لە ماوەی چەندین رۆژی رابردوودا بە هەزاران پەنابەر گوازراونەتەوە بۆ خاڵی سنووری پازارکولە و بە هۆی ئەوەی هێزەکانی سوپای یونان خاڵی سنووری کاستانیسیان داخستووە، بە سەدان پەنابەر لە ناوچە سەربازییەکانی سەر سنوور بە ناچاری ماونەتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێگای خاڵی سنووری پازارکولە کە داخرابوو، جارێکی دیکە کرایەوە. هێزەکانی جەندرمەی تورکی بە لابردنی بەربەستەکان رێگایان بۆ پەنابەران کردەوە کە دەرباز ببن. بە کردنەوەی رێگای تێپەڕاندنی سنوور، ئەو پەنابەرانەی لە ناوچەکە لە بارودۆخێکی خراپدا بوون، بەرەو خاڵی سنووریی پازارکولە بەڕی کەوتن.

خاڵی سنووری یونان کە هەتا بەر لە دوو رۆژیش هیزەکانی سوپای ئەو وڵاتە بە ئۆتوبوس بەربەستیان لە بەردەم خاڵی سنووری دروست کردبوو، سەر لە بەیانی دوێنێ، بە تەواوەتی بە تەلبەند داخرا. پەنابەرانیش کە لە خاڵی سنوری پازارکولە و دەوروبەری لە پشتی تەلبەندەکانەوە کۆ ببونەوە، لە نێوان و ئەوان و سەربازانی یونانیدا شەڕ و پێکدادان دروست بوو.

ز.ش